چوارەمین رۆژی رێپێوانە درێژمەوداکەى کوردان لە مانهایم کۆتایی پێهات

چوارەمین رۆژی رێپێوانە درێژمەوداکەى کوردان، کە لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیاوە دەستیپێکردوو دوێنێ سێشەممە گەیشتە شاری مانهایم و بە رێکخستنى میتینێگ کۆتایی بە رێپێوانەکەى ئەو رۆژە هێنرا.

گەنجانی کورد و ئینتەرناسیۆنالیست لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى ١٥ی شوبات و بۆ سەرنج خستنەسەر گۆشەگیریی سەر ئۆجالان دەستیانکردووە بە چالاکیى رێپێوانى درێژمەودا و ماوەى چەند رۆژێکە لە رێپێواندان.

چوارەم رۆژی رێپێوانە درێژمەوداکە دواى بڕینی ٢٠ کیلۆمەتر بە رێپێوان، ئێوارەى دوێنێ سێشەممە ١١ی شوبات گەیشتە شاری مانهایم و بە ئەنجامدانى میتینگێک کۆتایی بە چوارەم رۆژی رێپێوانەکە هات.

هەر وەک رۆژی پێشتر دیسانەوە پۆلیسی ئەڵمانیا هەوڵی ئەنجامدانى کاری تێکدەرانەى دا. پۆلیسەکانى ئەڵمانیا چوار جار دیمەنی چالاکوانان و رێپێوانەکەیان تۆمارکرد و دروشمی " Es Lebe Ocalan(بژی ئۆجالان)"یان قەدەغە کرد. پۆلیس رایگەیاندووە، هەموو ئەو دروشمانەى کە ناوی ئۆجالانیان تێدا بێت قەدەغەن. سەرباری ئەوەش لەم مانگەدا و تاوەکو ئێستا هێشتا دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" قەدەغە نەکراوە.

رێپێوەران لە بەردەم بینای ناشنالتیاتر (شانۆی نیشتمانی) لە مانهایم میتینگێکیان رێکخست. تۆماس رۆلاند سەرۆکی دی لینکە لە مانهایم لە میتینگەکەدا وتی "بیر و فیکری ئۆجالان نوێنەرایەتى مافەکانی مرۆڤە. فیکر و بیری ئەو لە دژی نەتەوەپەرستی و نەژادپەرستییە".

میتینگەکە لە دواى پێشکەشکردنى وتەکان، بە ئاهەنگ و شایى بەردەوامیى پێدرا و لە کاتژمێر ١٨:٠٠ کۆتایى پێهات.

ئەمڕۆ چوارشەممە گەەنجان بۆ بەردەوامی بە رێپێوانە درێژمەوداکەیان بەرەو شاری هامبورگ دەکەونەڕێ.

ژ.ت