بە ھەموارکردنەوە یاسا، کە لە کۆبوونەوەی گشتی پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرا، ڕێگە بۆ ئەو کەسانە خۆش کرا، کە بەھۆی ئەنجامدانی تاوان دژ بە ژنان و منداڵان سزا دراون، بە پاساوی 'هەڵسوکەوتی باش' لە زیندان ئازاد بکرێن. بێریتان گونەش، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لە بازنەی مێردین، سەبارەت بەو پرسە بۆ ئاژانسی فورات (ANF) قسەی کرد.
گونەش ڕایگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە لەبری بنبڕکردنی نایەکسانی ڕەگەزی لە کۆمەڵگا، بە پێچەوانەوە هەوڵی زیاتر کردنی دەدات و وتی: "لە سەرەتای شارستانیەتەوە تا ئێستا مرۆڤ هەوڵدەدات، ژیانێکی کۆمەڵایەتی دروست بەڕێوە ببات، بەر بە ئەنجامدانی تاوان و دۆخی ئەگەری ئەنجامدانی تاوان بگرێت و لەوچوارچێوەیەشدا هەندێک پێوەری زارەکی و نووسراوی داناوە. بەڵام لە قۆناغی ئێستای تورکیا ئەو ئامانجە پێچەوانە بووەتەوە و ئێمە لەبەردەم سیستەمێکی یاساییداین، کە ئەو ئامانجەی نییە، بەداخەوە لە نێو ئەو تاوانانەی کە دەسەڵاتداری ئاکەپە دەیەوێت ڕێگرییان لێبکات، تاوانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بوونی نییە، بە پێچەوانەوە ئەو تاوانە ئاسایی دەکەنەوە بۆ ئەوەی وەک تاوان سەیر نەکرێت".
ڕوونیشیکردەوە، "لە ئێستادا ئەو سزایانەی بەسەر بکەرانی تاوانەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە دادگاکان دەسەپێنرێن، ڕەمزییە و بە پاساوی 'ھەڵسوکەوتی باش' لە زیندان ئازاد دەکرێن. ئەمەش بەو واتایە دێت، کە دەسەڵاتداری ئاکەپە لەبری ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان، کەمکردنەوەی نایەکسانی ڕەگەزی، هەڵاواردن و جیاکاری لە کۆمەڵگادا، دەیەوێت ئەو حاڵەتانە خراپتر، چڕتر و فراوانتر بکات.
گونەش بەبیریشی هێنایەوە، توندوتیژی و کۆمەڵکوژی دژی ژنان بە تایبەتی لە سەردەمی دەسەڵاتداری ئاکەپەدا زۆرتر بووە و وتی: "پەرلەمانی ئێستا ڕاستگرترین و دوژمنی ژنانە. نابێت ئەوە لەبیر بکرێت، کە ئەو هاوپەیمانییەیی لەسەر دوژمنایەتی بەرامبەر ژنان پێکھێنرا لە نێو پەرلامان زۆرینەیە. ئەندامانی ئەو هاوپەیمانییە لە چوارچێوەی دژایەتیکردنی پەیمانی ئیستەنبوڵ، مافی نەفەقە، پەروەردەی تێکەڵ و یاسای ژمارە ٦٢٨٤ مامەڵە دەکەن و هەوڵدەدەن ژنان لە کایەکانی کۆمەڵایەتی دوور بخەنەوە و لە ماڵەوە بیانهێڵنەوە. ژنان وەک ئامرازێک دەبینێت کە دەبێت خزمەت بە پیاوان بکات، لەگەڵ هەموو ئەمانە و گرتنەبەری سیاسەتی سزانەدان، ڕۆژانە کوشتنی ژنان لە زیادبووندایە".
