مناڵە دەم‌بەخەندەکەی بەرخۆدانی وان: دەمزانی لەسەر هەقم

محەمەد ئۆرهان کە بە وێنەی دەم‌بەخەندەکەی بووە سیمبولی بەرخۆدانی وان، پاش ئازادکردنی لەپێش زیندان گوتی: "من دەمزانی لەسەر هەقم، ئەمە بەرخۆدانێکی ڕەوا بوو، ئێمەش سەرکەوتین".

محەمەد ئۆرهان

محەمەد ئۆرهان (١٨ ساڵ) کە لە بەرخۆدانی دژ بە کودەتای هەڵبژاردنی ئاکەپە لە وان دەستبەسەرکرا و خرایە زیندان، بە وێنە دەم‌بەخەندەکەی بووە سیمبولی بەرخۆدان، لەسەر تانەی پارێزەرەکانی لەلایەن دادگای سزای سوڵحی وانەوە ئازادکرا. ئۆرهان پاش ئازادکردنی، لەبەردەم زیندانی جۆری T ی وان لەلایەن هاوڵاتیان و کەسوکار و پارێزەرانەوە پێشوازی لێ کرا.

"گەیشتینە مافی خۆمان"

ئۆرهان لەبەردەم زیندان قسەی کرد و ڕایگەیاند هەرگیز مۆراڵ و زەردەخەنەکەی کاڵ نابێتەوە، گوتی: "لەکاتی دەستبەسەرکردن و لە زیندانیش مۆراڵم بەرز بوو. چونکە دەمزانی لەسەر هەقم. ئەمە بەرخۆدانێکی ڕەوا بوو، ئێمەش گەیشتینە مافەکانمان. ئەرکی ئێمە بۆ ئیرادەیەک بوو، ئێمە لەپێناو ئیرادەی خۆمان بەرخۆدانمان کرد. لێرەوە سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم کە پشتگیری لە ئێمە و بەرخۆدانمان دەکەن".