کاتی ئەوە هاتووە سوید و ئەوروپا داوای لێبوردن لە کورد بکەن

داواکاری گشتی دۆسیەى تیرۆرکردنی ئۆلۆف پاڵمە سەرۆک وەزیرانی پێشووی سویدی داخست. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە سوید و وڵاتانی ئەوروپی بەهۆی ئەو هەموو ئازارەوە، کە بە پاساوی ئەو تیرۆرەوە بەسەر کوردیاندا هێنا، داواى لێبوردن لە کورد بکەن.

کوردان لە سوید ساڵی ١٩٨٢ و کاتێک ئۆلۆف پاڵمە بووە سەرۆک وەزیرانی سوید وتیان 'ئیدی پارێزەرێکمان هەیە و دەمانپارێزێت'. هەر ئەو ساڵە بە پێشەنگایەتیی پاڵمە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا بە هۆی ئەوەی تورکیا زوڵم لە کوردان دەکات لە کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی ئەوروپا سکاڵایان لە دژی تورکیا تۆمارکردبوو.

پاڵمە لەلایەک رۆیشتنی تانکەکانى سۆڤیەتیى بۆ ناو شاری پراگی پایتەختی چێکوسلۆڤاکیا ئیدانە دەکرد، لەلایەکی ترەوە بۆردومانەکانى ئەمریکای بۆ سەر ڤێتنام دەشوبهاندە ئەو کۆمەڵکوژییانە، کە لەلایەن نازییەکانەوە ئەنجامدرابون. لە ئەوروپاش بە توندی رەخنەى لە رژێمی دیکتاتۆری فرانکۆ و حکومەتى کودەتا و سەربازیی یونان دەگرت. لایەنگری داماڵین و نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی بوو. لە نزیکەوە لەگەڵ کورداندا لە پەیوەندیدا بوو و دواى ساڵانی ١٩٨٠کان کۆچبەرانی کورد لە سوید زیادیان کرد.

ئۆلۆف پاڵمە ١٢ی ئابی ١٩٨٠ لە چاوپێکەوتنێکدا لە رۆژنامەى ئافتۆنلادیت لەبارەى کوردەوە وتبووی "ئێمە کورد وەک گەلێک کە خاوەن ناسنامەى نەتەوەیی خۆیانن دەبینین، ئەوەش ئەوە دەسەپێنێت، کە دەبێت مافی چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. دەبێت لە رێگەى چاوپێکەوتن و رێگای ئاشتییەوە ئەوە ئەنجام بدرێت، بۆیە پێویستە مرۆڤ لە ئازاری گەلی کورد تێبگات و پشتگیری لە تێکۆشانەکەیان بکات". ئۆلۆف پاڵمە کە بۆ رۆژنامەنووس و نووسەر مەحمود باکسی قسەى کردبوو لە چاوپێکەوتنە دوور و درێژەکەیدا باسی تێکۆشانی کوردان و کوردستانی کردبوو.

لە ساڵی دووەمی سەرۆک وەزیرانی پاڵمە دا تێکۆشانی چەکداریی پەکەکە لە ١٥ی تەباخی ١٩٨٤ دا دەستیپێکرد و ئەو تێکۆشانە بووە جێگای سەرنج لە ناوچەکە و جیهاندا. دەوڵەتى تورک، کە بوو بە ژێر شۆکی ١٥ی تەباخەوە یەکڕاست رێکخراوی پەیمانی ئەتلانتیکی باکوور (ناتۆ - NATO)ی خستە کار. چاوپێکەوتن و دانیشتنەکان بۆ سەرکەوتکردن و لەناوبردنی تێکۆشان و راپەڕینی چەکداریی کورد لە مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵداى لە ناتۆ دەستیپێکرد. لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٤دا ئەو دانوستانانە لە دژی بزووتنەوەى گەلی کورد ئەنجامیان بەدەستهێنا.

هاوبەشە گەورەکانى ناتۆ، واتە ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئەمریکا بۆ دژایەتیکردنی خەبات و تێکۆشانی پەکەکە هاوکاریی سەربازی، سیاسی و ئابووریی زۆر و زەوەندیان خستە بەردەستی دەوڵەتى تورک. ئەڵمانیا دەستیکرد بە پێدانی چەک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی بە رژێمى ئەنقەرە. ئەمریکاش راستەوخۆ و خێرا کادێر و پسپۆڕان و ئەزموونی خۆی لە سەرکوتکردنی بزووتنەوەکانى ئەمریکای لاتیندا بۆ دژایەتیکردن و سەرکوتکردنی تێکۆشانی ئازادیی کورد بەخشی بە تورکیا و لەو چوارچێوەی فەرمانگەى شەڕی تایبەتی دەوڵەتى تورک لە دژی بزووتنەوەى ئازادیی کورد دەستبەکار بوون.

