کۆبوونەوەی دەم پارتی-پەرلەمان
ئەندامانی شاندی ئیمراڵی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، پەروین بوڵدان و مەدحەت سانجار پەیوەست بە پرۆسەکەوە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا نوعمان کورتولموش کۆبوونەوە. کۆبوونەوەکە بە دوور لە چاوی ڕاگەیاندنەکان نیو کاتژمێری خایاند، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەسترا.
'کۆبوونەوەکەمان ئەرێنی بوو'
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا پەروین بوڵدان دەربارەی کۆبوونەوەکە قسەیکرد و ئەمەی گوت: " لە کۆبوونەوەکەدا بەهۆی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی پەرلەمان پیرۆزباییمان لە بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان نوعمان کورتولموش کرد، لەگەڵییدا ئاستی ئێستای پرۆسەی ئاشتیمان هەڵسەنگاند، گفتوگۆی وردمان لەبارەیەوە کرد و بۆچوونمان گۆڕییەوە. بە گشتی سەردانەکەمان کە نیو کاتژمێری خایاند زۆر ئەرێنی بوو."
'پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی گرنگ'
پەیوەست بە وردەکاری کۆبوونەوەکە و قسەکردن لەسەر پرۆسەکە پەروین بوڵدان ئەمەی گوت: "ئەو پێشوازییەیی کورتولموش نیشاندی داین گرنگە، سوپاسی دەکەین. لە ئایندەدا کۆبوونەوەی زیاترمان دەبێت. لەبەرئەوەی پرۆسەکە پەڕیوەتەوە بۆ قۆناغێکی گرنگ. لە ڕۆژانی داهاتوودا قسەی زیاتری لەبارەوە دەکەین، بەڵام بۆ ئێستا ئەوەی دەتوانم بڵێم ئەوەیە؛ پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی گرنگ."
دوای کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان و باخچەلی سەردانی ئیمراڵی دەکرێت
لە بەردەوامییدا پەروین بوڵدان ڕایگەیاند وەک شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ئەردۆغان و باخچەلی و ئۆزەلدا کۆدەبنەوە و دواتر دەڕۆنە ئیمراڵی و ئەمەی گوت: "پێمان وایە زۆر گرنگە ئەم پرۆسەیە لەسەر زەمینەیی دیالۆگ و پەرلەمان پەرەی پێبدرێت.لە ناو دوو هەفتەی داهاتوودا سەردانی بەڕێز باخچەلی، ئۆزگور ئۆزەل و سەرۆککۆمار ئەردۆغان دەکەین و دوای ئەو کۆبوونەوانە، لە ئیمراڵی لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دا دیدار دەکەین."
کۆمیسیۆنی پەرلەمان
دواتر مەدحەت سانجاریش پەیوەست بە کۆمیسۆنەی لە پەرلەماندا پەیوەست بە پرۆسەکەوە پێکدەهێندرێت قسەیکرد و گوتی: "ماوەیەکی زۆرە قسە لەبارەی ئەوەوە دەکرێت بۆئەوەی ئەم پرۆسەیە بە بەشداربوون و پشتگیری کۆمەڵایەتییەوە بەڕێوەبچێت، لە ڕێگەی ئاشتییدا پێویستە هەنگاوی بەهێزتر بنرێت و پەرلەمان ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات. خواستی ئێمەیش هەر ئەمە بووە. لەم بابەتەدا هەنگاوی هەرە کاریگەر پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکە لە پەرلەماندا. لەم بابەتەدا ڕای گشتی و پارتە سیاسییەکانیش کۆکن."