'بە هێرش بە یەپەژە ناوێرین'

شەڕڤانانی یەپەژە ڕۆناهی خەبات و دیجلە تربەسپی لە چەندین هەڵمەتی دژ بە داعش بەشدارییان کردووە لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دا برینداربوون وتیان: بە هێرش بە یەپەژە ناوێرین و هەمیشە گەلی خۆیان دەپارێزن.

 

شەڕڤانانی یەپەژە ڕۆناهی خەبات و دیجلە تربەسپی ڕایانگەیاند، ئامانجی دەوڵەتی تورک لە هێرشی فرۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ تێکشکاندنی شۆڕشی رۆژئاوا بۆ تۆڵەسەندنەوەی داعشە.

ڕۆناهی خەبات شەڕڤانی یەپەژە لە ڕۆژی ٣ی شوباتی ٢٠٢٢ لە گوندی خەرەز لە ڕێگای عامودێ- دربەسیە لە کاتی ڕۆیشتنی بۆ مەراسیمی بەخاکسپاردنی هەڤاڵێکیدا لە هێرشی فرۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک دا بریندار بوو و قاچی لەدەست دا. شەڕڤانی یەپەژە  رۆناهی لە تەمەنی بچووکیەوە لە رێگەی بنەماڵەکەیەوە ئاشنا بووە بە تێکۆشان و بەرخۆدان، لە سەریکانی، جەزعە، مەبروکا، ڕەقا، تەبقا و منبج لە دژی داعش شەڕی کردووە.

شەڕڤانی یەپەژە ڕۆناهی بەم شێوەیە باسی لەو قۆناغ و پرۆسەیە کرد:

لە سەرێکانییەوە بۆ ڕەقا

لە ساڵی ٢٠١٣دا لە سەرێکانی لە دژی بەرەی نوسرە شەڕم کرد. ئامانجی بەرەی نوسرە لەم شەڕەدا دیلکردن و ڕفاندنی ژنەشەڕڤانەکان بوو. بەو دڕندایەتییەوە هێرشیان دەکردە سەرمان، بەڵام لەو شەڕە قورسدا ئێمە وەک شەڕڤانانی یەپەژە بەرخۆدانی گەورەمان کرد. ئێمە باوەڕمان بە خۆمان هەبوو و بە فکر و ئیرادەی خۆمان لە دژی ئەو چەتانە شەڕمان کرد، کە لە مرۆڤایەتی بێبەش بوون، ئێمە هەڵمەتەکەمان سەرخست. پاش ماوەیەکی کەم لە ساڵی ٢٠١٤، هەڵمەتی شەهید ڕوبار دەستی پێکرد و من بەشداری ئەو  هەڵمەتەشم کرد.

ئێمە شەڕڤانانی یەپەژە هێزی ئیرادەی ژنانمان بە دۆست و دوژمن نیشان دا. سەرەڕای تێڕوانینی زایەندپەرەستی و سێکسیزمی کۆمەڵایەتی، ئێمە ژنانی شەڕڤانمان سەلماند و خستمانە بەرچاوی هەموان، کە چۆن دەتوانین دژی ئەو دڕندەییە شەڕ بکەین. زۆرێک لە هەڤاڵانمان تا دوا هەناسەیان شەڕیان کرد و شەهید بوون. لە جەزعە و مەبروکاش زۆر بە بەهێزی و گەورەیی شەڕمان کرد. بە ورە و لێهاتوویی و ئەدائی خۆمانەوە ئەو هەڵمەتەمان بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام گەیاند.

پاشان بەشداریم لە پرۆسەی ڕزگارکردنی ڕەقا دا کرد. ڕەقا بۆ داعش شوێنێکی گرنگ بوو، پڕۆسەی رزگارکردنی بۆ ماوەی ٥ مانگ بەردەوام بوو. لە هەڵمەتەشدا بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و هەموو جۆرە شێوازێکی تری دڕندانە هێرشیان دەکردە سەرمان، دیسان لەم هەڵمەتەشدا هێزی خۆمانم بینی و سەلماند. هێز و ئیرادەی ئێمە دیوارێک نییە، کە بڕوخێت، ئاسنێک نییە کە بشکێت، بەردێک نییە کە درزببات، چونکا ئێمە هێز و ئیرادەی خۆمان لە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ وەردەگرین.

