یەکێتی ئەروپا ٤٨٥ ملیۆن یۆرۆ دەداتە ڕژێمی ئەردۆغان

هەڕەشەکان و کارتی فشاری پەنابەران جارێکیتر بە کەڵکی ئەردۆغان هات. یەکێتی ئەوروپا پاکێچی هاوکاری ٤٨٥ ملیۆن یۆرۆی بۆ ئەنقەرە پەسەند کرد.

دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک ساڵی ٢٠١٥ سنوری خۆی کردەوە و بە هەزاران پەنابەر خۆیان گەیاندە ئەوروپا، یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١٦ دا بەناچاری لەگەڵ ڕژێمی ئەردۆغان پەیمانی پەنابەرانی ئیمزا کرد.

بە پێی پەیمانەکە کە ئەڵمانیا سەرپەرشتی کرد، نزیکەی ٣ ملیۆن پەنابەر پێویست بوو لە تورکیا بمێننەوە و لەبەرانبەریدا ٦ ملیار یۆرۆ بە ڕژێمی ئەردۆغان دەدرا.

لەو چوارچێوەیەدا تا ئێستا نزیکەی ٣ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن یۆرۆ گەیشتووەتە دەستی ڕژێمی ئەردۆغان و لە ئێستاشدا کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا پاکێچێکی تری هاوکاری ڕەوانە بکات. سەرچاوەکان لە بروکسلەوە ڕایانگەیاند، یەکێتی ئەوروپا ئەمجارە ٤٨٥ ملیۆن یۆرۆ بۆ تەندروستی سوریەکانی تورکیا دەنێرێت.

'یەکێتی ئەوروپا جارێکیتر لەبەرانبەر فرت و فێڵەکانی ئەردۆغان سەری دانەواند'

ئەو بریارەی یەکێتی ئەوروپا لە کاتێکدایە کە لە سەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنادا تورکیا دەرگاکانی یونان و بولغاریای بەڕووی پەنابەراندا کردەوە و ئەردۆغان کارتی پەنابەرانی بەکارهێنا بۆئەوەی جارێکیتر پارە لە یەکێتی ئەوروپا وەبگرێت.

ف.ق