فیلیزی کوردستان... گوڵانی تێکۆشانی ئازادی

لە تێکۆشانی ئازادییدا وەک نەمامێک شین بوو. لەپاڵ بنەماڵەکەی و هەڤاڵەکانی دژی پرسی تۆڵەی خوێن و ئەشکەنجە و تواندنەوە و کۆمەڵکوژی و هەموو جۆرە سیاسەتێک ڕاپەڕی. بە تێکۆشانەکەی بووە مایەی شانازی بنەماڵەکەی، بوو بە گوڵانی تێکۆشانی ئازادی.

بنەماڵەی یەرلیکایا سەر بە عەشیرەتی حەیدەریین لە هەرێمی ئەلجیواز لە بەدلیس، بەهۆی تۆڵەی خوێنەوە چەندین کەسیان لەدەستدا، باوکی فیلیز دەیزانی ئەم پرسە زیان بە بنەماڵەکەی دەگەیەنێت، بۆیە لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ زەریفەی هاوسەری و مناڵەکانی ڕوویانکردە ئەدەنە، بۆ خۆپاراستن لە شەڕێکی بێهودە. ئەم بنەماڵەیە هیچیان بەدەستەوە نەمابوو، بۆیە لەپێناو دەسکەوتنی بژێوی، ڕوویانکردە کاری کشتوکاڵ لە زەوییەکانی چوکروڤا، بەم ڕێگەیە مناڵەکانی بەخێوکرد.

زەریفە لە ئایاری ١٩٧١ لە ماڵە نوێیەکەی لە ناوچەی بێرکۆی چوارەمین مناڵی بوو. لەدایکبوونی ئەم مناڵە وەک هیوایەک بوو. زەریفە مناڵەکەی گرتە باوەش و گوتی "تۆوی هیوامان لە خاک چاند دژی ئەو ستەمەی لەسەرمانە، وەک بڵێی گەشەی کردبێت، با ناوی بنێین فیلیز (نەمام)، با ببێتە هیوامان، بەختەوەری بهێنێت و هێزی بەرخۆدان ببەخشێت".

 لە ساڵی ١٩٧٤، ئەمجارە بنەماڵەکە کۆچیان کرد بەرەو لای خزمەکانیان لە شارۆچکەی ئاباخ لە وان لە نزیک چیای تەندروکە. فیلیز تا تەمەنی شەش ساڵی لەنێو شاخەکانی کوردستان ژیا. بەڵام کارەساتێکی نوێ چاوەڕێی بنەماڵەکە بوو، دووبارە ناچاربوون بەهۆی بومەلەرزە گەورەکەی ساڵی ١٩٧٧ لە وان کۆچ بکەن، ئەمجارە لە گەڕەکی توزلوچایەر لە ئەنقەرە نیشتەجێ بوون، ئەم گەڕەکە بەزۆری لە کوردە هەژارەکان و عەلەوییەکان پێکدەهات. لەپاڵ فەرهەنگەکەی، فیلیز چەندین شتی نامۆی دیکەی بەدی کرد و بەم شێوەیە گەشەی کرد، هەمان ساڵ لە قوتابخانەی حەسکۆ یەڵدز سولفاسول دەستی بە خوێندن کرد. قوتابخانە بووە شوێنی فێربوونی شتی نوێ، بەڵام هاوکات، ناکۆکی نوێی هێنایە یادی فیلیز.

ساڵانی تێکۆشان و زیندان

فیلیز لەگەڵ ئەوەی تەمەنی مناڵی بەم زەحمەتییە بردەسەر، بە توڕەییەوە پێگەیشت دژی فشار و سەرکوت و ستەمەکانی سەر کورد، بۆیە بەگوڕێکی زۆرەوە تێکەڵی خەبات بوو، هەر لە زانکۆوە تا دامەزراندنی حزب، لەوێشەوە تا چالاکی ڕێکخستن و چالاکی یەکێتی گەنجانی کوردستان (YCK)، ئاشکرای کرد کاتی هاتووە، پێویستە لە چیا تێکۆشان بکرێت، لە  نیسانی ١٩٩٢ لەگەڵ ٩ هەڤاڵی چوونە ڕیزی گەریلاوە.

