نوێنەرێکی خامنەیی لە باکوری ئێران کوژرا

ئەندامێکی ئەنجومەنی دەستەبژێران کە هاوکات نوێنەری عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئایینی ئێرانە لە باکوری ئەو وڵاتە کوژرا.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئیرنا عەباس عەلی سولەیمانی یەک لە ٨٨ ئەندامەکەی ئەنجومەنی دەستەبژێران کە باڵاترین ئۆرگانی دیاریکردنی رابەری ئایینی ئێرانە لە هێرشێکێکدا کوژراوە.

راگەیەندراوە کە هێرشەکە لەلایەن کەسێکی چەکدارەوە لە شاری بابۆلسەر و لە نزیک کەناراوەکانی دەریای خەزەر ئەنجامدراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان لە هێرشەکەدا سێ کەسی دیکەش برینداربوون و هێرشبەرەکەش دەستگیرکراوە.

سولەیمانی لەهەمان کاتدا نوێنەری عەلی خامنەیی بووە لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان.

لەئێران رووداوی هێرشکردنە سەر کاربەدەستانی ئایینی زۆر بە کەمی ئەنجام دەدرێن.

لە نیسانی ٢٠٢٢ لە شاری مەشهەد لە باکوری رۆژهەڵاتی ئێران دوو باوەڕمەندی شیعە کوژرابوون، راگەیەندرا کە ئەو کەسانە لەلایەن ئەندامانی گروپە جیهادییەکانەوە کوژراون.

هـ . ب