دەرهاوێشتەكانی شەڕی یەكساڵەی غەززە و چارەنووسی رژێمی ئێران

سەرەڕای هەوڵەکان بۆ ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس، بەڵام بەكردەوە ئەو ئاگرە هیچ كە نەكوژاوەتەوە بەڵكو لەپاش ساڵێك پریشكی ئاگرەكە لوبنانیشی گرتووەتەوە و رەنگە ئێران و تورکیاش بگرێتەوە.

 ساڵێك بەسەر شەڕی فەلەستین ـ حماس و ئیسرائیلدا تێپەڕ دەبێت. ستارتی شەڕەكە لەلایەن حەماسەوە لەحەوتی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ بەفیتی دەوڵەتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی دەستی پێكرد و لەوێدا پەلاماری گوندە سنوریەكانی باشوری ئیسرائیلیاندا و نزیكەی هەزار و پێنج سەد كەس كوژرا و بەبارمتە گیران و ئەو رووداوە بوو بەسەرەتایەك بۆ ئەوەی ئیسرائیلیش بەهەموو توانا سەربازی، لۆجستیكی، ئیستخباراتی، دیبلۆماسیەكانی خۆی و ناتۆ پەلاماری كەرتی غەززەی لەفەلەستین دا و تا ئەم كاتە بەدیاریكراوی نزیكەی چل و پێنج هەزار فەلەستینی كوژراون و بەهەزاران كەسیش بێ سەروشوێن و بەسەدان هەزار كەسیش ئاوارە بوون و كەرتی غەززەش لەژێر پەلاماری تۆپ و تانك و زرێپۆش و بۆمبارانی فرۆكەكانی ئیسرائیل شێف و وەرد دران و لەگەڵ خاكدا تەخت كراو و سەرخان و ژێر خانی هەرێمەكە بەچەشنێك وێران و كاول بووە كە بەدەیان ساڵ و بەسەدان ملیار دۆلار ئەو هەرێمە سەرلەنوێ نۆژەن ناكرێتەوە و دۆخێك هاتووەتە ئاراوە كە قەرەبووكردنەوە و ئاسایی كردنەوەی هەروا ئاسان نابێت.

سەرەڕای هەوڵدانە نێودەوڵەتیەكان بۆ ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس و گەڕانەوەی بارمتە ئیسرائیلیەكان، بەڵام بەكردەوە ئەو ئاگرە هیچ كە نەكوژاوەتەوە بەڵكو لەپاش ساڵێك پریشكی ئاگرەكە لوبنانیشی گرتووەتەوە و ئیسرائیل بەتاكتیك و بەكارهێنانی تەكنەلۆجیا لەگۆڕەپانی شەڕ بەدەیان سەركردەی حیزبوڵڵای كردە ئامانج و رۆژبەڕۆژ سووتماكی ئاگری غەززە لوبنانیش لەخۆیدا نغرۆ دەكات و رەنگە بەهۆی گوڕبوونی شەڕی لوبنان، ئاگری شەڕەكە عێراق و سوریا و بگرە یەمەنیش بگرێتە ناوخۆ و لەوێوە بپەڕێتەوە بۆ ئێران و توركیاش.

