ماڵپەڕی کەژار گفتوگۆیەکی سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ژن و سیاسەت، لەمپەڕەکانی سەر ڕێگەی ژنان لە کاتی خەباتی سیاسی لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان و دەستکەوتەکانی چەندین ساڵەی ژنانی کورد، لەگەڵ فاتمە ئادار، ئەندامی ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد (ڕێپاک) ئەنجام داوە.
فاتمە ئادار ڕایگەیاندوە، تەنیا ڕێگە لە بەرامبەر ئەقڵیەتی پیاوسالار ئەوەیە کە لە سەر بنەمای بەڕێکخستنبوون، ئازادی و خۆبەڕێوەبەری تێکۆشان بکەین. وتیشی: ئاستی بەشداری ژنان لە ناو بزوتنەوەی ئازادی کورد دا زۆر بەرزە. ژنان لە هەموو کایەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەشدارن.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە، بەشدار بوونی ژنان لە نێو ڕیزەکانی گەریلا، سوپا و خۆ پاراستن کە لە بن فەرمانڕەوایی پیاودا بوون، بە تەنیا بۆ خۆی دۆخێکی شۆڕشگێڕانەیە و بوێریەکی زۆری پێویستە.
جەختیشی کردووەتەوە: "پێویستە سیاسەت دیموکراتیک بکرێت و ببێت بە گۆڕەپانێک کە هەموو لایەنێک و هەموو رەنگێک و بەتایبەتی ژنان بە ئیرادەی خۆیان بەشداری تێدا بکەن و دەنگی خۆیان هەبێت. بزوتنەوەیەک کە پێشەنگ، تێکۆشەر، دامەزراوە، رێکخستن و ئامانجەکانی هەمیشەیی بن و بەردەوام بێت، تێکۆشانەکەشی سەردەکەوێت".
دەقی گفتوگۆکە بەمشێوەیە:
پەیوەندی نێوان ژن و سیاسەت:
پێویستە لە سەرەتاوە کە ژن بەشداری کاری سیاسی دەکات، خۆی لە بواری ئایدیۆلۆژی، فەلسەفی، فکری، لێکدانەوەی مێژوویی و هۆشمەندی پەروەردە بکات. چونکە گۆڕەپانی سیاسەتی پێنج هەزار ساڵە کە لە لایەن پیاوی دەسەڵاتخوازەوە دروست کراوە و وەرچەرخانی بەسەردا نەھاتووە، چوونە ناو سیاسەت؛ بە دۆخێک جگە لە خۆ بە پیاو چواندن و بەردەوام کردنی هەمان ڕێ و ڕێباز بۆ کاروباری کۆمەڵگە بەڕێوە ناچێت. هەر بەم هۆیەوە دەبێت گۆڕەپانی سیاسەت کە بە دەستی پیاو بونیادنراوە، بخرێتە ژێر پرسیار و لێپرسینەوە و ڕووبەڕووی ڕەخنەی جددی بێکرێتەوە و هەروەها پێکهێنانی گۆڕەپانی سیاسەتێک کە کۆمەڵگە خۆی بڕیاری خۆی بدات دەبێت ببێتە ئامانجی سەرەکی ژنان. چوونی ژن بۆ ناو ئەم گۆرەپانە دەبێت لە سەر بنەمای، گۆڕین و تێپەڕکردنی سیاسەتی پیاوسالارانە بێت، کە بووەتە هۆی مەترسی بۆسەر ژینگە، کۆمەڵگە، مرۆڤایەتی و هەموو هەبوونێک. پێویستە ژن، لە بەرامبەر کار و خەباتی کۆمەڵایەتی کە داگیرکراوە و دزراوە هەڵوێستی ھەبێت و ئەمە بگۆڕێت و وەرچەرخان درووست بکات.