پرۆسەی بەرەو کوشتنی پاڵمە و ....

سەرباری شەڕی گەرم و ناوخۆیی، لە دژێ تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد لە دەرەوەش شەڕێکى دەروونیش خرابوویە گەڕ. کۆنتەرگەریلا (دژە گەریلا)، ژیتەم و گلادیۆ بوو بوون بە لاپەڕەیی نوێی شەڕی کوردستان. بزووتنەوەى کورد لە ٢١ی ئاداری ١٩٨٥دا بەرەی رزگاریی نەتەوەیی کوردستان (ئەڕنەکە - ERNK)ی راگەیاند و لەو چوارچێوەیەدا قورسایی خستە سەر تێکۆشانی ژنان، گەنجان، کرێکاران، رۆشنبیران و باوەڕداران. بێگومان گرنگترین پێگە و گۆڕەپانی کاری ئەڕنەکە کرێکاران و کۆچبەرانی کورد بوو لە ئەوروپا.

دەوڵەتى تورکیش دەستەوەستان دانەنیشت و بۆ خنکادنی بزووتنەوەى نوێ رووی لە ئەوروپا کرد و ئامانجی ئەوە بوو دۆستەکانى کورد لە ئەوروپا کەم بکاتەوە. بۆ ئەو ئامانجەى یەکێک لە یەکەمین کارەکانی ئەوە بوو، کە ئۆلۆف پاڵمەی کردە ئامانج. سەرەتا دەزگای سیخوڕیی تورک (میت - MÎT) پەیوەندییەکى بەهێزی لەگەڵ دەزگای سیخوڕیی سوید (ساپۆ - SAPO) دروستکرد و لە ساڵی ١٩٨٤ەوە راپۆرتە داتاشراوەکانی میت لە دژی کورد دەدرایە ساپۆ و لە کۆتایدا لەلایەن ساپۆوە وەک راپۆرتی ئامادە کراو بڵاودەکرایەوە و ئەو راپۆرتانە دەدران بە دەزگاکانى راگەیاندنی سوید و شانبەشانی ئەو هاوکارییە لە میدیاکانى سویددا دۆخ و کەشێکى دژ بە کوردیان دروستکردبوو.

تورگوت ئۆزال سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتى تورک لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٥ دا لەگەڵ پاڵمە چاوپێکەوتنێکی دوور و درێژی ئەنجامدابوو تاوەکو پاڵمە دەستبەردرای پشتیوانییەکانى لە کورد بێت. هەوڵی دەدا پاڵمە بکاتە دوژمنی پەکەکە و لە دژی پەکەکە کار بکات. ساڵانی ١٩٨٤ – ١٩٨٦ بۆ دیاسپۆرای کورد قۆناغێکی زۆر قورس و دژوار بوو.

شۆڕش رەشی وردەکاریی ئەو قۆناغەى لە کتێبەکەیدا بە ناوی 'پاڵمە، پەکەکە و گلادیۆ' شیکردووەتەوە و تیایدا باسی ئەو پڕوپاگەندە خراپانە لە دژی کوردان و پەکەکە کردووە و بەو کارانەشیان خواستویانە پێش کوشتنی پاڵمە لە سوید رای گشتی ئامادە بکەن و سەرنجە خراپەکان بگوێزنەوە بۆ سەر پەکەکە و دواى ئەوە پیلانگێڕییەکەیان ئەنجام بدەن. بۆ ئەوەش ساپۆ هەندێک لەو کەسانەى بەکارهێنا، کە لە پەکەکە دابڕابوون. لە رۆژانی سەرەتای ساڵی ١٩٨٦دا بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی سوید هانس هۆلمەر قسەى زۆر قورس و دژبەرانەى لەسەر پەکەکە کرد و ئەو قسانەشی لە میدیاکانى سویددا بڵاوبوونەوە.

باج بەسەر ئەو گەلەدا سەپێنرا، کە پاڵمە زۆری خۆشدەویستن!