دەوڵەتی داگیركەری تورك سەرەڕای ئەوەی لەراگەیاندنەكانەوە خۆی وەك لایەنگری فەلەستینیەكان و لوبنانیەكان پیشاندەدات، بەڵام لەئەرزی واقعدا بەگوڕكردن و فووتێكردنی شەڕەكە و پەرەپێدانی بەپەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل گەورەترین قازانجی لەو شەڕانەدا كردوە و دەكات. هەم لەبواری كەرتی وزە، ئیستخبارات، دیبلۆماسی و نەوت و گاز و پڕچەككردنی گروپە چەتەكانی دژ بەدەوڵەتی سوریا و عێراق و لیبیا خزمەتێكی گەورەی بەستیراتیژی ئیسرائیل لەناوچەكە كردوە و هەم لەلایەكی ترەوە دەوڵەتی داگیركەری تورك لەنەمانی حەماس و حیزبوڵڵا كە بەباڵی سەرەكی رژێمی ئێران دەیانچوێنن و وەك رەقیبێكی خۆی لەناوچەكە سەیریان دەكات و لەو پێناوەشدا چی لەدەستی بێت بۆ بەردەوام كردن بەو شەڕە و راكێشانی ئێران بۆ نێو ئاگری شەڕەكە دەیكات. واتا لەماوەی ئەم یەك ساڵەی شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین دەوڵەتی تورك زۆرترین سوود و قازانجی سیاسی، ئابوری، دیبلۆماسی كردوە و بەشێوەیەكی سیستەماتیك و بەبەرنامە ئاستی دانووستاندنەكانی خۆی لەهەموو لایەكەوە لەگەڵ ئیسرائیل بەرەو پێشەوە دەبات هەر لەكوشتنی گوماناوی سەرۆككۆماری پێشووی ئێران ئیبراهیم رەئیسی و یاوەرانی بگرە تا كوشتنی ئیسماعیل هەنیە سەرۆكی مەكتەب سیاسی حەماس و پۆلێك لەئەندامانی سەركردایەتی و راوێژكارانی سوپای پاسداران و بەئامانجگرتنی كونسولخانەی ئێران لەدیمەشق تا كوشتنی سەرۆكی حیزبوڵڵا حەسەن نەسروڵڵا و بەرپرسانی ئەو رێكخراوە بەشێوەیەكی راستوخۆ دەوڵەتی تورك دەستی تێدا بوو و لەهەر هەنگاوێكدا هەوڵیدا رژێمی ئێران لەشەڕەكە بگلێنێ و شەڕەكە بەهەر نرخێك بووە بگوازێتەوە بۆ نێو وڵاتی ئێران یا خود هەر هیچ نەبێت رژێمی ئێران و ئیسرائیل بێنێتە ئاستێك كە رووبەرووی یەكدیان بكاتەوە، بەشێوەیەك كە هەم ئاگری شەڕەكە لەخۆی دووربخاتەوە و هەم لەو گەنگەشە و ئاڵۆزیانە دەرفەتی زیاتر بۆ پەلاماردانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان بۆ خۆی دەستەبەر بكات و بەوەش وەها خۆی وێنا بكات كە دۆست و هاوكاری رژێمی ئێرانیشە.

بەرۆژەڤكردن و هەوڵی دروستكردنی رێڕەوی زەنگەزوور بەپێشنیاری دەوڵەتی تورك پێكهات و بووە رۆژەڤی نێوان روسیا، ئەرمەنستان، ئازەربایجان و توركیا، بەهەمانشێوە بەڕێگەی ئەو پەیوەندیانەی دەوڵەتی توركەوەیە كە ئیسرائیل لەئازەربایجان، توركمەنستان و وڵاتانی تورك نشین كونسوڵخانەكانی خۆی دەكاتەوە و دەیانەوێت بەوشێوەیە ئێران گەمارۆ بدەن. ئەساسەن گەمارۆدانی ئێران لەناوچەكە، ئامانجی سەرەكی و ستراتیژی هەژمونپارێزی دەوڵەتی توركە كە بەوشێوەیە هەوڵی بەدیهێنانی دەدات و دەیەوێت مەرامە گڵاو و شەڕەنگێزیەكانی خۆی دەستەبەربكات و بسەپێنێت.

لەبەرامبەردا رژێمی ئێران خرایە دۆخێكەوە كە راستەوخۆ بەموشەكباران كردنی ئیسرائیل بۆ دووهەمین جار خۆی خستە نێو ئاگری شەڕ و ململانێیەكەوە و ئەوەش رەنگە لەداهاتووی ئێراندا قورس بەسەریدا بشكێتەوە و بەجۆرێك كە ئەمجارە پریشكی شەڕەكە بپەڕێتەوە بۆ نێوخۆی وڵاتی ئێران و ئیسرائیلیش بێ دەستەوەستان و تۆڵە رازی نابێت و ئەوەش دەبێت ببێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی ئیسرائیل بەهەموو توانایەوە زەبری كەمەرشكێن لەپیشەسازی سەربازی و ئەتۆمی و ژێرخانەكانی ئێران بوەشێنێت كە دەرهاویشتەكانی لەشەڕی كەنداو لەساڵی ١٩٩٠ی عێراق كەمتر نەبێت و بگرە زیاتریش بێت و رژێمی ئێران لەپەل و پۆ بخەن و لەهەمانكاتدا دەرگا بۆ شەڕی نێوخۆیی لەو وڵاتە بكەنەوە.

