خالیدە تورکئۆغلو بوو بە وتەبێژی مەجلیسی ژنانی هەدەپ

مەجلیسی ژنانی هەدەپ پاش کۆنگرەکەی، یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا، خالیدە تورکئۆغلو وەک وتەبێژی مەجلیسی ژنان هەڵبژێردرا.

مەجلیسی ژنانی پارتی دیموکرسی و یەکسانی (هەدەپ) دوای کۆنگرەکەی لە ١٥ی تشرینی یەکەم، یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی لە بارەگای گشتیی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) ئەنجامدا. لە کۆبوونەکەدا ژنانی ئەندامی مەجیلسەکە کە لە کۆنگرەدا هەڵبژێردرابوون، کۆبوونەوە، پێشهاتەکانی پەیوەست بە ڕۆژەڤ و هێڵی نوێی تێکۆشان و هەڵبژاردنی ئیدارە هەرێمییەکان نرخاندنی بۆ کرا. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا وتەبێژی مەجلیسەکە دەستنیشان کرا.

لەگەڵ ئەو چەندین مژارەی لە کۆبوونەوەکەدا وتوێژی لەسەر کرا، پەرلەمانتاری ئامەد، خالیدە تورکئۆغلو وەک وتەبێژی مەجلیسی ژنان هەڵبژێردرا.

هەروەها بڕیار وایە سبەی ئەندامانی لیژنەی بەڕێوەبردنی ناوەندی هەڵبژێردرێن و پەیڕەوەکەیان دەستنیشان بکەن.