دەبەپە دژی بانگەوازی "تیرۆرکردنی تاڵەبانی" کاردانەوەی نیشاندا

دەبەپە دژی بانگەوازی "تیرۆرکردنی تاڵەبانی" سەرۆکی یەکێتی کاردانەوەی نیشاندا و ڕایگەیاند، "زۆر باش دەزانین حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە بە هاوپەیمانی و ڕێککەوتنی گڵاوی هەوڵی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەدات."

ئیسماعیل حەقی پەکین، بەرپرسی پێشووی ئیستخباراتی ئەرکانی گشتی سوپای تورک، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا بانگەوازی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردبوو. پارتی هەرێمە دێموکراتیکەکان (دەبەپە) سەبارەت بەو وتنانە لەسەر هەژماری خۆی لە سۆشیال میدیا لە بەیاننامەیەکدا کارادانەوەی نیشاندا و ئەو بانگەوازییەی شەرمەزار کرد. دەبەپە ڕایگەیاند کە بانگەوازی تیرۆر جیا لە بێ ئەخلاق بوونی سیاسی هەوڵێکە بۆ دەستوەردان و ئاژاوەگێڕیی لە ناوچەکە.

 دەبەپە لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەیدا وتی: "ئەم جۆرە قسە مەترسیدار و ورووژێنەرانە درێژەپێدان بە سیاسەتی دوژمنایەتی نێوان گەلانە.

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ لە ناوچەکە ڕایگەیاندبوو، "ئەگەر پێویست بکات ٢مووشەک لە سوریاوە دەتەقێنین و دەڵێین سوریا بووە". دەبەپە بەبیری هێنایەوە: "ئەقڵیەتی دەوڵەت کە دوێنێ هەوڵی لکاندنی خاکی ڕۆژئاوای دەدا، ئەمڕۆ بانگەوازی تیرۆرکردنیان هەمان ڕاستی ئاشکرا دەکات. گەلی هەرێمی کوردستان لە سەروبەری هەڵبژاردندان بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی خۆیان. لە هەمان کاتدا ئەم هەڵبژاردنە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە داهاتووی داگیرکارییەکانەوە هەیە. ئێمە زۆر باش دەزانین کە حکوومەتی ئاکەپە-مەهەپە بە هاوپەیمانی و ڕێککەوتنە گڵاوەکانی، هەوڵی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەدات و دەیەوێت لەسەر بنەمای هێڵی داگیرکارییەکانی شکست بە هەڵبژاردنەکان بدات. پێویستە ڕای گشتی ئەمە بزانێت کە هۆکاری ئەو هەموو ئاژاوەگێڕییانە لەکاتی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کەسانێکن کە ڕاستەوخۆ لە دژی کوردان بانگەوازی کۆمەڵکوژی دەدەن و گەورە سیاسییەکانیان ڕەوایەتی بە جۆرە لێداونانە دەدەن.

دەبەپە لە کۆتایی ڕایگەیاندراوەکەیدا دەڵێت: "بانگەوازیەکەی پەکین دەنگی ئەو کوتلە تاریکانەیە کە دەیانەوێت ململانێکان لە ناوچەکەدا قورستر بکەنەوە و ڕایگەیاندووە؛ لە هەر کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکدا بانگەوازی بۆ کوشتن و تیرۆر نییە و قسەو باسی لەسەر ناکرێت. ئێمە لە هەموو کاتێک زیاتر لە دژی ئەم عەقڵیەتە دەبینەوە و جارێکی تر دەڵێین تورکیە دەبێت دەست لە سیاسەتی کوشتن و تیرۆر هەڵبگرێت. ئێمە وەک دەبەپە ئەم عەقڵیەتە و هەر قسەیەکی فاشیستیانە بە توندی شەرمەزار دەکەین و دژی هەر جۆرە هێرش و پەلاماردانێکین کە ببێتە هۆی ئەوەی مافی ئاشتی و ژیانی گەل تێک بدات."