'هێرشەکانی تورکیا مەترسین بۆ سەر خەڵکی هەرێم و پێشێلکردنی سەروەری عێراقن"

وتەبێژی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لیوا تەحسین خەفاجی ئاماژەی بە مەترسی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاکی عێراق کرد و وتی ئەو هێرشانە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری خاکی عێراقن و مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵک دروست دەکەن.

هەرچەندە هەڵوێست و لێدوان لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکیش هەبێت، بەڵام بە کردەوە تائێستا هەنگاوێکی بەرجستە بەرامبەریان نەنراوە.

دەستەیەک دروست کراوە، بەڵام بێدەنگە

هەر لەو چوارچێوەدا ماوەیەک پێش ئێستا پەرلەمانی عیراق بۆ لێکۆڵینەوە لەبەکارهێنانی چەکی کیمیایی و قەدەغەی دەوڵەتی تورک لە هەرمی کوردستان دەستەیەک پێکهێنا، بەڵام تائێستا ئەو دەستەیە بێدەنگە.

'پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری عێراقە'

وتەبێژی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لیوا تەحسین خەفاجی لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق بە رۆژنیوزی راگەیاندووە کە بەردەوامی هێرش و بۆردومانەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری خاکی عێراقە.

'مەترسیە بۆ سەر ژیانی خەڵکەکەمان'

تەحسین خەفاجی باسی لەوەکرد کە دەبێت رێز لە سەروەری عێراق بگیرێت و وتی، "تورکیا بەردەوام هێرش دەکات، ئەوە پێشێلکردنی ئاشکراو سەروەری وڵاتەکەمان. مەترسی دەخاتە سەر ژیانی خەڵکەکەمان".

'ئێمە نابینە یارمەتیدەری هیچ هێرشێک، دەمانەوێت ئەو بابەتە چارەسەر بکەین'

سەرۆکی یەکێتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بافڵ تاڵەبانی قسەی بۆ پێگەی عێراق ئۆیل کردووە و تیایدا سەرنجی راکێشاوە بۆ سەر هێرشە داگیرکەرییەکانی تورکیا و ئێران. تاڵەبانی هێرشەکانی تورکیا وئێرانی شەرمەزار کردووە و وتویەتی: "ئێمە دەمانەوێت چارەسەرییەکی بۆ بدۆزینەوە. ئێمە هەرگیز رێگە بۆ هێرشی سەر کوردەکان خۆش ناکەین و نابینە هاریکار. ئەمە کاری ئێمە نییە کە لە هێرشەکاندا هاوکاری کەس بکەین. تەنیا لیوایەک بۆ پاراستنی سنوورەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان هەیە، ئێمە ئەو بابەتەمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی عێراق باس کرد. ئەوانیش بەڵێنیان دا کە زیاتر کۆنتڕۆڵی سنوورەکان بکەن".

تورکیا بۆردومانی هاووڵاتیان دەکات

جێگەی بیرهێنانەوەیە کە لە دوا نمونەدا لە ٢ی کانونی یەکەم فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورک لە گوندی گەڵاڵەی سەر بە شارباژێڕ بۆردومانی گروپێک لە هاوڵاتیانیان کرد کە بۆ کۆکردنەوەی گژ و گیای پایزە چووبوون و بەهۆیەوە عەزیز محەمەد رەسوڵ ژیانی لەدەستدا و ٥ کەسی تریش برینداربوون.

هەروەها لە ٢٠ی تەموزی ٢٠٢٢دا لە سەیرانگای پەرەخی زاخۆ دەوڵەتی تورک گەشتیارنای عەرەبی بۆردومان کرد و بە هۆیەوە ٩ مەدەنی کوژران و بە دەیانی تر برینداربوون.

هـ . ب