ریاز و دیمەشق راگەیەندراوی هاوبەشیان بڵاوکردەوە

حکومەتەکانی ریاز و دیموشق رایانگەیاند، کە لەپێناو چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا و کۆتاییهێنان بە گۆشەگیرکردنی دیمەشق لە جیهانی عەرەبی 'رێکاری پێویست'یان تاوتوێ کردووە.

لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات رایانگەیاند، بۆ ئەوەی حکومەتی دیمەشق جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ ناو وڵاتانی جیهانی عەرەبی، دەخوازرێت کە ' رێککەوتنێکی نیشتمانی' بێتەئاراوە.

وەزیری دەرەوەی سعودیە باسی لەوەکرد کە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی قەیرانی سوریا هەردوو لا پرسی هەڵگرتنی هەنگاوی پێویستیان تاوتوێ کردووە.

حکومەتی دیمەشق لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتە لە رووی دیپلۆماسیەوە گۆشەگیرکرابوو. بەڵام ژمارەی وڵاتانی عەرەبی کە پشتگیریان بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سوریا دەربڕی، روو لە زیادبوونە.

کاربەدەستانی ریاز هاوکات لەگەڵ دیدارەکانیان لەگەڵ شاندی سوری پێشوازییان لە شاندێکی ئێرانیش دەکرد. شاندەکەی تاران بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەکەیان لە ریازە.

وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعودیە بەر لە چەند رۆژ لە پەکین دیدارێکی مێژووییان ئەنجامدابوو. پەیوەندییە دیپلۆماتیکەکانی هەردوولا لە ساڵی ٢٠١٦ەوە پچڕابوون. لە دیدارەکەدا بە نێوەندگیری چین هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئەوەی سەرلەنوێ دەست بە پەیوەندییەکانیان بکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە بڕیارە رۆژی هەینی وڵاتانی ناوچەکە پرسی سەرلەنوێ ئەندامبوونەوەی سوریا لە کۆمکاری عەرەبی تاوتوێ بکەن. بریارە رۆژی هەینی کۆبوونەوەی ئاسایی کۆمکاری عەرەبی لە سعودیە بەڕێوە بچێت.

هـ . ب