بافڵ تاڵەبانی لە مۆسکۆ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کۆبووەوە

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەنەکە لە مۆسکۆ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کۆبووەوە و دوایین گۆڕانکارییە سیاسیی، ئابووریی و ئەمنییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا کردەوە.

بەگوێرەی میدیای فەرمی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی بۆ گەیاندنی پرسە و هاوخەمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە گەلی ڕووسیا، لە پاش هێرشە چەکدارییەکەی مۆسکۆ، گەیشتە مۆسکۆ و لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کۆبووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، سەرۆکی یەکێتی جەختی لە پتەوکردنی هەوڵە جیهانییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەویی و هەماهەنگیی نێوان وڵاتان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و لەناوبردنی پاشماوەکانی تیرۆر کە تاوەکو ئێستاش هەڕەشەن لە مرۆڤایەتی کردووەتەوە.

هەروەها لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی، جەختی لە گەشەپێدانی پەیوەندییە سیاسییەکان، بە ئاڕاستەی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە کردووەتەوە و داوای کردووە، سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت و وڵاتەکەمان نەبێتە شوێنی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان.

لەبەرامبەردا سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا پابەندبوونی ڕووسیای بە ئاشتیی درێژخایەن لە ناوچەکە دووپات کردەوە لە ڕێزگرتن لە سەروەرییەکانی عیراق، هاوکات هەردوولا دووپاتیان کردەوە، پێویستیی سەقامگیری سیاسیی و ئاشتییانەی عیراق و ناوچەکە بپارێزرێت.