لە بەغدا بە نارنجۆک هێرشکرایە سەر ناوەندێکی دەنگدانی تایبەت

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی سەدری بەغدا بە نارنجۆکی دەنگی هێرشکرایە سەر ناوەندێکی دەنگدانی تایبەت.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد و لە گەڕەکی سەدری شاری بەغداش بە نارنجۆکی دەنگی هێرشکرایە سەر ناوەندێکی دەنگدانی تایبەت.

بە گوێرەی زانیارییەکان هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە، کێشەیەکی گەورە نییە و لێکۆڵینەوە لە بارەی رووداوەکە دەکەین.

جێی ئاماژەیە لە دەنگدانی تایبەتدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت، پۆلیس، سوپا، هەموو کەرتەکانی وەزارەتی ناوخۆ و هەروەها حەشدی شەعبی بەشداری دەکەن.

بڕیارە رۆژی دووشەممە ١٨ی کانونی یەکەم/ دیسەمبر دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت.

لایەنە کوردیەکان بەچەند لیستی جیاجیا بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە و لە هەوڵی بەدەستهێنانی بەشێک لە کورسیەکانی ناوچە جێناکۆکەکان لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکوک، سەڵاحەدین و دیالە.

هـ . ب