بەهۆی مەترسی لافاوەوە ٩ شارلە پارێزگەی خوزستانی ئێران چۆڵدەکرێت

لە بەردەوامی بارانبارینەکانی چەندین ڕۆژی ڕابردوو، بەهۆی مەترسی لافاو فەرمانی چۆڵکردنی ٩ شاری پارێزگای خوزستان لە باشور ڕۆژئاوای ئێران درا.

بە گەیشتنی شەپۆلێکی نوێی بارانبارانی بەلێزمە کە ئەمڕۆ دیسان دەستپێدەکات، پارێزگاری خوزستان فەرمانی چۆڵکردنی نۆ شاری ئەو پارێزگایەی دەرکردووە و داوای لە دانیشتوانی ئەو شارانە کردووە، هەرچی زووە ماڵەکانیان چۆڵبکەن.

ئەو شارانەی لە پارێزگای خوزستان فەرمانی چۆڵکردنیان دراوە ئەمانەن: چوار شار لە دەشتی ئازادگان (سوسەنگرد، بوستان، ئەبوحەمیزە و کوت)، شاری ڕەفیع لە ناوچەی هویزە، شاری حەمیدیە، هەروەها شارەکانی؛ گوریە، دارخوین و ئلهایی.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە دامەزراوەی کەشناسی ئێران پێشبینییکردووە، ئەمڕۆ لێشاوێکی نوێی بارانبارین دەستپێدەکات و جگە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناوچەکانی باکور و ناوەندی ئێرانیش دەگرێتەوە و تا سبەینێ بەردەوام دەبێت.

لە ئێستادا زۆرترین مەترسی لەسەر پارێزگای خوزستان لەباشوری ڕۆژئاوای ئێرانە، بەتایبەت ئەو شوێنانەی نزیکن لە ڕووبارەکانی دز و کارون، هەروەها مەترسی لافاو لەسەر بەشێک لە ناوچەکانی پارێزگای لوڕستان لە ڕۆژهەلاتی کوردستان هێشتا ماوە و هەندێک لە گوندەکان لە گەمارۆی لافاون.

بارانبارین تا ئێستا زیانی گەیاندووەتە زیاتر لە ٢٣ پارێزگا لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناوەندە فەرمییەکانی ئێران، باس لە گیان لەدەستدانی ٧١ کەس دەکەن، بەڵام ئامارە نافەرمییەکان باس لە گیان لەدەستدانی ٢٠٠ کەس لە ئەنجامی ئەو لافاوانە دەکەن.