دانیشتنی دادگای ئەو رۆژنامەوانانەی کوژرانی ژینا ئەمینییان بڵاوکردەوە، دەستیپێکرد

رۆژنامەوانان نیلوفەر حامیدی و ئێلاهە موحەمەدی کە یەکەم جار لە مانگی ئەیلولدا لە تاران هەواڵی کوژرانی ژینا ئەمینییان بڵاوکردبووەوە، لە نۆیەم مانگی بەدیلگیرانیان برانە بەردەم دادگا.

 

رۆژنامەوانان نیلوفەر حامیدی یەکەم رۆژنامەنوسە کە هەواڵی لەبارەی ژینا ئەمنییەوە بڵاوکردەوە کە لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لە لایەن'پۆلیسی ئاکار'ەوە کوژرا، هەروەها ئیلاهە محەمەدی مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی ژینای رووماڵ کرد، کە بە دروشمی ' ژن، ژیان، ئازادی' بەڕێوەچوو. دوای تێپەڕبوونی ٩ مانگ بە سەر دەستبەسەرکردنیان برانە بەردەم دادگا.

یەکەمین دانیشتنی دۆسیەی پەیامنێری رۆژنامەی هەم میهەن ئێلاهە محەمەدی رۆژی ٢٩ی ئایار لە لقی ١٥یەمینی دادگای شۆڕش بە سەرۆکایەتی عەبدولقاسم سەلەواتی بەڕێوەچوو. دانیشتنەکە بە ئامادەبوونی پارێزەری رۆژنامەوانەکە و بەشێوەی داخراو بەڕێوەچوو. پارێزەری ئەو رۆژنامەوان شەهاب میرلەوحی یەکەم دانیشتنی بە ئەرێنی هەڵسەنگاند و ئاماژەی بەوەشکرد کە وادەی دانیشتنی داهاتوو دیارینەکراوە.

یەکەم دانیشتنی دۆسیەی پەیامنێری رۆژنامەی شەرق نیلوفەر حامیدی کە دوای ٩ مانگ دەستەبەسەری دادگایی دەکرێت لەهەمان لقی دادگای شۆڕش لە تاران بەڕێوەدەچێت.

رۆژنامەوان مینا ئەکبەری لەسەر هەژماری خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان رایگەیاند کە ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەوانان و چالاکوانان لەگەڵ بنەماڵەی ئیلاهە محەمەدی لەبەردەم دادگا لە شەقامی موعەلیمی تاران کۆبوونەوە. ئەوەشی خستووەتەڕوو، " ئیلاهە کاتژمێر ٠٩:٤٠ بە ئۆتۆمبێلێکی جام رەش هێنرا بۆ دادگا، بەڵام رێگە نەدرا کەس لە ئۆتۆمبێلەکە نزیک بێتەوە".

هەردوو رۆژنامەوانەکە لە ٨ی تشرینی دووەمدا تۆمەتی پڕۆپاگەندە دژی دەوڵەت و پیلانگێڕیی لە دژی ئاسایشی نەتەوەییان خرایە پاڵ ئەو تۆمەتبارکردە ئەگەری هەیە ببنە هۆی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەریاندا.

دوابەدوای کوژرانی ژینا ئەمینی، سەرهەڵدانێک کە هاوشێوەی لە ٤٥ ساڵی رابردوودا لە ئێران نەبیندراوە دەستیپێکرا. لە خۆپیشاندانەکاندا بەسەدان کەس کوژران و دەیان هەزار کەسیش دەستبەسەرکران.

هـ . ب