ژمارەی توشبوان بە پەتای کۆرۆنا لە عێراق گەیشتە ١١ هەزار و ٩٨ کەس

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماری نوێی توشبوان بە پەتای کۆرۆنای ڕاگەیاند و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردودا هەزار و ٢٥٢ کەس لە دەرەنجامی پشکنینەکانیان دەرکەوتوە هەڵگری ڤایرۆسەکەن.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردوە، کە تاقیگەکانیان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردودا پشکنینیان بۆ ١٢ هەزار و ٥٤٣ کەس ئەنجامداوە و بەوەش ژمارەی پشکنین بە مەبەستی دۆزینەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرەتای بڵاو بونەوەی ڤایرۆسەکە تاکو ئێستا دەکاتە ٢٩٤ هەزار و ٤٤٤ پشکنین لە سەرانسەری تاقیگەکانی عێڕاق.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ٣٣١ حاڵەتی چاکبونەوەی لە ڤایرۆسەکە ڕاگەیاند و کۆی گشتیی چاکبونەوەی هاوڵاتیان و گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە گەیشتووەتە ٤ هەزار و ٩٠٤ کەس.

 هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ ئەوەی ئاماری توشبوو بە ڤایرۆسەکە لە بەرزبونەوەدایە، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕێژەی چاکبونەوەش لە ڤایرۆسەکە و گەڕانەوەیان بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردوە.

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردودا وەزارەتی تەندروستی ٣٣ حاڵەتی گیان لەدەستدانی ڕاگەیاند کە لە شوێنە جیاجیاکانی عێڕاق تۆمارکرابون بەمەش ژمارەی گیان لەدەسدان بە هۆی ڤایرۆسەکەوە لە عیڕاق گەیشتە ٣١٨ کەس.

ژ.ت