پەرلەمانتارانی سوید: دەبێت ئیدی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت

پەرلەمانتارانی سوید رایانگەیاند، دواى لێدوانى بەرپرسانی سوید لە سەر بکوژی ئۆلۆف پاڵمە، ئیدی دەبێت کورد لە ئەوروپا دەست بە هەوڵ و جموجوڵەکانى بکات بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر.

دۆسییەى کوشتنی ئۆلوف پاڵمە دواى ٣٤ ساڵ لە شاری ستۆکهۆڵم پایتەختی سوید لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا داخرا. لەبارەى گرنگیی ئەو بابەتەوە بۆ کورد و پەکەکە، ئێمە لەگەڵ نووسەران و سیاسەتمەدارانى سویدی و کوردستانی قسەمان کرد.

رۆژنامەنووس لارس بۆرگناس لە ساڵی ١٩٨٦ەوە چاودێریی دۆسیەى کوشتنی ئۆلوف پاڵمە دەکات و رایگەیاند، پۆلیسی ئاسایشی سوید (ساپۆ) یان با بڵێین، گروپێک لە ناو ساپۆدا پاڵمە-یان کوشت، چونکە پاڵمێ-یان بە هەڕەشەیەک بۆ سەر دەوڵەت دەزانی.

بۆرگناس راشیگەیاند، تاوانی کوشتنی پاڵمە سەرەتا خرایە ئەستۆی پەکەکە و دواتر هەوڵدرا بیخەنە ئەستۆی کریستێر پیترسۆن و لەو رێگەیەوە هەوڵیاندا راستیی رووداوەکە بشارنەوە.

دادگای باڵای سوید رایگەیاند، هیچ بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێت پیترسۆن ئەو کارەى ئەنجام دابێت، بۆیە بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکرد و قەرەبووشیان کردەوە.

داواکار کریستێر پیترۆسۆن رۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدار رایگەیاند، پاڵمە لەلایەن سیاسەتمەدارێکى حیزبی راستڕەو بە ناوی ستیگ بیرگسترۆم-ەوە کوژراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەى بیرگسترۆم گیانى لە دەستداوە و لە ژیاندا نەماوە ناتوانن سکاڵای لە دژی تۆمار بکەن، بۆیە دۆسیەکە دادەخەن.

نوسەری کورد شۆڕش رەشی کە چەندین ساڵە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە دەکات و لەسەر ئەو رووداوەش کتێبێکى بە ناوی "پاڵمە، پەکەکە و گلادیۆ" نوسیوە رایگەیاند "بیرگسترۆم ساڵی ٢٠٠٠ گیانى لە دەستداوە، بۆیە ناتوانرێت سکاڵای لە دژ تۆمار بکرێت و بەوشێوەیە رووداوی کوشتنی پاڵمە لە تاریکیدا دادەخرێت. ئەوە ئاسانترین هەوڵە بۆ سوید، کە خۆی لەو رووداوە رزگار بکات".

رەشی راشیگەیاند "ئەو کەسەى کە وەک بکوژ دەناسرێت، رەنگە تەنها ناوێک بێت، من دادوەر یان پۆلیس نیم. دەبێت ئەوە کەسێکى ئەندامی دەزگای هەواڵگری بێت. ئەو شەوەى پاڵمە کوژرا، بە پۆلیسی وت، دەیەوێت ببێتە یارمەتیدەری پۆلیس، بەڵام پۆلیس ئەوەی رەتکردەوە".

'ئەوە قبوڵ کرا، کە پەکەکە هیچ پەیوەندییەکى بەو رووداوە نییە'

رەشی وتی "پەکەکە حیزبێکە، کە بۆ ئازادی لە دژی تورکیا شەڕ دەکات و بۆ ئەوە دامەزراوە. بەهۆی ئەوەى تاوانباریان کرد، ٢٠ کەسیان لێ دەستگیرکران، بەڵام هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر نەبوو. ئەوە دەرکەوت کە پەکەکە هیچ پەیوەندییەکەى بەو رووداوەوە نییە".

