شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین: غەززە لە ژێر بۆردومانی چڕدایە

ئیسرائیل بە دژواری بۆردومانی غەززە دەکات و بانگەوازی ئاگربەستی نەتەوەیەکگرتووەکانی رەتکردەوە.

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل دانیەل هاگاری لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە کە ئۆپراسیۆنی زەمینی لە دژی غەززە بەرفراوانتر دەبێت. هاوکات شەوی رابردوو غەززە بە چڕی بۆردومان کرا. راگەیەندرا کە ئەم هێرشە لەوانەی پێشتر دژوارتر بووە و تیادا زئتر بۆردومانی ئاسمانی ئەنجامدراوە. هەروەها ئیسرائیل داوای لە دانیشتوانی غەززە کرد بەرەو باشووری شارەکە پاشەکشێ بکەن.

تۆڕەکانی پەیوەندی پچڕاون

کاتێک بۆردومانەکان بەردەوام بوون کۆمپانیای پەیوەندییەکانی فەلەستین رایگەیاند کە لە غەززە خزمەتگوزاری پەیوەندییە تەلەفونیەکان، گەیاندن و ئینتەرنێت بە تەواوەتی راگیراون.

رێخراوی پزیشکانی بێ سنووریش راگەیاند کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوپیشەکانیان لە فەلەستین پچڕاوە.

پەیامنێری بی بی سیش بڵاویکردەوە، ئەو پەیامانەی کە لە رێگەی تۆڕی واتسئەپەوە بۆ کەسوکاری خۆیانیان لە غەززە ناردووە پێیان نەگەیشتووە.

نەتەوەیەکگرتووەکان بانگەوازی کرد، ئیسرائیلیش رەتی دەکاتەوە

کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان پێسنیازە بڕیارێکی لە بارەی راگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە پەسەند کرد.

١٢٠ وڵات پشتیوانییان لە پێشنیازە بڕیارەکە کرد، ١٤ وڵات لە دژی بوون، ٤٥ وڵاتیش دەنگیان نەدا.

ئیسرائیل بڕیاری نەتەوەیەکگرتووەکانی بۆ "ئاگربەستی مرۆیی" لە غەززە رەتکردەوە و وتی، کە ئەوان درێژە بە بەرگرییکردن لە خۆیان دەدەن.

زیانە گیانیەکان لە هەڵکشاندان، راگەیەندراوی جیاجیا لە دوو لایەنی شەڕەکەوە

بەگوێرەی دوا ئاماری تەندروستی غەززە لە ئەنجامی هێرش و بۆردومانەکانەوە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوەزیاتر لە ٧ هەزار و ٣٠٠ کەس کوژراون و کە زیاتر لە ٣ هەزار کەسیان منداڵن. هاوکات سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە باکووری غەززە ١٥٠ خاڵی حەماسیان کردووەتە ئامانج و فەرماندەیەکی باڵای ئەو بزوتنەوەیان کوشتووە. ئاشکراشی کردووە کە شەوی رابردوو بە ١٠٠ فڕۆکەی شەڕ غەززەیان بۆردومان کردووە.

لەلایەکی دیکەوە حەماس رایگەیاند، "داوا لە وڵاتانی عەرەبی، ئیسلامی و ئەنجومەنی ئاسایشی نێونەتوەیی دەکەین کە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و رێگری لە زنجیرە کۆمەڵکوژیەکان بکەن"، هاوکات کەتیبەکانی عزەدین قەسام باڵی سەربازی حەماس رایگەیاند، کە چەکدارەکانیان لە باکووری غەززە لەگەڵ ئیسرائیل تووشی شەڕ بوو.