کۆنفیدراسیۆنی کوردستانیان ئاهەنگی نەورۆزی فرانکفۆرتی هەڵوەشاندەوە

کۆنفیدراسیۆنی کۆمەڵگە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا (کۆن – مەد / KON-MED) رایگەیاند، ئاهەنگی نەورۆز، کە بڕیار بوو رۆژی ٢١ی ئادار لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا بەرێوەبچێت، بەهۆی گشتگیربوونی پەتای کۆرۆناوە هەڵدەوەشێنرێتەوە.

هاوسەرۆکانی کۆن – مەد رایانگەیاند، بە هۆشمەندی و بەرپرسیاری بەرامبەر بە تەندروستیى گەلی کورد و هەموو مرۆڤایەتى بڕیاری هەڵوەشاندنەوەى ئاهەنگی نەورۆزی فرانکفۆرتیان دەرکردووە.

ئەوەشیان راگەیاندووە، پلانیان ئەوەبوو، کە ئاهەنگی نەورۆز لە ٢١ی ئاداردا لە شاری فرانکفۆرت بەشێوەی جەماوەری و وەک ئاهەنگی ناوەندی بەرێوەببەن و هەموو ئامادەکارییەکانیان تەواو کردبوو، پلانێکى بەهێزیان داڕشتبوو، بەڵام بەهۆی هەڕەشەى پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ سەر مرۆڤایەتى، بە ناچار سەرلەنوێ لێکدانەوە بۆ دۆخەکەکرا.

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتوە "بە ناوی کۆمیتەى نەورۆزەوە، تەندروستیی گەلانمان لە پێش هەموو شتێکەوەیە. بەڵام سەرباری ئەوەى چاوەڕێمان دەکرد دەیان هەزار کەس بەشداری ئاهەنگی نەورۆز ببن و هەموو ئامادەکارییەکانى بۆ کرابوو، ئەوەمان بە پێویست زانی بڕیارێکى نوێ دەربکەین".

کۆن – مەد راشیگەیاندووە، لە پێناو تەندروستیى گەل، دۆستان و کۆمەڵگەدا ئاهەنگی پیرۆزبایى نەورۆزی ناوەندیی رۆژی ٢١ی ئادار لە فرانکفۆرت هەڵدەوەشێننەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، دەکرێت بە رێپێوان بە مەشخەڵ و چالاکیى هاوشێوە لە ویلایەتە جیاجیاکاندا پێشوازی لە نەورۆز بکرێت.

ژ.ت