لە ڕاستیدا ژن، وەک تێکۆشەرێک و کاراکتەری سەرەکەی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک بە بەردەوامی لە ناو تێکۆشان دا بووە. بەڵام نەیتوانیوە راستینەی سیاسەتێک کە پیاو لە سەر بنەمای داگیرکردن و تاڵان کردن پێکی هێناوە، تێپەڕێنێت. ژنان کە لە مێژووی مرۆڤایەتی تا ئەمڕۆشی لەگەڵ بێت، لە ناو خۆڕاگری و تێکۆشان دا بوون و لەم دوو سەدەی ڕابردوو دا، هەر لە گۆڕەپانی سیاسەتی پیاوسالارانەدا تێکۆشانێکی ڕاستەوخۆیان کردووە تا بتوانن لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکەیان ببن بە خاوەن دەنگ و بڕیار. لەم بوارەوە تێکۆشان و خۆڕاگریەکی جددیان نیشان داوە. مرۆڤ دەتوانێت باس لە پێشەنگانی گەورەی ژنان بکات کە بۆ ئەوەی بتواننن لە گۆرەپانی سیاسیدا هەبوونی خۆیان بەردەوام بکەن لە خۆبردوویەکی زۆریان نیشان داوە. یەک لەوانە ماریە ئۆلیپ گۆگسە، کە دایانە بەر گیۆتین. گۆگسە بەر لەوەی لە گیۆتین بدرێت دەڵێت: "ئەگەر مافی لە گیۆتین دانی ژنان هەیە، دەبێ مافی هاتنە سەر کورسی و قسەکردنیشان هەبێت". لە رۆژی ئەمڕۆماندا ئەم داخوازە لە ئاستێکی بەرزتر لە سەر بنەمای ناڕازیبوون بەردەوامە و تێکۆشانی ژنان پێشکەوتنێکی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە. حەقیقەتی سیاسەتی ئالتەرناتیو کە تاک خۆی تێدا دەبینێتەوە، کۆمەڵایەتی بوون، کۆمیناڵیتە و بەشداریەکی راستەوخۆیە لە بەرامبەر سیاسەتی پیاوی سەردەست کە خۆی پەیوەست کردوە بە تاکگەرایی و وەکوو رەوتێکی عاقڵانە پێناسەی دەکات. پێویستە سیاسەت بە ئازادییەکی ڕادیکاڵ، یەکسان و پڕاوپڕ لە دیموکراسی دابڕێژرێتەوە؛ وەکوو گۆڕەپانێک کە هاوژیانی، جوانی، باشی و ڕاستی سەروەر بکرێت و لەگەڵ ژنان سەرلەنوێ سەرەڕاست بکرێتەوە. دیارە کە پێویستە پەیوەندی ژن و سیاسەت لە سەر بنەمای ئەم پێرسپێکتیڤە سەر لە نوێ دابڕژرێتەوە.
ئەو ئاستەنگیانەی کە ژنان لە گۆرەپانی سیاسی لە رۆژئاوا و باکووری کوردستان رووبەڕووی دەبنەوە چین؟
پاڕادایمی ئازادی کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پێشیخستووە و رێبەرایەتی دەکات، لە سەر بنەمای گەڕاندنەوەی گۆڕەپانی سیاسی بۆ ڕۆڵی کاریگەر و چالاکی ژنە. دیاردەی سیاسەت، کۆمەڵگە ساز دەکات، کاریگەری دادەنێت و لە سەر بناماکانی پێش خستنی یەکسانی، لە بەرامبەری هەر چەشنە داگیرکەری رەنج و بێ ئێرادە کردنە. هەبوونی ژن لە گۆڕەپانی سیاسەت بەشیوازێکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر ژیانی ژنان دەکات کە نیوەی کۆمەڵگە پێک دێنن. بەشداری ژنی کورد، لە سەر بنەمای هەڵوێست، ڕوانگە، تێگەیشتن و هەڵسوکەوتی ئازادیخوازانەیە و یەکسانی پێش دەخات. دەبێت لە سەربنەمای تێگەیشتنێک بێت کە یەکسانی ژیانی ئازاد لەخۆوە دەگرێت و بەم شێوازە سیاسەت کردن بە بنەما وەربگرێت. هاوژیانی ئازاد، نوێنەرایەتی کردن و بەشداری کردنێک کە لە سەر بنەمای ئەم تێڕوانینە بێت، دابڕێژێت.