رژێمی ئێران لەبەرامبەر بەو هێرشانەی لەسەر گروپە نیابەتیەكانی بەڕێوە دەچوو تەنیا دوو رێگەی لەبەردەمدا مابوو، یا ئەوەتا بێدەنگی هەڵبژاردبا، یا بەهێرشی راستەوخۆ وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیلی بدابایەوە لەهەردوو حاڵەتەكەشدا لەسەر ئێران دەكەوت، بەڵام رەنگە وەڵامنەدانەوەكەی رژێمی ئێران بەئەندازەی وەڵامدانەوە بەكاردانەوەكان زەرەر و زیانی زیاتر نەبایە. هەرچەندە ئەو هێزانە"حەماس، حیزبوڵڵا، حوسیەكان و بەرەی مقاومەی ئیسلامی عراقی و ..." ئیدی پەیوەست بەڕێنمایی و دەستورەكانی رژێمەوە نەدەمان و لەنێوخۆی هێزەكانی رژێمیشدا دووبەرەكی و جەمسەرگیری دروست دەبوو، بەڵام بەگشتی ئەو زیانانەی لە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بەر رژێم بكەوتبا كەمتر دەبوو.

ئیدی رژێمی ئێران، ئەو رژێمە نییە كە بیست ساڵ پێش خۆی لەلووتكەدا دەبینی، هەڵگیرسانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و سەرهەڵدانەكانی نەوەد و هەشت و شەستەكان بوون بەچەخماخەیەك كە ئاگرەكە رۆژبەڕۆژ گەشتر و گەشاوەتر دەبێت و لەنێوخۆی ئێراندا هاوشێوەی بۆمبێكی تەوقیت كراوە لەئان و ساتدایە بۆ ئەوەی بەڕووی رژێمدا بتەقێتەوە و ئەوەندە لەو رژێم و دام و دەزگا سەركوتكارەكانی تێربوونە كە ئیدی لەخوایانە هێزێك ئەو رژێمە دەسپۆت و سەركوتكارە لەكۆڵیان بكاتەوە، هەرچەندە گەلانی ئێران باش دەزانن كە بەنەمانی ئەو رژێمە هەموو كێشەكانیان چارەسەر نابێت، بەڵام دەیانەوێت لەنێوان خراپ و خراپتردا، خراپەكە هەڵبژێرن.

رێبەری رژێمی ئێران لەهەفتەی رابردوودا ویستی بەكۆكردنەوەی جەماوەر لەنوێژی هەینیدا پەیامێك بەنێوخۆ و بەتایبەتی بەدەرەوە بدات كە جارێكی تر هاوشێوەی رابردوو خەڵكی ئێران پشتیوانی فەلەستین و لوبنانە و لەنێوخۆشدا خۆی بەهێز پیشانی جەماوەر بدات، بەڵام لەبن مایەی خۆیدا رژێم و رێبەرەكەشی باش دەزانن كە ئیدی نە ئەو خەڵكە باوەڕی بەوەها پروپاگەندەی چەواشەكارانە و دووڕوویانە هەیە و نە خەڵكی فەلەستین و لوبنانیش بە وەها پرۆپاگەندەیەكی رووت هەڵدەخەڵەتێن، بۆیە باشترین بژاردە لەم كاتەدا ئەو دروشمەی زەقەی لەژێر ناوی یەكگرتنی نیشتیمانی هەڵیانگرتووە و لەنێوخۆی جەمسەرەكانی دەسەڵاتدا كورتیان كردوەتەوە، بیكەن بەیەكگرتنەوەی دەوڵەت و گەل و لەنێوخۆدا دەست بەچاكسازی بنەڕەتی بكەن و لەپێناو ئەمن و ئاسایش و بەرقەراری ئارامی لەنێوخۆدا هەنگاوی پێویست بنێن. مەكینەی لەسێدارەدانی گەنجان و پێكهاتە ئاینی، نەتەوەیی و مەزهەبی و باوەڕیەكان راوەستێنن، دەرگای زیندانەكان بكەنەوە و لێبوردنی گشتی دەربكەن و بەربەستەكانی بەردەم ژنان و گەنجان هەڵگرن و داوای ئاشتی نێوخۆیی بەرز بكەنەوە. وەگەر نا چارەنووسی رژێمی ئێران و داهاتووی لەچارەنووسی دیكتاتۆرە گۆڕبەگۆڕەكانی ناوچەكە بچێت.