یەکێتی ئەوروپا رۆژی هەینی لەبارەی تورکیاوە کۆدەبێتەوە

بڕیارە رۆژی هەینی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەویەکی نائاسایی ئەنجام بدەن. کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە بارودۆخی تورکیا و بیلارووس.

جۆزێف بۆرەل نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەسەر پێگەی تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، لە بارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری بیلارووس و ئەو قەیرانەی تورکیا لە دەریای سپی دروستی کردووە، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی رێک دەخرێت.

بۆرەل رایگەیاند، کۆبوونەوەکە رۆژی هەینی بەڕیوە دەچێت و وتی:"لەو کۆبوونەوەیەدا کێشە بەپەلەکان گۆتوبێژ دەکرێن."

حکومەتی یونان رۆژ هەینی رابردوو لە لێدوانێکدا رایگەیاندبوو، تورکیا بووتە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی و بانگەوازیەکی ئاڕاستەی یەکێتی ئەوروپا کردبوو کە بە پەلە کۆببێتەوە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە تورکیا بە مەبەست گەڕان بە دوای سووتەمەنیدا، کەشتیەکانی خۆی ناردبووە رۆژهەڵاتی دەریای سپی. ئەم گەڕانەی تورکیا بۆ گاز و نەوت کە نزیکە لە قوبرس، چەندین مانگە بووەتە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی.

بە پێی یەکێتی ئەوروپا، ئەم هەوڵانەی تورکیا بۆ گەڕان بە دوای نەوت و گاز نایاسایین و یەکێتی ئەوروپاش چوارچێوەیەکی فشاری بۆ رووبەرووبوونەوەی کەس و رێکخراوەکان ئامادە کردووە.

یەکێتی ئەوروپا لە بارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری بەلارووس رایگەیاندووە، 'نە ئازادە و نە یەکسانە' و بەم شێوەیە هۆشداریدا بۆ دروستکردنی فشارەکانی.

ز.ش