پێناسەی ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیخوازی ژنی کورد سەبارەت بە لەدەست چوونی حەقیقەتی هاوژیانی ئازاد، بەم شێوەیە: "ئەقڵییەتی پیاوسالار، بۆ ڕەوا کردنی دەسەڵاتداری خۆی، پەیوەندی هاوژیانی وەکوو گۆڕەپانێکی تایبەت پێناسە دەکات. بە تایبەت، مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری کە تاک و گشتی دەکاتە ئامانج بۆ ئەوەی ئەم حەقیقەتە پارچە بکات و لە هەمان کاتدا بە رێگای مێتۆلۆژی، دین، فەلسەفە و زانست تێگەیشتنێک درووست بکات و شکڵی پێ بدات. بە تایبەتی ئەو قۆناغانەی کە ئێمە وەک شکاندنی یەکەمین و دوویەمین ناوی لێدەکەین، ئەو قۆناغانەن کە پەرە بە هاوژیانی دەدەن. بۆ نموونە لە میتۆلۆژی دا لەگەڵ شکاندنەکان، لە پاڵ خوداوەندان، سەرەتا باوک، برا، کوڕ و دوایی «هاوسەر» جێگر بوون و سەردەمی بێ کاریگەر کردنی ژن دەستیپێکرد. ئەوە تەنیا وەک پەیوەندیەک نییە کە لە نێوان دوو کەسدا پێناسە بکرێت، چوونکە لە هزری کۆمەڵگەدا بەرجستە بوونی خوداوەندەکان نیشان دەدات. لەم بوارەدا سەردەمی خوداوەندەکان، دەبێتە «سەرەتای» دورکەوتنەوە و لەناوچوونی هاوسەنگی نێوان ژن – پیاو، پەیوەندیەک کە مۆڵکایەتی ناسەپێنێت و یەکسانن و ئازادن".
پێویستە لە گۆڕەپانی سیاسەتدا، بۆ درووست کردنی کۆمەڵگەیەک لە سەر بنەمای گەیشتن بە ڕزگاری و یەکسانی، هەموو پەیوەندییەکانی نێوان ژن و پیاو سەر لە نوێ ڕێکبخرێنەوە. کاتێک ژیانی کۆمەڵایەتی لە سەر بنەمای ئازادی ژن-پیاو پەرە بسێنێت، ئەو کاتەیە دەکرێت واتا بە پەیوەندی هاوژیانی بدرێت. تێکۆشانێک لەسەر بنەمای یەکسانی لە هەموو رەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، بناغەی سیاسەت پێکدێنێت. تێکۆشان، خوڵقاندن و پڕاکتیکێک لە سەر بنەمای سیاسەت و نوێنەرایەتی یەکسان لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان پەرەی سەندووە. هەر چەند ناتوانین بڵێین کە تێگەیشتنی ئایدیۆلۆژیک و پێرسپێکتیوێک کە لە سەر بنەمای تێکۆشان و ئازادی ژن پێشبینی دەکرا، وەکوو خۆی چووبێتە بواری کرداریەوە. هەموو کار و خەباتی کۆمەڵایەتی بە رێگای نوێنەرایەتی یەکسان بەرێوە دەچێت. پێشکەوتنێکی گرنگە کە هەموو جیهان ئێرەیی پێ دەبات و بۆتە هۆی سەرسوڕمانیان، بە دەست هێنراوە. تێڕوانینی ژیانی کۆمەڵایەتی لە سەر بنەمای پاڕادایمی ئازادی بە پێشەنگایەتی ژن، لە گۆرەپانی سیاسەتدا بەڕێوە دەچێت و پێشکەوتنی گرنگی بە خۆیەوە بینیوە. لەم دۆخەی ئێستادا مۆدێلێکی گرنگ وەکوو نموونە درووست کراو و پێشکەوتنیش بێگومان هەیە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە چاوەڕوان دەکرێت. هۆکاری سەرەکی ئەو کەموکوڕیانە ئەوەیە کە بە شێوازێکی تێر و تەسەل پێرسپێکتیڤەکان شی نەکراونەتەوە و لە بواری خۆپەروەردە کردن و گۆڕینی پیاودا هێز و ئاراستەی پێویست پێکنەهاتووە. چوونکە ئەو هزر و تێگەیشتنی پێنج هەزار ساڵەی پیاوسالاری کە لە ناخی ژن و پیاواندا چێندراوە هەیە. خۆ ڕزگار نەکردنی ژن لەو دۆخەی ژیان کە هزری پیاوسالاری درووستی کردوە؛ یەک لەو بابەتانەیە کە لە پاڕادایمی ئازادی بە شێوەیەکی تێر و تەسەل کاری لە سەر کراوە و وەکوو پێویست بێ لێکدانەوە و قووڵ بوونەوە و گۆڕانکاری بنگەیی ناتوانێت کاریگەری هەبێت. لە ئێستادا دۆخێکی چەواشەکارانەی هزری پیاوسالاری هەیە کە لە بەرامبەر گۆڕین و گۆڕانکاریدا دروستی کردووە، بەڵام لە بەرامبەریشدا تێکۆشانێکی گرنگ هەیە. وەکوو پڕاکتیکیش لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی ژن لە گۆڕەپانی سیاسیدا خۆی لە بن کاریگەری هزری پیاو رەزگار بکات و کۆمەڵگە بە ئێرادە و بڕیاری خۆیەوە بە شێوەیێکی راستەوخۆ بەشداری کار و خەباتی خۆی ببێت، پێشکەوتنی گرنگیان بە دەست ھێناوە.
