لە عێراق باران بارین بووە هۆی شۆرتی کارەبا و سێ کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستدا

لە عێراق و باشوری کوردستان چەند رۆژێکە بارانێکی بەخوڕ دەبارێت و ئەوەش کاریگەری لەسەر هاوڵاتیان دروست کردووە. لە باشوری کوردستان لە چەندین ناوچە لافاو دروست بوو. لە شاری بابلی عێراق لە رووداوی جیاوازدا کە کارەبا شورتی کردووە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا.

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، قوربانیان لە ترسی ئەوەی بارانەکە زیان بە ئامێرەکانی کارەبایی ماڵەکانیان دەگەیەنێت، لە ماڵەکانیان چوونەتە دەرەوە، بەڵام بەهۆی دەستکاریکردنی کارەباوە گیانیان لەدەستداوە.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیری عێراق بەهۆی خراپی دۆخی کەشوهەواوە، فەرمانی دەرکرد کە جگە لە ناوەندە ئەمنی و کاروبارە گشتیەکان، دەزگا ئیداریەکان دابخرێن.

لە باشوری کوردستانیش ناحیەی خەبات بەهۆی لافاوەوە زیانێکی زۆری بەرکەوت. هاوڵاتیان دەستیان بە پاککردنەوەی ئەو ئاوە کردووە کە چووەتە ماڵەکانیانەوە.

عێراق سێ ساڵ بوو رووبەرووی وشکەساڵی ببووە و بارانێکی کەم دەباری. ئەم بارانە زۆرەی ئەمساڵ جۆتیارانی بە تایبەتی خۆشحاڵ کردووە. لەگەڵ ئەوەی عێراق و باشوری کوردستان لە رووی داهاتی نەوتەوە دەوڵەمەندن بەڵام بیناسازیەکەیان بە باشی دروست ناکرێت و بە بەردەوامی تووڕەکانی کارەبا دەبڕدرێت و لافاو دەچێتە نێو ماڵی هاوڵاتیان.

نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق وەک یەکێک لەو پێنج وڵاتانە دەبینێت کە گەرمبوونی زەوی کاریگەری زۆری لەسەر دروست دەکات.

لە کۆتایی شوباتدا، بەرپرسان رایانگەیاندبوو کە ئاستی ئاوی لە باشوری دیجلە و فورات کە دوو رووباری گەورەن و لەنێو وڵاتدا تێدەپەڕن، زۆر کەم بووە. حکومەتی عێراق هۆکاری سەرەکی کەمی ئاوی عێراق بۆ گرتنەوەی بەنداوەکان دەگەڕێنێتەوە لە لایەن ئێران و تورکیاوە.

ف.ق