بەرهەم ساڵح هێرشەکەی ئێرانی بۆ سەر خاکی عێڕاق شەرمەزار کرد

بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانی شەرمەزار کرد و دووپاتیشی کردەوە، دەستدرێژی بۆ سەر خاکی عێراق شەرمەزاریە و عێڕاق دەبێتە گۆڕەپانی جەنگێک کە پەیوەندی پێوە نیە.

ئێران لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولێمانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە هێرشی کردە سەر دوو بارەگای سەربازی ئەمەریکا لە عێراق. وەک کاردانەوەیەکیش سەرۆک کۆماری عێراق بەرهەم ساڵح ئەو هێرشەی شەرمەزار کرد و دوپاتی کردەوە کە نایانەوێت خاکی عێڕاق ببێتە گۆڕەپانی جەنگی هیچ لایەنێک.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کردوە بە وردی چاودێری ڕەوشەکە دەکەن و لە ئێستادا ناوچەکە زۆر مەترسیدار بووە، هەروەها ئەم دەستدرێژیە دووبارانەی شەرمەزار کرد کە بەردەوام دەکرێتە سەر خاکی عێراق.

 بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەش کردوە، هۆکاری بوونی سوپای ئەمەریکا لە عێراق بەپێی ڕێکەوتنی نێوان ئەمەریکا و بەغدایە و لە پێناو شەڕی تیرۆر لێرە بونیان هەیە، ئەو بابەتانە پەیوەندی بە ناوخۆی عێراقەوە هەیە و پێویستە ڕێز لە سەروەریی عێراق بگیرێت.

لە کۆتاییدا بەرهەم ساڵەح ئاماژەی بەوەش کردوە کە پێویستە هەموو لایەنەکان لەسەرخۆ بن و بڕیاری ژیرانە بدەن و عێراق لە هەموو کاتێ زیاتر پێویستی بە یەک ڕیزی هەیە، لە پێناو ئەوەی لایەنگر نەبین و ئەمن و ئاسایشی وڵات بپارێزین.

ز.ش