لە ناو تەڤگەری ئازادی کورددا، ئەقڵیەتی ڕەگەزگەرا تا چ ئاستێک لە بەرامبەر تێکۆشانی ژنان بۆتە ئاستەنگ؟
ئەو پێرسپێکتیڤەی کە لە وەڵامی پرسیاری دوویەمدا ئاماژەی پێکرا، بەڕێوەچوونی تێکۆشانی تەڤگەری ئازادی کوردە کە لە سەر بنەمای ئەسڵی خۆی سەری هەڵداوە و ئاستی ئەو پێشکەوتنانەی مێژوو دەخاتەڕوو. لە نێوان خاڵی سەرەتا تا ئەو ئاستەی کە ئێستا پێی گەیشتووە زەحمەتی، قوربانی، هەوڵدان و تێکۆشانێکی زۆر گەورە هەیە. ئێمە باسی مێژووی تێکۆشانێک دەکەین کە هەزاران هەڤاڵی ژن لەو رێگایەدا گیانیان بەخت کردووە، فیداکاریان کردووە و ئێستاشی لەگەڵ بێت بەردەوامی هەیە. ژنان لە ڕێپێوانی تێکۆشانی ئازادیدا دوو جۆر بەرپرسیارتیان لە ئەستۆ گرتووە، واتا لە سەرەتادا بەشداربوون و پاشان پێشەنگایەتی کردن. لە دژوارترین ڕەهەندەکانی خۆپاراستنی تێکۆشانی ئازادی کە گەلی کورد وەکوو نەتەوە بەڕێوەی دەبات، بە شێوەی چەکداری بەشداری تێدا کردووە، بوو بە کۆڵەکەی تێکۆشان و بەرخۆدانی ئەو سەردەمە. بەشدار بوونی ژنان لە ناو هێزی خۆپاراستن و بەرخۆدانی گەریلا لە کوردستان، بە تەنیا بۆ خۆی تێکۆشانێک بوو. لە سەر ئەو بنەمایە کە ژیانی خۆی ببەخشێت، لە تێکۆشانی بەرخۆدان-خۆپاراستن کە سیاسەت کردن تیایدا زۆر زەحمەت و دژوارە، بە پراتیک و ئەزموونەوە بە سەرکەوتووانە بەشداری کرد. پیاو نەیدەویست ژن؛ لە ناو سوپا، رێکخستنکردنی هێزی پاراستن و ئەو دامودەزگایانەی کە باڵادەستی خۆی تێدا درووست کردووە، جێگا بگرێت کە تەک رەنگی خۆی تێدا ساز کردبوو. لە تێکۆشانی ئازادی کورد دۆخێکی بە هەمان شێواز خۆی نیشان دا. پیاو بەرخۆدان و هەڵوێستێکی گەورەی لە ژێر ناوی ئەوەیکە ژن لە بواری جەستەیی، بایۆلۆژی و دەروونی لاوازە، نیشان دا و پێشی لە بەشداری ژنان لە ناو گەریلادا دەگرت. بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت لە ئەیالەتی ئامەد، بایۆلۆژی ژنان کرا بە بیانوویەک بۆ ئەوەی لە دەرەوەی تێکۆشانی گەریلایی بمێنێتەوە. هەمان دۆخ بە شێواز و لە ئاستی