تورکیا تۆڵەی داعش دەکاتەوە

چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر زیندانی سەناعە لە حەسەکە. سەرەڕای ئەوانەی لە زینداندا بوون دەیانویست بە کۆمەڵکوژییەکی گەورە حەسەکە داگیر بکەن. ١٢١ هەڤاڵمان قارەمانانە شەڕیان کرد و شەهید بوون. کاتێک من دەڕۆیشتم بۆ مەراسیمی بە خاکسپاردنی هەڤاڵێکی شەهیدم لە ٣ی شوباتی ٢٠٢٢ لە گوندی خەرەز لە نێوان عامودێ و دربسیە بە هێرشی فڕۆکەی بێ فرۆکەوان بریندار بووم و من قاچی خۆم لە دەستدا. دوو هەڤاڵی تری ژن و ئەو هەڤاڵەی ئۆتۆمبێلەکەی لێدەخوڕی هیچیان لێ نەهات. دەوڵەتی تورک هەوڵیدا بەو هێرشە تۆڵەی شکستهێنان بە هەوڵی هەڵهاتنی چەتەکانی داعش لە زیندانی سەناعە بکاتەوە.

دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی ئەم هێرشە ویستی سەرکەوتنی خۆی بە هەموو جیهان ڕابگەیەنێت، بەڵام هەرچەندە من بە سەختی بریندار بووم، بەڵام دەستبەرداری تێکۆشان نەبووم. گوایە هەموو کەسێک دەیەوێت لە ئامانج و مەبەستی ئەم هێرشانە تێبگەیت، بەڵام لە ڕاستیدا هەموو جیهان دەزانێت مەبەست و داخوازی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر چییە .ئەردۆغان تەنها یەک کێشەی هەیە، دەیەوێت ئەو کەسانە لەناوببات کە پێشەنگایەتیان بۆ تێکشکاندنی داعش کردووە و داعش رێکبخاتەوە. تێکۆشانی ئێمە نوێ نییە، ئێمە چەندین ساڵە شەڕ دەکەین لەبەر ئەوە ئێمە هەرگیز واز لە تێکۆشانمان ناهێنین".

شەڕڤانێکی دایک، کە هەردوو قاچی لەدەست دا

دیجلە تربەسپی دایکی منداڵێکە و ئەندامی بەڕێوبەرایەتیی ئەنجومەنی سەربازیی قامیشلۆیە. لە کاتەوە ئاشنا بوو بە ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشدا بەشداری لە ڕیزەکانی یەپەژەدا کرد و بووە شەڕڤانانی یەپەژە. بەشداریی لە هەڵمەتەکانی ڕزگارکردنی تل حەمیس، تل بەراک، جەزعە، حەسەکە، کۆبانێ، گرێسپی، سلوک، منبج و شەنگال دا کرد.

لە ٣ی ئایاری ٢٠٢٢ لە شاری قامیشلۆ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە فڕۆکەی بێ فرۆکەوان کرایە ئامانج و لەبارەی ئەو ساتەوە وتی: "کاتێک لەگەڵ هەڤاڵانمان کیسرا مەلەک، مزگین بۆتان و دیلان لە ئەرکدا بووین لە شاری قامیشلو هێرشیان کردە سەرمان. لەو هێرشەدا شەڕڤانی یەپەژە مزگین بۆتان و وڵاتپارێز کیسرا مەلەک لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کوژران. لە هەمان هێرشدا من هەر دوو قاچم لە دەست دا.

ئێمە لە پاراستنی گەلەکەمان ناوەستین

دەوڵەتی تورک باش لەوە ئاگادارە، ئەو شوێنەى ژنی تیادایە لەوێ ئازادی، ژیان، یەکسانی و دادپەروەری هەیە. دەوڵەتی تورک دەیەوێت شۆڕشی ڕۆژئاوا لە کەسایەتیی ژناندا لەناوببات. ئەوەی بەسەرماندا هاتووە یەکەم هێرش نییە. دەوڵەتی تورک پێشتریش چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر ژنانی ئەم خاکە. دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی هێرشبەر  فەرماندە گشتییەکانی قەسەدە و یەپەژە سۆسن بیرهات، ڕۆناهی کۆبانێ، دلار حەلەب، ژیان تۆلهلدان، ڕۆژ خابوور و بارین بۆتان شەهید کردووە. دەوڵەتی تورک دەیەوێت خەڵکی ڕۆژئاوا پاکتاو بکات، بۆ ئەو مەبەستەش رۆژانە هێرش دەکاتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و کۆمەڵکوژی دەکات، بەڵام  ئێمە وەک شەڕڤانانی یەپەژە، چی ڕوودەدا با ڕووبدات، لە پاراستنی گەلەکەمان ناوەستین".

ژ.ت