فیلیز لە ژیانی خۆیدا دژی زۆر سەختی وەستایەوە، بەڵام سەختی دیکە چاوەڕێی بوون. ئەمجارە دەبوو لەبری بنەماڵەکەی، لەگەڵ هەڤاڵەکانی ڕووبەڕووی زەحمەتییەکان ببێتەوە. لەکاتی گەشتی پەیوەندیکردن بە گەریلاوە، ڕووبەڕووی بۆسەی سەربازانی تورک بوونەوە لە بازید و دەستگیرکران، بۆ چەندین ڕۆژ توشی زیندان و ئەشکەنجە بوون. فلیز گوازرایەوە بۆ زیندانەکانی بازید و ئەرزەڕۆم و ناڤشیر، لە کانوونی یەکەمی ١٩٢٢ لە زیندان دەرچوو. بۆ ماوەیەک لە ئەنقەرە خەباتی کرد، بەڵام دووبارە پەیوەندی کرد بە ڕیزەکانی گەریلاوە. بەمەش قۆناغێکی نوێی ژیانی دەستیپێکرد. وەک دووەمین قۆناغی ژیانی. سەرەتا ناوی لە خۆی نا بێریتان و پاشان گوڵان، فیلیز (نەمام) لە ئەدەنە گوڵی کرد، لە گۆڕەپانی ڕێبەر بووە گوڵان.

لە مانگی نیسان لە ئەنقەرەوە ڕوویکردە ئەستەنبوڵ، لەوێشەوە چووە سەرحەد، پاش چەند مانگێک مانەوە لە تاندۆرک، ڕۆیشتە دیمەشق، لەگەڵ ٤ هەڤاڵی گەیشتنە گۆڕەپانی ڕێبەر.

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان

بە جدییەت و هەڵوێست و دیسپلینەکەی سەرنجی هەمووانی ڕاکێشا، بە ڕوانگە و قووڵبوونەوەی خۆی تا درەنگانی شەو لەگەڵ هەڤاڵەکانی گفتوگۆی دەکرد، دەیویست زیاتر و زیاتر خۆی پەروەردە بکات. ئەوکاتەی لەنێو کۆمەڵەیەکی قووڵدا بوو، بە سەرنجەوە گوێبیستی ڕێبەر دەبوو. گوڵان سەرنجی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، بۆیە نرخاندن و شیکارییەکی کرد سەبارەت بە بەدلیس و نەریتە ساختەکانی ناوچەکە. کاتێک باسی لە کاریگەری ئیسلام کرد لە بەدلیس، پرسیاری لە گوڵان کرد و ئاماژەی بە ڕۆڵی گوڵان کرد. گوڵان باسی لەوە کرد قورئانی خەتم کردووە، لێی پرسی "بەڕاست قورئانت خەتم کردووە؟"، لە وەڵامدا گوتی "بەڵێ ڕێبەر، حەوت جار خوێندوومەتەوە". ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەمدیسان ئاماژەی دایەوە بە ڕۆڵی و زیرەکی و هەڵوێستی گوڵان، گوڵان بەباشی گوێی دەگرت، بەوردی گوێبیستی شیکارییە جڤاکی و کەسێتییەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بوو، هەوڵی دەدا لێی تێبگات و پراکتیکی بکات. 

لە تێکۆشانی گەریلاوە بۆ تێکۆشانی فیداکاری

پاش تەواوبوونی پەروەردە، گوڵان پێداگربوو لەسەر ڕۆیشتن بۆ گەرزان. بۆیە پاش ئەنجامدانی مەراسیمێک لە گۆڕەپانی ڕێبەر، لەگەڵ هەڤاڵەکانی لە ١١ ی ئایار گەیشتە ئەوێ. لەپاڵ ناوچەکانی ئامەد و گەرزان لە باکوری کوردستان، لە ناوچەکانی خەنیر و قەندیل و زاپ لە باشوری کوردستان گەریلایەتی کرد. پاش دەستگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٩ بە پیلانێکی نێودەوڵەتی، ڕوویکردە شارە سەرەکییەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی خەباتی فیداکاری، بەڵام لەگەڵ بانگەوازەکەی ڕێبەر بۆ ئاگربەست گەڕایەوە.

پاش بڕیاردان لەسەر پێکهێنانی هێزێکی تایبەت بەناوی "فیداییەکانی ڕێبەر" لە کۆنگرەی حزب، گوڵان بەشداربوو لە چالاکییەکانی هێزە تایبەتەکە. بەهۆی قووڵبوونەوەی لە هزری ئایدۆلۆژی و گیانی فیداکاری، فەرماندەیی چالاکیی هێزە تایبەتەکەی وەرگرت، لەهەمان کاتدا، جێگەی خۆی کردەوە لەنێو ڕێبەرێتی پارتی ژنی ئازاد کە ئێستە ناودەبرێت بە پارتی ئازادی ژنانی کوردستان (پاژک).

* گوڵان (فیلیز یەرلیکایا) لە ٧ ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ بە پیلانگێڕییەکی خیانەتکارانە شەهید بوو.