بەری خۆر بە بێژینگ ناگیرێت!
گەڕاندنەوەی شوناسی دزراو و نکۆڵی لێکراو بۆ نەتەوەیەک کە رووبەڕووی توانهوه و قڕكردنی كولتووری بۆتەوە، ئەمڕۆ خودی ئەو شوناسە بووە بەو خۆرە و شاردنەوەی مەحاڵە.
گەڕاندنەوەی شوناسی دزراو و نکۆڵی لێکراو بۆ نەتەوەیەک کە رووبەڕووی توانهوه و قڕكردنی كولتووری بۆتەوە، ئەمڕۆ خودی ئەو شوناسە بووە بەو خۆرە و شاردنەوەی مەحاڵە.
پێشینان دەڵێن بەری خۆر بە بێژنگ ناگیرێت. واتە ناتوانرێ بەر بە ڕاستیەکان بگیرێ و دواجار حەقیقەت هەر بەر ڕوناکی دەکەوێت و ئەوانەش کە دەیانویست ڕاستیەکان بشارنەوە شەرمەزار دەبن. لە هاوكێشه نێودهوڵهتییهكاندا بە درێژایی چەندین سەدە ههوڵدراوە بۆ کپکردن و بێدەنگکردنی خواستی ئازادی بۆ مافەکانی گەلی کورد و خواستی ئاشتیانەیی گەلی کوردیش هەر بە سەرکوتکردن و چەوسانەوە وەڵام دراوەتەوە.
حەقیقەت ئەوەیە کە باوباپیرانی ئەو سەرزەمینەک کە ئەمڕۆ پێیدەڵێن 'کوردستان' یەکەم لانکەی مرۆڤایەتی و شارستانییان ڕاژەنیوە، بەڵام لە مێژووی نوێدا هەمیشە ئەم ڕاستیە لەلایەن زلهێزەکانەوە نکوڵی لێکراوە هەوڵی شاردنەوەی دراوە. ئەو حەقیقەتەی کە گەلی کورد خاوەنی یەکێکە لە دێرینترین شوناسەکانی دونیا و لەهەمان کات لە بوارەکانی كۆمهڵایهتی، کولتوری، زمانەوانی، ئاینیی و هتد.
هەمیشە نکوڵی لێکراوە و شوێنەوارە مێژووییەکان و ئەو هەموو دیوار و قەڵا نەخشێنراوەش کە گەواهیدەری یەکەمین هەنگاوە زانستی و وێژەیی و یاسایی و شارستانیەکان، کە شوێنپەنجەی باووباپیرانی گەلی کوردن، داگیرکەران هەمیشە هەوڵیانداوە لەلاپەڕەکانی مێژوودا بیسڕنەوە ، یاخود هەوڵی بەلاڕێبردن و گۆڕینی شوناسەکانیان دراوە و بەناوی تر و لەبن مێژووی شارستانیەتی تردا پۆلێنیان کردووە.
لەلایەکی تر لە مێژووی نوێدا داگیرکەران و زلهێزە هەرێمی و جیهانیەکان هەر بە ئاوەژوکردنی مێژووی شارستانیەتی کوردستانەوە نەوەستاون، بەڵکو لە کۆمەڵکوژی و ڕاوەدوونان و کۆچی زۆرەملێ و بەکارهێنانی هۆڤانەترین شێواز لە چەکی قەدەغەکراو و سێدارەش درێغییان نەکردووە و هەمیشە هەوڵیان داوە کە گەلی کورد ئەو درۆیەی ئەوانی لەلا ببێ بە حەقیقەت کە کورد مرۆڤگەلێکی بێشوناسن و ناتوانن ژێانێکی ئازاد و شکۆمەندانە بۆخۆیان دەستەبەر بکەن.
