واژۆکەران لە نامەیەکی کراوەدا کە ڕادەستی کۆنسوڵخانەی عێراق لە بروکسل کراوە، ئاراستە کراوە بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئانتۆنیۆ گویترس و سەرۆکی کۆنسەی ئەوروپا چارلس میشیل و سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع ئەلسودانی، داوا دەکەن چیتر کوشتنە نایاساییەکان دژی ژنان بێ لێپێچینەوە تێنەپەڕێت.
لە سەرەتای نامەکەدا هاتووە: " ساڵێک لەمەوبەر لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ڕۆژنامەوان، ئەکادیمیی و داکۆکیکاری مافی ژنان ناگیهان ئاکارسەل لە کاتی دەرچوونی لە ماڵەکەی لە گەڕەکی بەختیاری لە ناوەندی شاری سلێمانی، لە باشووری کوردستان-عێراق تیرۆر کرا. لەو کاتەوە خەم و پەژارەمان و هەروەها بەدواداچوونمان لە پێناوی دادپەروەرییدا بەردەوامە. تا ئێستا هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی و سیاسی نەگیراوەتەبەر لە کەیسی ناگیهان ئاکارسەل یان بۆ ڕێگریکردن لە کوشتنی سیاسی زیاتر. داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەوانان، هونەرمەندان و ڕێکخراوەکانی ژنان لە هەموو ناوچەکانی کوردستان و لە سەرانسەری جیهان دەکەین کە ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر".
هەروەها لە درێژەدا هاتووە: "ڕۆژێک دوای تیرۆرکردنی ناگیهان ئەکارسەل پۆلیسی سلێمانی بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە ئەنجامدەرانی تیرۆرەکەیان دەستگیر کردووە. ئاماژەیان بەوەش کرد، ئەو کەسانە لە ڕێی هەڵهاتن بوون بەرەو هەولێر و لە ئەنجامی بەدواداچوون و هاوکاری چڕ و پڕی نێوان هێزە ئەمنییەکانی هەولێر و کۆیە لە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، دەستگیر کران. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکاندا بڵاوبوونەوە، بکوژی ناگیهان ئاکارسەل ناوی ئیسماعیل پەکەرە، خەڵکی ناوچەی ماماکی ئەنقەرەی تورکیایە. ئەو، لە لایەن ڕێکخراوی هەواڵگری نەتەوەیی تورکیا (میت) ئەرکدارکرا بۆ ئەنجامدانی ئەو تیرۆرە. ئەو ڕاستییەی کە پەکەر لە لایەن میتەوە ڕاسپێدراوە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق عەلی ڕزا گوینەی، پشتڕاست کرایەوە. لەو کاتەوە، هیچ هەنگاوێکی یاسایی بۆ سزادانی تاوانبار و ڕوونکردنەوەی پاشخانی سیاسی ئەم کوشتنە نەنراوە. نە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نە دەسەڵاتی عێراق، هیچ هەوڵێکیان نەداوە، بۆ سزادانی بەرپرسان، یان لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانیی ئەم کوشتنە لەیاسابەدەرە".
لە درێژەدا تیشکخراوەتە سەر ڕۆڵی ناگیهان ئاکارسەل لە دۆزی ئازادی ژنان و پەروەردەکردن و ڕێکخستنی ژناندا، هەروەها لە کەسێتی و هەڵوێستەکانی خۆیدا دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی" هەڵگرت کە بووە درووشمی سەرەکی شۆڕشی ئێران بە پێشەنگایەتی ژنان.
دووپاتی دەکەنەوە، کوشتنی ناگیهان ئاکارسەل بەشێکە لە زنجیرەی کوشتنی سیستەماتیک و نایاسایی ژنانی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە. هەر بۆیە: "لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ بزووتنەوەی ژنانی کورد لە ئەوروپا (TJK-E) هەڵمەتی ١٠٠ هۆکار – واتە ١٠٠ دۆسیەی کوشتنی لەیاسابەدەری ژنان– بۆ دادگاییکردنی ئەردۆغان و حکومەتی ئاکەپە لەسەر سیاسەتی ژنکوژیی وەگەڕخست. لەو هەڵمەتەکەی کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان وەگەڕخرا، ٢٣٥ هەزار و ٧٢٧ کەس پشتیوانی خۆیان بۆ داواکاری تۆمەتبارکردنی ئەردۆغان واژۆ کرد".
ئاماژە بەوە دەکرێت، لیژنەی نەهێشتنی هەڵاواردنی دژی ژنانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە تورکیا کردووە، چیتر دەست لەم کارانە هەڵبگرێت و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و بێلایەن بە هاوکاری لایەنە نێونەتەوەییەکان پێکبهێنێت. بەڵام هیچکام لەم ڕاسپاردانە جێبەجێ نەکراون. بەڵکو ڕەوشەکە خراپتر بووە. بەتایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان، هێرش بۆ سەر ژنان و ئازادیخوازان و ڕۆژنامەوانان زیاتر بووە، لە نموونەی بەئامانجگرتنی کارمەندانی کەناڵی ژن تیڤی، تاوانەکانیش بێ سزا تێپەڕیون. بەهەمانشێوە لە شۆڕشەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پاش کوشتنی ژینا ئەمینی، چەندەها ژن کوژراون و ئەشکەنجەدراون، بەبێ هیچ لێپێچینەوەیەک لە تاوانباران.
بۆیە بانگەواز لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، هەڵوێست وەربگرن، دادپەروەری بۆ ناگیهان ئاکارسەل و ژنانی کوژراوی تر بەدی بهێنن.
واژۆکەران داوا دەکەن بەپەلە ئەم ڕێوشوێنانە بگیرێتە بەر:
"• لێپێچینەوە و سزادانی تاوانباران و کەسانی بەرپرسیار لە تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل و هەموو کوشتنەکانی تری لەیاسابەدەر.
• داخستنی ئاسمانی عێراق و سوریا بەڕووی هێزەکانی ئاسمانی تورکیا، لەوانەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازی ( فڕۆکەی بێفڕۆکەوان).
• داواکردن لە تورکیا بۆ وەستاندنی هێرشە نایاساییەکانی و سیاسەتی داگیرکاریی، شەڕ و تیرۆرکردنی سیستماتیکی ژنانی داکۆکیکاریی ماف و خەڵکی دانیشتووی هەر بەشێکی کوردستان، بەتایبەتی خاکی عێراق و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
• بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، لێپێچینەوە لە تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی – لەوانەش جینۆساید و فێمیساید (ژنکوژی)- کە لەلایەن ئەردۆغان و حکومەتی ئاکەپە ئەنجامدراوە.
• دەستەبەرکردنی دادپەروەری لە دۆزی ژینا ئەمینی و هەموو ئەو ژنانەی دیکە لە ئێران کە بە هۆی تێکۆشان لە پێناو ماف و ئازادی ژنان تیرۆر کراون، ئەشکەنجە دراون یان زیندانی کراون".
لەکۆتاییدا واژۆکەران بانگەواز لە هەمووان دەکەن و دەڵێن: داواکانمان وەک داوای خۆتان وەربگرن و هەنگاوی خێرا بنێن بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری بۆ ڕێگریکردن لە کوشتنی زیاتر.
تێبینی: تکایە دەکرێت ناوەکانتان بنێرن بۆ ئەم ناونیشانە:
[email protected]"