چەتری ژنانی ڕێکخستنکراو؛ کۆنگرەی ستار

کۆنگرەی ستار لە ساڵی ٢٠٠٥دا لەلایەن ژنانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بە ناوی یەکێتیی ستار دامەزرا. لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بووە چەترێکی هاوبەش بۆ ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٥دا بە شێوەیەکی خۆبەڕێوەبەر و خۆسەر خۆیان ڕێکخست یەکێتیی ستار تا ساڵی ٢٠١٦ بەردەوام بوو. لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦دا لە ٦هەمین کۆنگرەی ئاساییدا ناوی خۆی کرد بە کۆنگرەی ستار. کۆنگرەی ستاریش لە ماوەیەکی کورتدا بوو بە چەترێکی هاوبەشی ژنان لە سەرتاسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

یەکێتیی ستار پێش شۆڕش لە ڕۆژئاوا لە دژی سیاسەت و نزیکبوونەوە زۆردارانە و چەوسێنەرەکانی عەقڵییەتی پیاوسالاری ڕژێمی بەعس بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و بە بڕیار خۆی لە نێو ژناندا ڕێکخست. سەرەڕای هەموو جۆرە فشارێک لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە هەرگیز دەستبەرداری ئەو خەبات و تێکۆشانەی نەبوو.

یەکێتیی ستار بە بەشداریی ٦٥ ژن لە گوندی ئەمس لە شاری قامیشلۆ دووەمین کۆنگرەی خۆی ساز کرد و بە ئەزموونی چەندین ساڵەى خۆی پێشەنگایەتیی بۆ شۆڕش کرد. تاوەکو سەرەتای پرۆسەی شۆڕش خۆی بە شێوەیەکی نهێنی و نایاسایی لەناو کۆمەڵگەدا ڕێکخست و لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش دا بوو بەڕێکخراوێکی رەوای گەل و بوو بە فەرمی. لە قۆناغی شۆڕشدا ڕۆڵی پێشەنگیان بۆ بە ڕێکخستنکردنی ژنانی پێشەنگی شۆڕش و ڕێکخستنکردنی شەڕڤانانی ژن دا گێڕا. تێکۆشانێکیان کرد، کە هەزاران ژن بەشداری لە کاروباری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بکەن.

سیستمی ژنی خۆسەر و خۆبەڕێوەبەر دامەزرا

کارەکانی بزووتنەوەی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە دامەزراندنی یەکێتیی ستار دەستیپێکرد و بە کۆنگرەی ستاریش بە بێ راوەستان بەردەوامە.

تێکۆشانی ڕزگاریی ژنان بە ئەزموون و سەرکەوتنەکانی یەکێتیی ستار لە ڕۆژئاوا، بە دامەزراندنی کۆنگرەی ستار بەرفراوانتر و دەوڵەمەندتر بوو.

کۆنگرەی ستار بە ڕێکخستنێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، کە خۆی رێکیدەخات، لە چەندین ناوچەدا بە تێکۆشانەکەی سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەر و خۆسەری ژنانی دامەزراندووە. مۆدێلی هاوسەرۆکایەتی، کە لەلایەن رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ بەشداریی یەکسانی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ئافرێنراوە، بە پێشەنگایەتیی کۆنگرەی ستار لە ڕۆژئاوای کوردستان خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

سیستەمی هاوسەرۆکایەتی لە ساڵی ٢٠١٢دا و لە ٥هەمین کۆنگرەی پەیەدەدا لە ڕێگەی ساڵح موسلیم و ئاسیا عەبدوڵاوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێتە مۆدێل و نمونە

کۆنگرەی ستار لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بە دروشمی "هەتا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگا ئازاد نابێت" لە دژی عەقڵییەتی داگیرکاری و دەوڵەتپەرەستی و باڵادەستیی پیاو، بە تێگەیشتنی کۆمەڵگایەکی ئازادیپارێزی ژن، دیموکراتیک و ژینگەیی خۆی گەورەتر و بەرفراوان کرد. پڕۆژەی سوریای دیموکراتیک و ڕۆژئاوایەکی ئازاد بۆ ژیانێکی ئازاد بە فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیکی گەلان بۆ خۆی کردە بنەما.

