گوشاری ئیدلب بۆ سەر منداڵان؛ دەوڵەتی تورک دەستیکردووە بە کۆکردنەوەى پارە لە خوێندکاران!

دەوڵەتی تورک لەلایەک پەنابەرانی سوریا لە تورکیا بە زۆر دەخاتە پاس و دەیانبات لەسەر سنووری یونان هەڵیاندەڕێژێت و لەلایەکى تریشەوە لە خوێندنگەکان بە ناوی 'هاوکاری بۆ پەنابەرانی ئیدلب' پارە لە خوێندەکارەکان دەسەنێت.

لقی ئایینیی پەروەردەی سەر بە بەرێوەبەرایەتى پەروەردەى نەتەوەیی بۆ زۆربەى خوێندنگە سەرەتایی و ناوەندییەکانی ئیستەنبول نووسراوێکى ناردووە و داواى کۆکردنەوەى پارەی بۆ پەنابەرانی ئیدلب لە خوێندنگە و خوێندکارەکان کردووە.

لەلایەن لقی پەروەردەى ئایینیی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیى پەروەردەى نەتەوەیی نووسراو بۆ زۆربەى خوێندنگە و دامەزراوە پەروەردەییەکانى قۆناغى سەرەتایی و ناوەندیی ئیستەنبول نێردراوە و لە نووسراوەکەدا داواکراوە بۆ پەنابەرانی ئیدلب پارە کۆبکرێتەوە.

بەپێى سەرچاوە هەرێمییەکانمان و ئەو زانیارییانەى لە پەیامنێرانەوە لە ناوچانە بە دەستمان گەیشتوون، دانیشتوانى خۆجێیی ناوچەکە بە ناچار و  بەهۆی شەڕەوە لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون، بەڵام سەرباری ئەوەش لە نووسراوەکەدا ئەوە هاتووە، 'دانیشتوانى خۆجێیی ناوچەکە' لە هەلومەرجێکى زۆر قورس و ناڕەحەتدان، بەوەش لەو نووسراوەیەدا کار بۆ فریودانى هاووڵاتییان کراوە، کە گوایە دانیشتوانی خۆجێی لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیانن، بەڵام لەبارودۆخێکى خراپدان.

دەوڵەتى تورک لە هەموو روویەکەوە پەنابەرانی سوریا بۆ خۆی بەکاردەهێنێت و بەپێچەوانەى ئەوەى کە دەیانوت "ملیۆنێک پەنابەر لە ئیدلبەوە هاتوونەتە سنوورەکانمان'، بەڵام بەشێکى زۆر لە بنەماڵەى چەتەکان لە ئیدلبەەوە گوستراونەتەوە بۆ عەفرین، جەرابلوس، باب، عەزاز، سەرێکانی  گرێسپی، بەڵام دەوڵەتى تورک لەوبارەیەوە هیچ هەواڵ و زانیارییەک بڵاوناکاتەوە و بەو هۆیەشەوە کەس لە تورکیاوە ناتوانێت بڕوات بۆ ئیدلب.

لە کۆبوونەوەى داخراوی یەکێتیی بنەماڵەکان و خوێندنگەکاندا پاکەتێک بە هەر یەک لە خوێندکارەکان دەدرێت بۆ ئەوەى لە ماڵەوە پاری تێبکات و بیباتەوە بۆ خوێندنگەکە و پارەکە و پاکەتەکە رادەستى خوێندنگەکەى بکات. لە گروپی واتسئاپیشدا بە بەردەوامی داوا لە بنەماڵەکان دەکرێت پارەیان بۆ بنێرن و هەر خوێندکارێکیش پارەیان بۆ نەبات بە بەردەوامی ئاگادار دەکرێتەوە و داواى پارەى لێدەکرێت. تاوەکو ئێستا روون نییە دەوڵەتى تورک لەو رێگەیەوە چەند پارەی بە زۆر لە خوێندکاران و بنەماڵەکانیان سەندووە.

دەوڵەتى تورک لە ماوەى چەند ساڵی رابردوودا هاووڵاتییان و پەنابەرانی سوریای لە پێناو کۆکردنەوەى پارە و گوشار خستنە سەر یەکێتیى ئەوروپا بۆ وەرگرتنى پارە بەکارهێناوە و هەر کات لەلایەن یەکێتیى ئەوروپاوە پارە بە دەوڵەتى تورک نەدرابێت، یان داوایەکى دەوڵەتى تورک جێبەجێ نەکرابێت، هەزاران پەنابەری سوریای لە رێگەى دەریای سپیی ناوەڕاستەوە رەوانەى ئەوروپا کردووە و بەو هۆیەوە هەزاران پەنابەر لە ئاوەکاندا خنکاون. لە دواى شەڕی ئیدلبیش دەوڵەتى تورک بە زۆر پەنابەرانى سوریا لە تورکیا دەخاتە ناو پاس و دەیانباتە سەر سنووری یونان و لەو دۆخە قورسەى زستاندا دایاندەبەزێنێت و تووشی سەختی و دژوارییەکى زۆریان دەکات. ئەوەش تەنها لەبەر ئەوەیە، کە گوشار بخاتە سەر ئەوروپییەکان کە لەشەڕی داگیرکەریی ئیدلب دا پشتیوانى لە خۆی و گروپە چەتە تیرۆریستییەکانى داعش و نوسرە و گروپەکانى تر بکەن.

ژ.ت