کۆڕبەندێک بۆ پشتیوانی لە ژنانی شەنگال و ئەفغانستان لە شاری ڕەقە بەڕێوەدەچێت

کۆڕبەندی پشتیوانی لە ژنانی شەنگال و ئەفغانستان بە دروشمی "ئێمە لە دژی جینۆسایدی ژنان، ژیانێکی ئازاد دەئافرێنین" لە شاری ڕەقە بەڕێوەدەچێت.

دەستەی بەڕێوەبەری کەژەکە، ڕۆژی ٩ی تەمووز راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و بە بۆنەی ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی ٣ی ئاب و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی ئەفغانستان لەلایەن تالیبانەوە لە ١٥ی ئاب، لە نێوان ٣ بۆ ١٥ی ئاب بە دروشمی "لە دژی هێرشەکانی پیاوانی هەژموونخواز، ئێمە لە گەڵ ژنانی شەنگال و ئەفغانستانداین" کەمپینێکی راگەیاند.

دواتر ڕۆژی ٣١ی تەمووز بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایانگەیاند، بۆ ئەوەی ببنە دەنگی ژنانی شەنگال و ئەفغانستان بەشداری کەمپینەکە دەکەن. لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە چەند چالاکییەک ئەنجام بدرێت، کە یەکێک لەوانە بەڕێوەچوونی کۆڕبەندێکە لە ڕۆژی ٧ی ئاب، لە شاری ڕەقە.

بڕیارە هەیەک لە کۆنگرەی ستار، کۆمەڵگەی ژنانی زەنۆبیا، ئەنجومەنی ژنانی پارتی ئایندەی سوریا، ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە)، یەکێتی ژنانی ئێزدی، یەکێتی ژنانی ئەرمەنی و ڕێکخراوەکان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشداری لەو کۆڕبەندەدا بکەن.

لەوبارەیەوە نەسرین حەسەن، ئەندامی دەستەی کۆمەڵگەی ژنانی زەنۆبیا و پەنجەوین عەلی، ئەندامی یەکێتیی سیاسەتی دیموکراتیک و پەیوەندییەکانی کۆنگرەی ستار، چەند هەڵسەنگاندنێکیان ئەنجامدا.

پشتیوانی لە هەڵمەتەکەی کەژەکە

پەنجەوین عەلی ڕایگەیاند، ئەوان پشتیوانی لەو هەڵمەتە دەکەن، کە کەژەکە دەستیپێکردووە و وتی، "ھەڵمەتی پشتیوانی لە ژنانی شەنگال و ئەفغانستان، کە بە پێشەنگایەتی کەژەکە دەستیپێکردووە، لە قۆناغێکی گرنگدا ڕاگەیەندرا. لە شەنگال هەزاران ژن کوژران و تا ئێستاش لە ئەفغانستان و جیهانیش کوشتنی ژنان بەردەوامە. کۆمەڵکوژی و دەستدرێژی بۆتە شتێکی سیستماتیک. لە کۆمەڵکوژیی شەنگالدا زۆرترین زیان بەر منداڵان و ژنان کەوت. ھێشتا چارەنووسی زۆرێک لەو ژنانە نادیارە. لە ئەفغانستانیش هەمان شت ڕوودەدات. لە ساڵی ٢٠٢١ کاتێک تاڵیبان دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرت، توندوتیژی دژی ژنان زیاتر بوو، ژنان دەکوژرێن، مافەکانیان زەوت دەکرێت. کەژەکە لەسەر ئەو بنەمایە ھەڵمەتێکی دەستپێکرد، ئێمەش لە ٣١ی تەمووزدا پشتیوانی خۆمان لەو ھەڵمەتە ڕاگەیاند.

وتیشی: ئەوەی کە کۆڕبەندەکە لە شاری ڕەقە بەڕێوەدەچێت واتایەکی جیاوازی هەیە. ڕەقە کە پایتەختی داعش بوو، بە ئیرادە، تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنان ڕزگار کرا. لەو شارەی کە پێشتر ناوەندی ئەشکەنجە، تاڵان، دەستدرێژی و کۆمەڵکوژیەکانی داعش بوو، ئەمڕۆ ژنان تێیدا کۆدەبنەوە، سەرنج بۆ ڕۆڵی ژنان لە بنیادنانی ژیانێکی ئازاد ڕادەکێشن. لە مێژووی ژناندا هەم بەرخۆدان هەیە و هەم کۆمەڵکوژی. بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژی و بەئامانجگرتنی ژنان دووبارە نەبێتەوە، بە بەشداری ١٢٩ ژن گفتوگۆ دەکرێت و هێرشەکانی ئەقڵییەتی پیاوسالاری پوچەڵدەکرێنەوە.

"پێویستە تێکۆشانی ھاوبەش گەشتر بکرێت"

لای خۆیەوە نەسرین حەسەن، سەرنجی بۆ ئەرک و بەرپرسیارێتی ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاکێشا و وتی: "شتێکی دیکە کە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین، زیندووڕاگرتنی یادی ئەو ژنانەیە کە کوژراون. بە تایبەتی ئەو ژنانەی کە لە هێرشی چەتەکانی داعشدا کوژراون، ھەروەھا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو ژنانەی کە چارەنووسیان نادیارە وەکوو ئەرک و بەرپرسیارێتی سەرەکیمان دەبینین. ھاوکات لە کۆڕبەندەکەدا دۆخی ژنان لە ئەفغانستان وهەموو شێوازەکانی توندوتیژی دژی ژنان لەبەرچاو دەگیرێن. بەرپرسیارێتی سەرەکی ئێمەیە، سەرنج بۆ توندوتیژی دژی ژنان ڕابکێشین و ڕێگری لێبکەین. ئەگەر لەمڕۆشدا توندوتیژی بەمجۆرە بەربڵاوە، واتە هێشتا نەگەیشتووینەتە هەموو کۆمەڵگاکان و دژی ئەقڵیەتی پیاوسالاری، لایەنی لاوازمان بۆ تێکۆشانی هاوبەش هەیە، ئەمەش جێگەی ڕەخنەیە.

نەسرین حەسەن وتیشی: دەمانەوێت بە جیهان ڕابگەیەنین، بەرامبەر هێزە داگیرکەرەکان و شانە شاراوەکانی ناوچەکەمان کە دژی ژنانن، دەوەستینەوە. دەمانەوێت نیشانی بدەین، ژنان لەم ناوچانەدا ڕێکخراون و خۆیان بەڕێکخستن کردووە. ژنان لەگەڵ شۆڕشی ناوچەکەدا سەلماندیان، کە لە هەموو گۆڕەپان و بوارەکاندا پێشەنگن. هەموو جیهان بینی کە ژنان ڕۆڵێکی گەورەیان ھەبوو لە ڕزگارکردنی ئەو ناوچانەی کە لە ژێر داگیرکاری داعشدا بوون. هەربۆیە دەمانەوێت ژنانی جیهان زنجیری کۆیلایەتی تێکبشکێنن و ڕێگای ئازادی دەستپێبکەن".

ژ.ن