پێشبینی هەڵکشانی خۆپیشاندان دەکرێت لە عێڕاق

لە پاش چەند مانگێک لە خۆپیشاندان ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت بریتیە لە گرتنی پردەکان و بۆنی دوکەڵ و سوتانی تایەی ئۆتۆمبیل لە جادە گشتیەکان و بەشدار بونێکی فراوانی گەل لە ناو خۆپیشاندانەکان.

بە بڕوای خۆپیشاندەران لە پاش ئەو هەموو کاتە و چارەسەر نەکردنی کێشەکانی هاوڵاتیانی عێڕاق، بگرە نەک چارەسەر کردنی کێشەکانی هاوڵاتیان بەڵکو حکومەتێک نەتوانێ سەرۆک وەزیرانێک دەسنیشان بکات چاوەڕێی چاکسازی لێ ناکرێت. بۆیە ئەمڕۆ دەبینین شەپۆلێکی دیکەی خۆپیشاندان دەستی پێکردەوە لە بەغدا و ناوچەکانی خواروی عێڕاق.

خۆپیشاندەران پێشنیاریان هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک وەزیران و کابینەی نوێی حکومەت بەڕێوە دەبات، ئەوان پێیان وایە ئەو کەسەی کە دەبێتە سەرۆک وەزیران دەبێت لە ٢٠٠٣ بە دواوە هیچ پۆستێکی سیاسی نەبوبێت چونکە بە بڕوای خۆپیشاندەران ماوەی ١٦ ساڵە ئەوەی لەسەر دەسەڵات بووە گەندەڵ و دز بووە، بۆیە چاوەڕێی چاکسازیش لەو جۆرە کەسانە ناکرێت.
 

خۆپیشاندەران بە دروشمەکانیان ئەمڕۆ داوایان دەکرد کە پێویستە حکومەت لە دەستی حزبی گەورەدا نەبێت، لە زۆر جێگای دیکەش داوایان دەکرد سەر لە بەری ئەم حکومەتە هەڵبوەشێتەوە و شێوازێکی نوێی حکومڕانی دابمەزرێت.

ئەوەی کە جێگای سەرنجە ئەوەیە پەرلەمان و سەرۆک کۆمار کار بۆ مژارێک دەکەن، خۆپیشاندەرانیش هەوڵ بۆ مژارێکی دیکە دەدەن.

ز.ش