 لەبەرامبەر دەزگای خێزان و بنەماڵەى زایەندپەرەست و دەرەبەگایەتییانە، کە هەوڵ دەدرێت لە ناوچەکەدا خۆی بسەپێنێت، تێدەکۆشێت  لەسەر بنەمای پێوەرەکانی هاوژیانیی ئازاد، مۆدێلی خێزانی دێموکراتیک پێشکەش بە کۆمەڵگا بکات. لە دژی تێڕوانین و عەقڵیەتی نەتەوە – دەوڵەت بۆ پارچەکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاکان، بە دوور لە نەتەوەپەرەستی، تایفەگەری، مەزهەبپەرەستی، میلیتاریزم و زایەندپەرەستی، لە چوارچێوەی بەها ئاشتیخوازانەکان، دیموکراتیک، گەشبینی و هاوبەشیکردن و بەشداریکردن، لەسەر بنەمای خۆپاراستن هەوڵی دروستکردن و ئافراندنی ئەو عەقڵیەتە دەدات.

لە بریی تێگەیشتن و دیدی یاسا و مافەکان، کە لە نێو یاسا و مافەکانی دەوڵەتەکاندا قەتیس کراوە، بە پێی داخوازییەکانی کۆمەڵگاکان، لەسەر بنەمای پێشەنگایەتی بۆ پەیمانە کۆمەڵایەتییەکان، کە بنەمای ڕەوشت و ئەخلاقی کۆمەڵایەتی بۆ خۆی دەکاتە بنەما تێدەکۆشێت. پێداگری لەسەر مۆدێلی ژیانێکی وەها دەکات، کە ژنان لە سیاسەتەوە تاوەکو خۆپاراستن، لە دادپەروەرییەوە تاوەکو ئابووری، لە تەندروستییەوە تاوەکو هونەر و لە هەموو بابەت و بوارەکاندا ژنان بە ئاسانی خۆیان وێنا بکەن. بۆ ئەوەش هەموو ئەو بابەتانە بۆ خۆی دەخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە. قورسایی دەخاتە سەر ڕێکخستنکردن، پەروەردەکردن و بەهێزکردنی ژنان و بۆ ئازادی و یەکسانی تێدەکۆشێت.

کۆنگرەی ستار بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت بە مۆدێلێک و بە بڕیارەوە بەرەو پێش دەڕوات، هەم لە هەرێمەکە و هەم لە ئەوروپا نوێنەرایەتیی خۆی کردووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت کار بکات. لە باشووری کوردستان و لوبنانیش نوێنەرایەتیی هەیە. لە ئەوروپاش بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەڵمانیا، دانیمارک، سویسرا، بەلجیکا و هۆڵەندا  و لە زۆرێک لە وڵاتانی تری وەک ئەو وڵاتانەدا خۆی بە دامەزراوەیی دەکات.

کۆمۆن، ئەنجوومەن، ئەکادیمیا، هەرەوەزی و کۆمیتە

کۆنگرەی ستار خۆی لە شێوەی کۆمۆن، ئەنجوومەن، ئەکادیمیا، هەرەوەزی و کۆمیتە ڕێکدەخات. بەشێوەیەکی سەرەکی کۆمیتەى پەروەردە و ئەکادیمییەکان، کۆمیتەی کۆمەڵایەتی، کۆمیتەی سیاسی، کۆمیتەی پەیوەندییەکان و هاوپەیمانییەکان، کۆمیتەی خۆپاراستن، کۆمیتەى مافەکان و دادپەروەری، کۆمیتەی ئابووری، کۆمیتەی دارایی و دابینکردن، کۆمیتەی ڕۆشنبیری و هونەر، کۆمیتەى چاپەمەنی، کۆمیتەى تەندروستی و کۆمیتەى ژینگە، واتە لە ١٢ کۆمیتەدا کارەکانی خۆی رێکخستووە و ئەنجامیان دەدات.

ئەو کۆمیتانەی بۆ هەر بەش و لایەنێکی ژیانی کۆمەڵایەتی رێکخستووە و دایمەزراندوون. هەر کۆمیتەیەک بە دیسیپلین و سیستمی خۆی کار دەکات.

کارەکانیش بەپێی پێداویستییەکان دیاریکراوەکان و بەڕێوەدەچن.

ژ.ت