لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنێکی سەرتاسەری نوێ بەڕێوەدەچێت

لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بزوتنەوەیەی جەماوەری کە لە ١٦ی ئەیلولەوە دەستی پێکردووە لە رۆژی ٩٥ەمیندا بەردەوامە.

ئەو بزوتنەوە جەماوەرییەی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا بڵاوبووەتەوە، بە شێوەی چالاکی و خۆپیشاندان لە شەقام و هەوەها بە مانگرتن بەردەوامە.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان تا تاران و کرمان لە دەیان شار چالاکی ئەنجامدران.

بە گوێرەی سەرچاوەکانی بەرهەڵستکاران، چالاکییەکانی شەرمەزارکردنی تا ئێستا لانیکەم ٢٨٠ شاری گرتووەتەوە.

لە ١٩ی کانونی یەکەمەوە کە رۆژی ٩٤ەمینی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانبوو، بۆ ماوەی سێ رۆژ مانگرتنی نوێی سەرتاسەری دەستی پێکرد.

لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کرماشان، سنە، سەقز، کامیاران، دیواندەڕە، ئەیوان غەرب و زۆر شاری دیکە دوکانداران دوکانەکانیان نەکردووە.

تەرمی چالاکوان محەمەد حاجی رەسوڵی کە بە ئەشکەنجەی هێزەکانی دەوڵەت ژیانی لەدەستدابوو، لە شاری بۆکان بە دروشمی "شەهید نامرن" بە خاکسپێردرا.

لە مەهابادیش بە سەدان کەس بەشدارییان لە مەراسیمی چلەی فایەق مام قادریدا کرد.

 لە زۆر شاری ئێراندا چالاکییەکان بەردەوامن. ئەو دیمەنانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاکراونەتەوە دەریدەخەن کە لە میترۆی تارانیش چالکی ئەنجامدراوە.

لە شاری رەشت لە باکوری ئێران، بە پێشەنگایەتی ژنان رێپێوانێکی جەماوەری سازکرا، دواتریش گەنجان لە شەقامەکان ئاگریان کردەوە.

لەناوچەی گوڵشاری کەرەج گەل جارێکیتر رژانە گۆڕەپانەکان و ناڕەزایەتیان دەربڕی.

بەپێی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ١٦ ی ئەیلولەوە کە خۆپیشاندانەکان دەستیان پێکرد تائێستا لانیکەم ٤٦٩ کەس لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە کوژراون. هەروەها باس لەوەدەکرێت کە ٣٩ خۆپیشاندەر مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

رێکخراوە خۆجێییەکانی مافەکانی مرۆڤ باس لەوەدەکەن لە رۆژهەڵاتی کوردستان ١٢٢ کەس کوژراون.

ماڵپەڕەکانی سەر بە بەرهەڵستکارانیش ئاماژەیان بەوەکردووە، ٧٠٠ کەس کوژراون و ٣٠ هەزار کەس دەستگیرکراون.

هـ . ب