لەماوەی مانگێکدا ٥٥ جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا

پێنتاگۆن رایگەیاند، کە لە عێراق و سوریا لە ماوەی مانگێکدا ٥٥ جار هێرش کراوەتەسەر هێزەکانی ئەمریکا. راگەیەندرا کە لەو هێرشانەدا بە دەیان سەربازی بە سووکی برینداربوون.

بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە هێرشەکان بۆ سەر سەربازانی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکاس روویان لە هەڵکشان کردووە.

یاریدەدەری وتەبێژی پێنتاگۆن سابرینا سینگ رایگەیاند، لە ١٧ی تشرینی یەکەمەوە تائێستا ٥٥ جار هێرش کراوەتەسەر هێزەکانی ئەمریکا".

باسی لەوەشکردووە، لەو هێرشانە ٢٧یان لە عێراق و ٢٨یان لە سوریا ئەنجامدراون و ٥٩ سەربازی ئەمریکی بە سووکی برینداربوون.

واشنتۆن کە پشتیوانی سەرەکی ئیسرائیلە، تاران بە تێوەگلان لەو هێرشانە تۆمەتبار دەکات. بەو هۆیەوە تائێستا لە سوریا سێ جار ئەو لایەنانەی کردووەتە ئامانج کە پەویەندییان بە ئێرانەوە هەیە.

هـ . ب