جیاواز لە شوێن و کاتی جیاوازدا دووبارە بوونەوە. بەڵام لەو دۆخانەدا ژنان هەرگیز هەنگاویان بەروە دواوە هەڵنەگرت و بە بەدەست هێنانی سەرکەوتنان بوون بە فەرماندە و پێشەنگ. بە تێپەڕ بوونی کات، بە ئێرادە، تێکۆشان و بەرخۆدانێک کە ژنان نیشانیان دا ئەو قۆناغانە تێپەڕبوون. ژنان بە قووڵ بوونەو لە واتای ژیان ئەو تێگەیشتنەیان بە دەست هێنا کە بۆ ئەوەی لە ناو تێکۆشانی ئازادی کوردستان و لە هەموو کایە کۆمەڵایەتیکانیدا جێگە بگرن پێویستییان بە بەرخۆدان، هەڵوێست و تێکۆشانێکی گەورە هەیە. بەشداربوونی ژنان لە نێو گەریلا- ئەرتەش و خۆ پاراستن کە لە بن فەرمانڕەوایی پیاودا بوو، بە تەنیا بۆ خۆی دۆخێکی شۆڕشگێڕانەیە و بوێریەکی زۆری پێویستە. ژنان لە هەموو ئەو قۆناغانەدا بە شێوەیەکی بەهێز سەرکەوتن، تەنانەت سیاسەتیشی لەگەڵ بێت، لە هەموو بوارەکانی تێکۆشاندا ڕۆڵی پێشەنگایەتی وەرگرت. ئەو بەرخۆدانەی ژنانی پێشەنگ کە لە بنەمای مانەوە و خەباتی چیا کە نزیکەی ٥٠ ساڵی خایاند و بوون بە پێشەنگ و فەرماندارانێک کە لە رۆژئاوا (باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا) و لە شەنگال لە بەرامبەر داعش تێکۆشانیان کرد و بوو بە رۆژەڤی هەموو جیهان، لە بەردەوامی ئەو تێکۆشانانە بوو. ئەو پێشکەوتنانەی کە لە نوێنەرایەتی یەکسان(هاوسەرۆکایەتی) لە سیاسەت و هاوژیانی ئازاد دا بە دەست خراوە، بەرخۆدان و فیداکاری هەزاران ژنی لە ئامێز گرتووە. ئاستی ئەو بەرخۆدانە سەرچاوە لە کولتووری ئەو ژنانە دەگرێت کە یەکەم هەنگاوەکانی بە کۆمەڵگەیی بوونی هەڵگرت و خۆلقێنەری کرد؛ سیاسەتیان لە بن کاریگەری و ئاراستە کردن و ئەقڵیەتی پیاو رزگار کرد. هەر چەندە ئێستاش بۆشایێکی زۆر هەیە، بۆیە خەبات بەردەوام دەکات. ئاستی ژنان لە ناو تەڤگەری ئازادی کورد دا زۆر بەرزە. ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەشدارن. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە بەشداربوونێک کە پێشکەوتووانەیە و گۆرانکاری پێکدێنێت هەیە.