پێلانگێڕی نێودهوڵهتی لە ١٥ شوباتی ١٩٩٩ لە سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامی هەمان گەلەکۆمەی نێودهوڵهتی و مێژووییە کە لەسەر سیاسەتی نكۆڵیكردن و قڕكردن چەقیبەستووە. گەلەکۆمەی نێودهوڵهتی لەسەر رێبەر ئۆجالان هەڵگری ئەو پەیامە بوو کە زلهێزان ئامادە نەبوون دان بەو راستیەدا بنێن و مافی رەوای گەلی کورد بە فهرمی بناسن. هەروەها لە بەردەوامی هەمان پرۆژەی پارچەکردن و لەنێوبردنی نەتەوەی کوردە کە لە پەیمانی لۆزان و هەروەها پەیمانی ئەلجەزیرە بۆ چەوساندنەوە و پشتگوێخستنی مافی رەوای کورد لە دەرەوەی ئیرادەی خۆی رێکەوتنی لەسەر کراوە. نزیکەی نیو سەدەیە شۆرشی کورد بە پێشەنگایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان و بە رێبەرایەتی بەڕێز ئۆجالان تێکۆشان دەکات بۆ گەڕاندنەوەی شوناس و ناسنامهی ئەو نەتەوەیە کە شوناسی لێ دزراوە و خاكهكهی داگیر کراوە. گەڕاندنەوەی ئەو شوناسەش بۆ نەتەوەیەک کە رووبەڕووی توانهوه و قڕكردنی كولتووری و نكۆڵیكردن بۆتەوە، ئەمڕۆ خودی خۆی بووە بەو خۆرە و شاردنەوەی مەحاڵە. هەر وەک بەڕێز ئۆجالان خۆی ئاماژەی پێدەدات کە "ئەو خەباتە وەک هەڵکەندی بیرە بە دەرزیەکی بچوک"، بێگومان ئەو خەباتەش پێویستی بە یەکڕیزی و یەکخستنی خەباتێکی دەستەجەمعی و ههڵسهنگاندنی سۆسیۆلۆژی، جێۆپۆلیتیکی، دیمۆگرافی ڕاست و دروستیش هەیە، هەروەها پێویستی بە تێکهەڵچونەوەی مێژوو و سەراوژێرکردنیشی هەیە بۆ دۆزینەوەی ڕاستیەکان کە بەڕێز ئۆجالان بێ کەموکوڕی ئەنجامیداوە.
زیاتر لە ٥٠ ساڵ خەبات و تێکۆشان و ههڵسهنگاندن و لێکۆلینەوە لەپشت دارشتنەوەی ئەو پارادایمە نوێیەدا هەیە و هەڵکشانی لە کردار و پێوانەی ئێتیکیشدا لەلایەن هەڤاڵانی و گەلی کوردەوە بەرجەستەکراوە. ئەوەش بەرهەمی قوربانی و خوێنێکی زۆر و دەیان هەزار شەهیدە. جگەلەوەش بەرهەمی ۲٦ ساڵ گۆشەگیری و تێڕامان و خەباتێکی بێوچان و تەسلیمنەبوونە بە ئیرادەی داگیرکەران لەناو کونجی زیندانێکی تاکەکەسی.
هەربۆیە ئەو هەوڵ وتەقەلایەی کە زیاتر لە سەدەیەکە دەوڵەت-نەتەوە بە هاوکاری سیستمی بەرژەوەندیخوازی زلهێزەکان بۆ نکۆڵێکردن لە مێژیینەی گەلی کورد بەڕێوەی دەبات، ئەمڕۆ ناچاربوون چیدی ئەو سیاسەتە پەیڕەو نەکەن و دەست لە بەلاڕێدابردن و هەوڵدانی توانەوەی شوناسی گەلی کورد هەڵبگرن. ئەو مێژووەی لە ۱۰۰ ساڵی ڕابردوودا ئەوان لە زاگرۆس و هیلالی زێڕیندا بەشێوازێکی درۆزنانە و بەدڵی داگیرکەرانی کوردستان لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرد و ئەرشیفیان دەکرد، دەبێ ئیتر خودی خۆیان سەرلەنوێ بینوسنەوە و مەحکومن بە ڕاستکردنەوەی هەڵەکانیان و دەستهەڵگرتن لە سیاسەتی نکوڵیکردن، بەڵێ ئەوە بەرهەمی خەباتی ڕێبەر ئۆجالانە.