کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى ١٠٣هەمین ساڵیادى کۆمەڵکوژکردنى ئەرمەنییەکان و گەلانى ئەم ناوچەیە لەلایەن ئیمپراتۆریای عوسمانییەوە رایگەیاند، ئێستاش کۆماری تورکیای میراتگری دەوڵەتی عوسمانی، دوای ١٠٣ ساڵ هەر ئەو جینۆسایدە ئینکار دەکات و دان بەو راستیەدا نانێ.
کەنەکە راشیگەیاندووە، دان نەنان بەو راستییەدا و نکوڵیکردنى لەلایەن دەوڵەتى ئێستاى تورکیاوە، بە مانای هاوبەشیکردنى تورکیایە لەو تاوانەدا و ئێستاش درێژە بە جینۆساید دەدات.
کەنەکە داوا لە کۆماری تورکیا دەکات دان بەو تاوانەدا بنێت و داواکاریییەکانی ئەو قبوڵکردنە بسەلمێنێ. داواش لە هەموو دامودەزگا نێونەتەوەیی و ناوچەییە پەیوەندیدارەکان دەکات، کە کۆمەڵکوژکردنى گەلانی ئەرمەنی، ئاسوری – سریانی و کلدانی و پێکهاتەى ئێزیدییەکان و راگواستنى گەلی کورد لە ساڵی ١٩١٥دا بە جینۆساید بیسلەمێنن و قبوڵی بکەن.
دەقى راگەیاندراوەکەلاى کەنەکە
پێویستە کۆمەڵکوژیی ١٩١٥ کە دەوڵەتی عوسمانی ئەنجامیدا، وەک جینۆساید بناسرێت
ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و هاوکارەکانی لە ساڵی ١٩١٥دا کۆمەڵکوژییان لە دژی مەسیحیە نیشتەجێکانی میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵ ئەنجامدا. ژمارەیەکی زۆری ئێزیدیش بەر ئەو هەڵمەتی کۆمەڵکوژییە کەوتن. لەو قەتڵوعامەدا رێکخراوی ئیتیحاد و تەرەقی، تەشکیلاتی تایبەت، سوارەی حەمیدییە، سوپای عوسمانی و ئەفسەرەکانی ناو سوپا بەشداربوون. هەموو پێکەوە تاوانێکی گەورەی مرۆڤایەتیان بەڕیوەبرد. بە مەبەستی ریشەکێشکردنی مێژوویی و کلتوری گەلانی ئەرمەنی و ئاسوری - سریانی و کلدانی ناوچەکە، کۆمەڵکوژییەکی فراوانیان بەڕیوەبرد. ئەم جینۆسایدە تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە کە هەرگیز ناتوانرێ ئینکار بکرێت.
بەڵگەی ئاشکراو روون سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی زیاتر لە ملیۆن و نیوێک مرۆڤ هەن. ئامار و سەرژمێرییەکانی خودی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئەو راستیە دەسەلمێنن. لە گەلی ئاسوری – سریانی و کلدانی زیاتر لە نیو ملیۆن کوژران. لە گەلی ئەرمەنیش زیاتر لە ملیۆنێک مرۆڤ بە شێوازێکی دڕندانە و لە شوێنی جیاوازدا کوژران. بە سەدان هەزاریش بە پێی یاسای کۆچکردنی ئەو سەردەمە دوورخرانەوەو بێسەرو شوێن کران. بە دەیان هەزاریش لە ژن و کچ و مناڵ ئەنفالکران و بە زۆر کرانە موسوڵمان و بە شوودران. بە هەزاران خانوبەرەوە و قوتابخانە و کتێبخانە و کڵێسا و کارگە وێرانکران. بڕێکی بێ شومار ماڵ و مڵک دەستیان بەسەردا گیراو تاڵان کران. بە ئاشکرا کوشتوبڕی گەلانی ئاسوری – سریانی و کلدانی و ئەرمەنی و مال و ژیانیان حەڵاڵ کران. ئەمانە هەمووی بە فەرمان و بڕیاری جیهاد بۆ جینۆسایکردنی ئەتنیکی و ئاینی پێکهات.
ئیمپراتۆریەتی عوسمانی خاکی میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵی داگیرکرد و سەدان ساڵ تاڵانی کرد. دواجار لە ١٩١٥دا ئەو گەلانەی قەلاچۆکرد. تا ئێستاش خوێن لەو جینۆسایدە ئەچۆڕێت. ئەو کارەساتەی بەسەر ئەو خەڵکە هات، ئەوە سەد و دو ساڵە وەک تراژیدیایەکی مەزن لە یادەوەریی نەوە نوێیەکانی ئەو گەلانەدا دەژی. ئێستاش کۆماری تورکیا کە میراتگری دەوڵەتی عوسمانییە دوای ١٠٣ ساڵ بە سەر ئەو جینۆسایدەدا هەر ئینکاری دەکات و دان بەو راستیەدا نانێ. ئەمەش واتای ئەوەیە کە تورکیا هاوبەشی ئەو تاوانەیە و درێژە بە جینۆساید دەدات. لە یادی ١٠٢ ساڵەی ئەو جینۆسایدەدا داوا لە کۆماری تورکیا دەکەین کە دان بەو تاوانەدا بنێت و داواکاریکانی ئەو قبوڵکردنە بسەلمێنێ.
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە، زۆر بەتوندی جینۆسایدی ١٩١٥ شەرمەزار دەکەین. داوا لە هەموو دامودەزگا نێونەتەوەیی و ناوچەییە پەیوەندیدارەکان دەکەین، کە وەک جینۆساید بیسلەمێنن و قبوڵی بکەن.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- ك.ن.ك
23.04.2018