دەبێت ئەوە لەبیر نەکەین کە پیاو بۆئەوەی دەسەڵاتداری خۆی بپارێزێت و بەهێزتری بکات، بەر لە هەموو شتێ هەوڵدەدات دەسەڵاتداری خۆی لە سەر زانستی کۆمەڵایەتی، واتا ئەو گۆڕەپانانەی کە تێیدا لە سەر زانست و تەکنیک سەروەری هەیە، تا کۆتایی بەکار بێنێت. بەڵام ئەگەر کۆمەڵگە وەک ئێرادە ببێتە خاوەنکار و خۆی ڕۆڵ بگێڕیت، دەتوانێت هەموو گۆرەپانەکانی دەسەڵاتداری پیاودان بستێنێتەوە و هەموو دام و دەزگاکان سەرلەنوێ لە سەر بنەمای پێکەوە کارکردن، رێکبخاتەوە. ئەگەر بەشداربوونی ژن لە سیاسەتدا لە سەر بنەمای ئەم ئەقڵیەتە پێک بێت، هەروەکوو چۆن تا ئێستا ئەنجام دراوە و لەمەدواش دەتوانێت هەموو ئاستەنگیەک بە تێکۆشانێکی رێکخستن کراو تێپەڕ بکات. لە هەموو بەشەکانی کوردستان ژنان خەباتی گەورە و گرنگ بەڕێوەدەبەن. شۆڕشی ئێمە کۆمەڵایەتیە و بە پێشەنگایەتی ژنان بەرەوپێش دەڕوات و بە خوڵقاندنی نرخی بچووک و گەورە، چڕتر دەبێتەوە و پەرە دەسێنێت. بەڵام دەبێت بزانین کە لە دەرئەنجامی تێکۆشانێکی زۆر دژواردا پەرە دەسێنێت. تێکۆشانی ئێمە کاراکتەرێکی زۆر بە هێزی ئافراندووە کە لە هەموو چرکەساتەکاندا بۆ تێپەڕکردنی رادیکاڵانەی ئەقڵیەتی ژن و پیاوی کلاسیک تێدەکۆشێت. تەنیا ڕێگەیەک کە لە بەرامبەر ئەقڵیەتی پیاوسالار کە دژی دیموکراسییە و ناهێڵێت تێکەڵاو بە ژیانمان بێت، ئەوەیە کە لە سەر بنەمای ڕێکخستن کردن، ئازادی و خۆبەڕێوەبەری تێکۆشان بکەین. لە دژبەری ژنێکی کلاسیک کە لە سەر بنەمای هزری پیاو شێوەی گرتووە، دەبێت سەر لەنوێ لە سەر بنەمای نرخەکانی ئازادی و دیمۆکراسی بونیاد بنرێتەوە. بەشداری ژنان لە گۆڕەپانی سیاسەت لە سەر ئامانجی ئازادی و دیموکراسیە و دەیکات بە کولتوورێک.
ئەو گۆڕانکاری و وەرچەرخانەی کە ژن بە ئەندێشە و ئیرادەی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسیدا پێکیان دێنێت، چ ئەنجامێکی دەبێت؟
جارێکی دیکە دووپاتیدەکەمەوە، ژن ڕۆڵی سەرەکی و هەوێنی گۆڕانکاری بۆ مۆدێڕنیتەی دیموکراتیکە. ئەوە بە چ واتایەکە؟ واتا ژن ببێت بە خاوەن مێژووی تێکۆشانێکی بێ پسانەوە. هەر بۆیە پێویستە هەم وەک مێژوو و هەم وەک تێکۆشانێکی بێ وچان ببینرێت و لە هەر قۆناغێکدا لە بواری ئەرێنی و نەرێنی بە شێوەیەکی یەکپارچە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. ئەگەر بۆ ژنان بەرگێکی مێژوو بەرخۆدان و تێکۆشانێکی بێ وچان بۆ هەبوونیان بێت، بەرگەکەی دی بێ ئیرادە کردن، نکۆڵی کردن، بندەستی و کۆیلە کردنیانە. ئێمە دەتوانین بە تێگەیشتن لە هەموو ڕەهەندەکانی مێژوو ئەرک و بەرپرسیارێتی مێژووییمان پێک بێنین. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە سیاسەت کۆمەڵایەتی ببێت و ئەوە ئەرکی سەرەکەی ئێمەیە. شێوازی سیاسەتێک کە لە سەر بنەمای چینی بژاردە، سەروو و ناوینە و لە ئازادی دوورە و نوێنەرایەتی ژنان ناکات، دەبێت ئاڵوگۆڕی لەگەڵ هێزی بزوێنەری کۆمەڵگە پێ بکرێت واتا هەر شوێنێک کە کۆمەڵگە هەیە، جێگەی سیاسەتە و دەبێت بەم شێوە هەڵسووکەوت بکرێت. هەموو ئەو شوێنانەی کە ئێمە کاری تێدا دەکەین، رێکخستن دەکەین و خەبات بەڕێوە دەبەین لە ماڵ و کۆڵانەوە بگرە تا هەموو ئەو شوێنانەی کە ژیان تیایدا بەڕێوە دەچێت، هەر هەمووی جێگەی سیاسەتە. چوونکە سیاسەتێک کە ئێمە رەخنەی دەکەین، بەرهەمی سیاسەتێکی دابڕاو لە کۆمەڵگە و دەسەڵاتدارییەکی ڕاستەقینەیە. بەردەوام کردنی ئەم شێوازە لە لایەن ژنانەوە بە واتای ئەوەیە کە لە ژنانیش دا ئەقڵیەتی پیاوسالاری پەرەی سەندووە و بەردەوامی دەکات. دەبێت ئێمەی ژن سیاسەت لە بەرەی ئەقڵیەتی دینگەرا، زانست پەرست، ڕەگەزپەرست و نەتەوەپەرست بگوازینەوە بۆ بەرەی گەلان، کۆمەڵگە، ژنان و سروشت. پێویستە سیاسەت دیموکراتیک بکرێت و ببێت بە گۆڕەپانێک کە هەموو لایەنێک و هەموو رەنگێک و بەتایبەتی ژنان بە ئیرادەی خۆیان بەشداری تێدا بکەن و دەنگی خۆیان هەبێت. گرنگە کە ژنان لەوە تێبگەن کە زانستی ژن و کۆمەڵگە پەیوەست بە ژنانە و دەبێت لێپرسینەوە لە شێوازی هزری ڕەگەزگەرای ناو سیاسەت بکەن. لە سەر بنەمای حەقیقەتی هەبوونی ژن کە پەیوەست بە مێژووەکەی دەریخستووە و هاتووەتە گۆڕەپانەوە، لەمەودواش لە سەر ئەم بنەمایە بەرەو ئازادی هەنگاو بنێتەوە و لە بواری سیاسەتیشدا پەرەی پێ بدات. پێناسەی خۆسەر بۆ ژن کە پەیوەستە بە هەبوونی، دابڕانە لە سیستەمی پیاوسالاری و تێگەیشتن لە زانستی خۆی [ژن]. هاوتەریب لەگەڵ ئەوانە ئەرکی گرنگی ئەوەیە کە تێکۆشانێکی ڕادیکاڵ بەڕێوە ببات و پیاو لەو ناسنامەی کە هەیەتی [دەسەڵاتداری] دادەبڕێنێت و بیگەیەنێت بە ناسنامەی پیاوی ئازاد. کاتێک بە سەرنجەوە سەیری ئەو ئەزموون و زانیاریانە کە لە مێژووی تێکۆشانمان بەدەستمان هێناوە بکەین، بەو ڕادەیە کە ئێمە خۆمان ئازاد کردووە، پیاو گۆڕاون. هەروەک رێبەر ئاپۆ دەڵێت: « ئێمە هێشتا لە سەرەتای رێگا داین» هێشتا رێگایەکی زۆرمان ماوە و لەمپەڕ و دژواریەکی زۆر هەیە کە دەبێت تێپەڕیان بکەین. تێکۆشانی ئازادی ژن لە درێژ خایەن لە ناو شۆڕشدا پێویستی بە دەیان شۆڕشی تر هەیە کە لە گۆڕەپانی سیاسی، ئازادی و دمۆکراتیکدا بیکات، ئەمەش ڕێگە بۆ گوڕانکاری کۆمەڵایەتی دروست دەکات. بۆ سەرکەوتن و بونیادنانی کولتووری ژیانی ئازاد و دیمۆکراتیک، پێویستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشانی بیست و چوار کاتژمێری و رادیکاڵ هەیە لە بەرامبەر هەموو ئەو کردەوانەی ئەقڵیەتی پیاوسالار بەڕێوەی بردووە. ئێمە لە ئەزموونەکانمان ئەوەمان بە دەست خست؛ بزوتنەوەیەک کە پێشەنگ، تێکۆشەر، دامەزراوە، رێکخستن و ئامانجەکانی هەمیشەیی بن و بەردەوام بووبێت، تێکۆشانەکەشی سەردەکەوێت.
ژ.ن