ئێوارەی ٢٨ی شوباتی ١٩٨٥ لە سوید و ڵاتانی ئەوروپا قوربانییەک ئامادە کرابوو. ئەو ئێوارەیە ئۆلۆف پاڵمە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا و کاتێک لە هۆڵی سینەما هاتنە دەرەوە کەسێک لە پشتەوە تەقەى لێکرد و کوشتی. خاڵێکى سەرنجڕاکێش لەو کوشتنەدا ئەوە بوو، کە باج و خوێنبەهای ئەو کوشتنە لە گەلێک سەندرایەوە، کە پاڵمە زۆری خۆشدەویستن. هەفتەیەک دوای رووداوی کوشتنی پاڵمە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی وڵاتپارێزانی کورد و ژمارەیەکى زۆر کوردیان دەستگیرکرد و بردنیان بۆ بنکەى سەربازی. لەو کاتەدا لە سوید شەپۆلێکى زۆر قورس و چڕی دەستگیرکردنی کوردان دەستێپیکرد. ئەوەش لە ئەڵمانیا بەردەوامیی پێدرا. لە ١٥ی تەباخی ١٩٨٦دا تیمە تایبەتەکان بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر ئەو کوردستانیانەى دەیانخوسات لە دویسبورگی ئەڵمانیا نەورۆز پیرۆز بکەن و ٨٠٠ کەس لەلایەن پۆلیسەوە لە ژێر چەکی قورسدا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردن. ئیدعای ئەوەیان داتاشیبو، کە پلاندانەری سەرەکیی کوشتنەکەى پاڵمە جەمیل بایک و عەبدوڵا ئۆجالانن و ئەوانیش دەیانەوێت بەشداری لەو ئاهەنگەى نەورۆزدا بکەن و وتە پێشکەش بکەن!.

هەندێک لە دەزگا میدیاییە ناوەندییەکانى سوید و رۆژنامەکانى تورک وەک حوڕییەت رووداوی کوشتنەکەى پاڵمە-یان خستبووە ئەستۆی پەکەکە. بەو کوشتنە سەرکردەیەک سڕایەوە، کە هێزە جیهانییەکان خۆشیان نەدەویست. بەڵام دۆخەکەش بۆ کوردان زۆر زیاتر قورس و دژوار بوو، کوردان سەرکردەیەکیان لەدەستدا، کە لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییەدا بە بەهێزی بەرگری لە مافەکانیان دەکرد. بەرپرسیاریی رووداوی کوشتنی پاڵمە-یان خستە ئەستۆی پەکەکە و بەو شێوەیە هەڵمەتێکی چڕوپڕیان بۆ ناشیرینکردنی کوردان دەستپێکرد.

لایەنێکى تری ئەو رووداوە لەو کاتەدا ئەوە بوو؛ لە ئێستادا "تاوانباری" رووداوەکە دۆزراوەتەوە و پێویستی بە لێکۆڵینەوە لە تانوپۆی رووداوەکە نەبوو. بەهۆی ئەوەشەوە لە ساڵانی رابردوودا ئەوەیان بە پێویست نەدەزانی، کە ئەو عەقڵییەت و بیرکردنەوەیە لەسەر رووداوەکە دروستیان کردووە بشێوێنن و هەر پێداگرییان لەو پیلانەیان دەکرد، کە وەک خۆی بمێنێتەوە. ئەوە لە کاتێکدا بوو هەر لە رۆژی یەکەمەوە هەموو کەس دەیزانی ئەو کوشتنە هیچ پەیوەندیی بە کوردەوە نییە. جۆرن سڤێنسۆن پەرلەمانتاری حیزبی کۆمۆنیست (VPK) لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٦دا لە پەرلەمانى سوید دا وتی:

"دواى کوشتنی پاڵمە میدیاکانی تورک و ئەڵمانیا بە پێداگرییەوە هەوڵیان دەدا تاوانبار بدۆزنەوە، خێرا و راستەوخۆش تاوانباریان دۆزییەوە. تاوانبارەکەش کورد بوو. لێدوانە یەکەمەکان کە لە سوید بڵاوکرانەوە بە دوور بوون عەقڵ و هۆشەوە. دەوترا بکوژەکە بەرەوە گەڕەکێک رایکردووە، کە زۆربەى دانیشتوانەکەى کۆچبەرن. ئەوە ئەستەم بوو. تاوانبارکردنی پەکەکە / ئاپۆییەکان کارێکى ئاسان بوو بۆ ئەوەى کوردان بکەنە ئامانج و هێرشیان بکەنە سەر.  