رەشی وتیشی "هێزە گەورەکان لە پشت کوشتنەکەى پاڵمە-ەوەن. رێکخستنە سیخوڕی و هەواڵگرییەکان هەن. بکوژانیى نێونەتەوەیى سەر بە گلادیۆ هەن. لایەنێکى ئەوە لە تورکیا و لە وڵاتە ئەوروپییەکاندایە. ئەو رووداوى کوشتنە پلاندانانێکى گەورە بووە. سوید هەموو ئەوانە دەزانێت، تەنانەت دەزانێت ئەو کەسەش کێیە کە تەقەکەى کردووە و پلاپیتکەکێش بووە".

هاکان سڤەنەلیگ پەرلەمانتاری پارتی چەپ و وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی حیزبەکەی رایگەیاند، پۆلیسی سوید سەرباری ئەوەى هیچ بەڵگەیەکیان لە بەردەستدا نەبوو زۆر هەوڵیاندا پەکەکە وەک بەرپرسی کوشتنی پاڵمە بە گەل بناسێنن.

هاکان سڤەنەلیگ وتی "دەبێت سوید و یەکێتیی ئەوروپا پەکەکە لە لیستی گروپە تیرۆریستییەکان دەربهێنن. ئەو تاوانەى کە ئەردۆغان بە بەکارهێنانى ناوی تیرۆر بەرامبەر بە پەکەکە دەیکات، بۆ سەرکوتکردنی کورد و ئۆپۆزسیۆن بەکاریدەهێنێت. دەبێت ئەوە کۆتایی پێ بهێنرێت. دەبێت سوید بە بەهێزی داواى لێبوردن لە گەلی کورد بکات".

'دۆخێکى ئابڕوبەرانە بوو، کە رووداوەکەیان خستە ئەستۆی کورد'

دانیەل ریازەت پەرلەمانتاری پارتی چەپ رایگەیاند، دۆخێکى ئابڕوبەرانە بوو، کە کورد کرا بە بەرپرسی کوشتنی پاڵمە و راشیگەیاند "ئەوە کاریگەرییەکى زۆر خراپی لەسەر بزووتنەوەى ئازادیی کورد و گەلی کورد دروستکرد. دەبێت ئەوە راستبکرێتەوە و مافی کورد رادەستی کورد بکرێتەوە".

ریازەت باسی ئەوەیکرد، هەندێک لە دادگاکانى وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی بوونی ناوی پەکەکە لە لیستی گروپە تیرۆریستییەکاندا ناڕەزایەتییان نیشانداوە و لەوبارەیەوە وتی "دەبێت سوید و یەکێتیی ئەوروپا ئیدی پەکەکە بە تیرۆر تاوانبار نەکەن. کوردان لە ئەوروپاش دەبێت ئەو داوایەیان لە وڵاتانى ئەوروپی هەبێت".

ئامینە کاکە باوە پەرلەمانتاری پارتی سۆسیالیست رایگەیاند، دەبێت مۆری "تیرۆریست" لەسەر پەکەکە لە هەموو وڵاتانى ئەوروپادا لاببرێت.

کاکە باوە وتی "ئەو کێشەیە تەنها بە لێدوانى رۆژنامەوانى چارەسەر نابێت. دەبێت کورد بتوانێت لە گەورەترین رێکخراوە میدیاییەکانی وڵاتانی ئەوروپاوە راستییەکان بنوسن و بڵاو بکەنەوە. دەبێت هەموو کەس ببینێت و ببیستێت، کە کورد و پەکەکە ٣٤ ساڵە بە ناهەقی تاوانبار دەکرێن. دەبێت ئەوە بوترێت، کە ئیدی کاتی ئەوە هاتوە بۆ کورد و پەکەکە مۆری 'گروپی تیرۆر' بەکار نەهێنرێت. دەبێت دەوڵەتى تورک و ئەردۆغان ئیدی نەتوانن تاوانی 'رێکخستنی تیرۆر'  لە دژی کوردان بەکار بهێنن".

 

ژ.ت