بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفرۆکەوان لە سەر سنووری میسر ٦ کەس برینداربوون

راگەیەندرا کە لە شارۆچکەی تەبای میسر کە دەکەوێتە سەر سنووری ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیل، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆیەوە شەس کەس برینداربوون.

وتەبێژی سوپای میسر لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، رایگەیاند: "فڕۆکەیەکی بێفرۆکەوانی نەناسراو رۆژی هەینی لە نزیک بینای نەخۆشخانەی تەبای کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆیەوە شەش کەس برینداربوون".

ئەلقاهیرە نیوس کە کەناڵێکی نزیک لە هەواڵگری میسرە، لە هەواڵێکی پێشوویدا ئەوەی خستبووەڕوو، کە لە چوارچێوەی ئاڵۆزییەکانی غەززەدا موشەکێک هەڵدراوە، بەڵام دیارنییە کە چ لایەنێک ئەو مووشەکەی هەڵداوە.

شایەتحاڵانیش بە ئاژانسی هەواڵی فرانسپرێسیان راگەیاندووە، کە تەنێک بەر نەخۆشخانەکە کەوتووە.

تەبا دەکەوێتە کەناراوەکانی دەریای سور، لەبەشی سەرەوەی باکووری رۆژهەڵاتی نیمچە دورگەی سینا هەڵکەوتووە. دەروازەیەکی سنووری لەگەڵ ئیسرائیل هەیە. بیابانی باکووری رۆژئاوای نیمچە دوورگەی سینا هاوسنووری غەززەیە، لە رۆژهەڵاتیشەوە هاوسنووری ئیسرائیلە.