رووداوێکى تری کوشتن لەو کاتەدا لە سوید روویدابوو و 'هەڕەشە' لە پاڵمە دەکرا و ئەوەیان بۆ تاوانبارکردنی پاڵمە بەکاردەهێنا. کورد بێ خاوەن – بێ پشت و پەنا بوون. نە میدیایەکى بەهێزیان هەبوو، نە دیپلۆماسییەکیش کە بتوانێت لە جیهاندا پارێزگاری لە کێشەکەیان بکات. بە تایبەتی ئەوە بۆ کوردان لە سوید بارێکى قورس بوو. میدیای سویدیش – بە تایبەتی رۆژنامەکانى سڤێنسکا داگبلادێت و ئێسکپرێس – بە شێوەیەکى نابەرپرسیارانە بەشدارییان لەو هەڵمەتەدا کرد، کە بۆ ناشیرینکردنی پەکەکە و کورد لەلایەن میدیاکانى تورک و ئەڵمانیاوە بەڕێوەدەچێت. پۆلیسی سویدیش دڵڕەقانە و بێ بەزەییانە  لێدوانی دا تاوەکو ناڕەزایەتیی رای گشتی لە دژی کورد ئاراستە بکات".

رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دواى چەند ساڵ و لە ساڵی ١٩٩٧دا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانیی مەد تیڤی لەبارەى ئەو رووداوەوە وتی "روونە، پاڵمە لەلایەن ئەمریکاوە بە نەبوو حسابی بۆ کرا و بووە قوربانیی رووداوێکى کوشتن، کە لەلایەن مارگرێت تاچەر، هلموت کۆهل و کۆماری تورکیاوە پشتیوانی لێدەکرا. باشە چ پێویستییان بەوە هەبوو رووداوەکە بخەنە ئەستۆی پەکەکە و کوردان؟ ویستیان بە بەردێک لە چەند چۆلەکە بدەن! ئەوەى ئێمە لێی نیگەران بووین ئەوە بوو؛ کوردێکى بەرەڵا بدۆزنەوە و پێیان بوتایە تۆ بڵێ 'من کوشتم'. من یەکڕاست ئەو ئێوارەیە وتم، ئێمە پاڵمە بەرز دەکەینەوە. پاڵمە تاکە ئەوروپییەک بوو، کە لە دژی کوردان هەڵوێستى دوژمنکارانەى نەبوو. ئێمە بە رێزەوە سەر بۆ یادی دادەنەوێنین و رێزی لێدەگرین و من وتم، ئەو راگەیاندراوە بنوسن".

ئەو راگەیاندراوە کە ئۆجالان باسیکرد، لە ٣ی ئاداری ١٩٨٦ دا لە ئەڵمانیا بە ناوی پەکەکەوە بڵاوکرایەوە و تیایدا هاتبوو "کوشتنی پاڵمە پیلانگێڕییەکى نێونەتەوەییە". بەڵام سەرباری چەندین راگەیاندراو و لێدوانى لەو شێوەیەی پەکەکە، رووداوی کوشتنی پاڵمە لە دژی کوردان وەرسوڕا بۆ کەمپەین و پیلانگێڕیی ناشیرینکردنی کوردان و پەکەکە. لە پێش هەمووشیانەوە لەلایەن سوید و ئەڵمانیاوە ئۆپراسیۆن و هەڵکوتانە سەر کوردە شۆڕشگێڕەکان و دەستگیرکردنیان لە ئەوروپا دەستیپێکرد.

دواى ٣٤ ساڵ دوێنی چوارشەممە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ داواکاری سوید بە شێوەی فەرمی رایگەیاند، بکوژەکەى پاڵمە سویدییەکە بە ناوی ستیگ ئەنگسترۆم، کە لە ساڵێ ٢٠٠٠دا مردووە. ئیدی داواکاری گشتیی سوید دۆسیەى پاڵمەی بەو شێوەیە داخست. ئێستا کاتی ئەوە هاتوە، کە سوید و وڵاتانى ئەوروپی بەهۆی ئەو هەموو هێرشەوە، کە بە پاساوی رووداوی کوشتنی پاڵمە بەسەر کوردیاندا هێنا، داواى لێبوردن لە کورد بکەن.

سەرچاوەکان:

- "پاڵمە، پەکەکە و گلادیۆ" ، شۆڕش رەشی ، چاپخانەى ئاپێک (APEC).

- ئەرشیڤی ساڵی ١٩٨٦ی رۆژنامەى کوردستان پرێس (Kurdistan Presse).

- ئەرشیڤی رۆژنامەکانى سەرخۆبوون و بەرخودان.

ژ.ت