بزوتنەوەی ژنانی بەلوچستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە وەک بەشێک لە بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی بەلوچ ئەرکی ئەوان تێکۆشان و بەرەنگاربوونەوەی ستەم و چەوساندنەوەیە و لە هەمان کاتدا هاوسۆز و پشتیوانی خوشکە کوردەکانیان، چالاکوانانی مافەکانی ژنان و سەرجەم ئەو کەسانەن، لەپێناو دادپەروەری، ئازادی و یەکسانیدا تێدەکۆشن.
جەختیشی کردووەتەوە، "دەستبەسەرکردنی نایاسایی و رفاندن و بێسەروشوێنکردنی وریشە مورادی، بەرگریکاری مافەکانی ژنان لە کوردستان و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە شەرمەزار دەکەن.
بزوتنەویە ژنانی بەلوچستان ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ئەو زانیارییانەی لە بارەی ئەشکەنجەی قورس و هەڵسوکەوتی خراپ بەرامبەر وریشە مورادی لە کاتی دەستبەسەریدا بە دەستیان گەیشتووە، یەکجار مایەی نیگەرانییە. هەرلەو بارەوە داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو چالاکوانە کوردەیان کردووە.
وێڕا دووبارە شەرمەزارکردنی رفاندن و بێسەروشوێنکردنی وریشە مورادی، ژنانی بەلوچستان داوایان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کردووە کە دەمودەست دەستوەردان لەو بابەتەدا بکات و هەوڵەکانی بۆ ئازادکردنی ئەو ئەندامەی کژار بخاتەگەڕ.
بەپێی راگەیەندراوێکی پێشووی کژار رۆژی ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١ی ئابی ٢٠٢٣) ئەندامێکیان بە ناوی وریشە مورادی (جوانا سنە) کە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی کۆمەڵێک کاروباری سیاسی و ڕێکخستنی پێوەندیدار بە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، لە نزیک شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕفێندراوەو بۆ شوێنێکی نادیار راگواستراوە.
راشیگەیاندبوو: "لەم ماوەیەدا سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی هاوڕێمان وریشە مورادی بۆ دامودەزگا ئەمنییەکان، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو دەست نەکەوتووە. ئەم بابەتە نیگەرانی ڕێکخراوەکەی ئێمە “کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار” و هەروەها بنەماڵەکەی، سەبارەت بە دۆخی نادیاری ناوبراوی زیاتر کردووە."