'گەلی کورد هەرگیز دەستبەرداری خواستی ئازادی نابێت'

چالاکیی ئێشکگری بۆ ئازادیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە بەردەم بینای ئەنجوومەنی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت، ئەم هەفتە چالاکییەکە لەلایەن دەستەیەک لە کوردستانیانی شاری هامبورگی ئەڵمانیاوە بەڕێوەدەچێت.

چالاکیی ئێشکگری بۆ ئازادیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ەوە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا لە بەردەم بینای ئەنجوومەنى ئەوروپا و کۆمیتەى دژ بە ئەشکەنجەی سەر بە ئەنجومەنى ئەوروپا (سی پی تی) تاوەکو ئێستا بەردەوامە.

هەر هەفتەیەک کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شارێکی ئەوروپاوە بەشداری چالاکییەکە دەبن. ئێشکگرییەکە لە هەفتەى ٤٢٤دایە و ئێشکگرییەکەى ئەم هەفتەیە لەلایەن دەستەیەکى ٣ کەسی لە شاری هامبورگی ئەڵمانیاوە بەڕێوەدەچێت.

محەمەد ئەردۆغان بە ناوی دەستەکەیانەوە راگەیاندراوێکى خوێندەوە و وتی، بێدەنگیی سی پی تی بەرامبەر بە گۆشەگیریی قورس کە چەندین ساڵە بەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورددا سەپێندراوە قبوڵ ناکرێت.

محەمەد ئەردۆغان وتیشی "ئێمە ئەو بێدەنگییە قبوڵ ناکەین و ئیدانەی دەکەین" و داوای لە گەلی کوردیش کرد ناڕەزایەتی نیشان بدەن و ئەوەشی وت "بێدەنگی بەرامبەر بە گۆشەگیری بۆ گەلی کورد بە مانای ئەوەیە بکوژەکەى خۆی قبوڵ بکات".

'ئێمە قڕکردن و عەقڵییەتی قڕکردن ئیدانە دەکەین'

هەروەها زولفو بینگول بە ناوی کۆمیتەى ئێشکگرییەکەوە راگەیاندراوێکى خوێندەوە و تیایدا هاتبوو، هێرشە قڕکەرەکان لە دژی کۆمەڵگەى ئێزدی شەرمەزار دەکەن، کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ئەنجامدرا.

ئاماژە بەوەشکرابوو "ئێمە قڕکردن و عەقڵییەتی قڕکردن کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا لە شەنگال گەلی کوردی کۆمەڵکوژ کرد ئیدانە دەکەین".

باسی ئەوەشکرابوو، گەلی کورد بە دڵنیاییەوە هەرگیز سەر لە بەرامبەر ئەو فەرمانانەدا دانانەوێنێت و دەست لە خواستی خۆی بۆ ئازادی هەڵناگرێت.

ژ.ت