'یاساکە دژی دەستووری هەمیشەییە'
گونەش ڕوونیشیکردەوە، یاسای سزادان دژی دەستووری ھەمیشەییە و وتی: "زیندانیانی ئاسایی ئەو ھەموارکردنەوەی یاسایە دەیانگرێتەوە، بەڵام زیندانیانی سیاسی ناگرێتەوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ دژی پێوەڕی یەکسانی و قەدەغەکردنی جیاکارییه کە له دەستووری ھەمیشەییدا ھاتووە. دەسەڵاتداری ئاکەپە بەم ھەموارکردنەوە و گۆڕانکارییە هاوشێوەکانی هەوڵی بنیادنانی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی نوێ دەدات. ئەو سیستەمەی کە دەیەوێت بنیادی بنێت، سیستەمێکی لەوجۆرەیە کە تێیدا توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان زیادی کردووە، ژنان بە کۆیلە کراون، ناتوانن لە ماڵەکانیان بێنەدەرەوە، لە کایەکانی کۆمەڵایەتی هەست بە پارێزراوی نەکەن، مافەکانیان لێسەندراوەتەوە، دەستدرێژیکردنە سەر، سووکایەتیکردن، کوشتنی ژنان.، دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و هاوسەرگیری پێشوەختە ڕەوایەتی پێدراوە. ئامانجی سەدەی نوێی ئاکەپە، تورکیایەکی کارەساتاوییە. ئەم سیستەمەی کە دەیانەوێت بنیادی بنێن، وەک فیلمێکی ترسناکە، بەڵام هەرگیز ڕێگە نادەین ئەم فیلمە ترسناکە نمایش بکرێت".
'گوشارەکان لەسەر ژنان چڕتر و دژوارتر دەبێت'
بێریتان گونەش ڕاشیگەیاند، "هەوڵدەدرێت ژنان لە کۆمەڵگا دووربخەنەوە. بە ئازادکردنی بکوژان و ئەو کەسانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنان، گوشارەکان لەسەر ھێزەکانی دیموکراسی و ژنانیش زیاتر دەبێت، ئەم ھەموارکردنەوە یاساییە ڕێگە خۆشکەرە بۆ ئەو کەسانەی بە تاوانی توندوتیژی دژی ژنان دەستگیر و سزادراون، لە ماوەیەکی کورتدا ئازاد بکرێن".
جەختیشیکردەوە، "ئاشکرایە، کە ئەقڵیەتی پیاو- دەوڵەت هەوڵی بنیادنانی کۆمەڵگایەکی نوێ، سیستەمێکی یاسایی نوێ دەدات. دەتوانین بڵێین لە قۆناغێکدان، کە دەیانەوێت تاوانی دژی ژنان ئاسایی بکەنەوە و ژنان لە ژیان و کایەی کۆمەڵایەتی دابڕێنن".
'ژنان لە تێکۆشان بەردەوام بن'
بێریتان گونەش ئاماژەی بەوەشکرد، وەک ئەنجوومەنی ژنانی پارتی چەپی سەوز، دژی ئەم ھەموارکردنەوە یاساییە تێکۆشان دەکەین. دەزانین هاوپەیمانی دژی ئێمە، هاوپەیمانییەکە کە دوژمنایەتی ژنان دەکات، ئەندامانی ئەم هاوپەیمانییە لە پەرلەمان لە حزبە بچووک و گەورەکان پێکھاتوون؛هەروەها لە ژیانی کۆمەڵایەتیشدا هەندێک تەریقەت و پێکهاتە بوونیان ھەیە، کە بەردەوامبوونی تێکۆشانی ژنان بە گرنگترین بەربەست لەبەردەم سیستەمی پیاوسالاری دەبینن، کەواتە ئەم ترسەیان بێ ھۆ نییە، زۆر باش دەزانن ڕووبەڕووی چی دەبینەوە.
وتیشی: ڕاپەڕینی ژنان بەرامبەر بە فشارەکانی سیستەمی ئێستا زیاتر ڕەوایەتی بەدەست دەھێنێت. لەم کاتەدا کە ڕێکخستنی ژنان یەکێکە لە پێداویستییە بنەڕەتیەکانی ژیان، ئێمە لە کاتێکی وەھاداین، کە دەرفەت و ھەلی مێژووییە. لەم کاتەدا شانسی سەرکەوتنی هەرهەنگاوێکی ژنان لە دژی کۆمەڵکوژکردن زۆرترە، چونکە هێزی ڕاستەقینەی ژنان بەهێزە. پێویستە ژنان درک بەو ڕاستییە بکەن. ژنان لەمەودوا لە شەقام، گۆڕەپان، ماڵەوە، لە پەرلەمان، لە هەموو شوێنێک درێژە بە تێکۆشانیان بدەن”.
ژ.ن