"خۆزگە چیای شەنگال زمانی هەبوایە و باسی قارەمانێتی کچانی ئێزدی بکردایە"

لە پانێڵی دووەمی کۆنفرانسی "ژنانی ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان، بەبۆنەی ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی شەنگال"، فەلەکناس ئۆجا گوتی: "خۆزگە چیای شەنگال زمانی هەبایە باسی قارەمانییەکانی کچ و کوڕانی ئیزدی کردبا کە چۆن لەبەرامبەر هەموو فەرمانەکان بەرخودانیان کردووە".

بەیانی ئەمڕۆ لە هۆڵی ئوتێل داوا لە شاری سلێمانی، بەبۆنەی ٩یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگال، کۆنفرانسی "ژنانی ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان، بەبۆنەی ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی شەنگال" بە دروشمی "تێکۆشانی هاوبەشی ژنانی پێکهاتە و باوەڕییەکان، زامنی کۆتایی هێنانی کۆمەڵکوژییەکانە، هەنگاونانە بەرەو بونیادنانی سیستمێکی دیموکرات"، دەستیپێکرد.

لە پانێڵی دووەمی کۆنفرانسەکەدا، ڤەژین شەنگالی ئەندامی فەرمانداری یەکینەکانی پاراستنی ژنانی شەنگال (یەژەشە) لە پانڵێکدا دەربارەی ژنانی شەنگال ئەو هێرش و کۆمەڵکوژیانەی کە لەسەر ژنانی شەنگاڵ بەرێوەچووە بەم شێوەیە قسەی کرد:" کۆمەڵکوژی ٣ی ئابی  شەنگال هەر لەخۆڕا ڕووینەدا بەڵکو دەستی چەندین دەوڵەت هەبوو لەوەی گەلی ئێزدی کۆمەڵکوژ بکەن، داعش ڕێخستنێکی خۆڕسک نەبوو، بەڵکو لە لایەن دەزگا و دەوڵەتان دروستکرا، بە تایبەتیش تورکیا، ئامانج لێ،ی کۆمەڵکوژکردنی گەلی ئێزدی و پێکهاتە جیاوازەکانی  ناوچەکە بوو، بەڵام ئێمە لە سایەی فکری ڕێبەر ئاپۆ و هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، یەژاستار و شەڕڤانان توانیمان خۆمان بە ڕێکخستن بکەین هێزی تایبەت بە خۆمان دابینێن و چەتەکانی داعش تێک بشکێنین، لە ئیستاشدا ئێمە وەک یەژەشە گەلی ئێزدی دەپارێزین و ڕێگا نادەین ئەو هێزانەی کە لە ڕۆژی تەنگ گەلی ئێزدیان بەجێهێشت جارێکی دیکە بێنەوە ناوچەکە، چونکە ئەوان خیانەتیان لە گەلی ئێزدی کردووە".

هاوکات زینەب موراد هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان( کەنەکە) پانێڵێكی پێشکەش کرد وتی:"زیاتر لە سەد ساڵە بە هەموو شێوەیەک بە پیلانێکی نێودەوڵەتی هەوڵدەدرێت گەلی کورد لە ناو ببرێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین کۆمەڵکوژی لە دژی گەلی کورد بەرێوە چووە، لە ناو ئەو کۆمەڵکوژیانەش ژنان بە ئامانج گیراوە، چونکە داگیرکەر و دوژمنانی گەلەکەمان دەزانن چاند و کلتوری کورد لە کەسایەتی ژندا لە ئاستێکی بەرز پارێزراوە، بۆیە ئەو ژنانەی لەسەر خاکی ڕەسەنی خۆیانن بە ئامانج دەگیرێن، لە لایەکی تریش، دەیانەوێت لە کەسایەتی ڕێبەر ئۆجەلان تەواوی کۆمەڵگای کورد بەدیل بگرن، چونکە ڕێبەر ئاپۆ پێشەنگایەتی ژیانی ئازاد دەکات لە کوردستان".

هاوسەرۆکی کۆنسەی کەنەکە وتیشی: "وێڕای هێرشە فراونەکانی داگیرکەر، چەتە و زلهێزەکانی جیهان، بەڵام کوردان بە پێشەنگایەتی ژنان و بە تێکۆشانی هاوبەش توانیویان هێرشەکان تێک بشکێنن و دەسکەوتی گرنگ بە دەست هاتون، ژنانی جیهان ئیلهام وەردەگرن لە تێکۆشانی ئێمە، بە سەدان ژنی نێونەتەوەیی تێکۆشەر دەیانەوێت بەشداری تێکۆشانی ژنانی کورد بکەن و ئیلهامی لێ وەر بگرن".

فەلەکناس ئۆجا ئەندامی دەستەی بەرێوبەری هەدەپە لە پانێڵیکدا قسەی کرد وتی:" تا ئیستا ٧٤ فەرمان بەرامبەر گەلی ئێزدی کراوە بەڵام فەرمانی ٣ ی ئاب زیاتر لە بەر چاوی هەموو دونیا ڕوویدا، ڕاگەیاندنی ئازاد توانی هەموو ڕاستیەکان بۆ دونیا ئاشكرا بکات و ئێشەکانی گەلی ئێزدی بە دونیا پێشان بدات، لە کۆمەڵکوژی ٣ی ئاب لە دونیادا هێچ کەسێك گەلی ئێزدی و شەنگالی نەدەناسی، بەڵام پاش ئەو کۆمەڵکوژییەی لەسەر گەلی ئێزدی بەرێوەچوو و ئێزدیەکیان لەبەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژیە تێکۆشانیان کرد،  ئەوە وایکرد هەموو جیهان گەلی ئێزدی و باوەڕی ئێزدایەتی بناسێت، خۆزگە چیای شەنگال زمانی هەبا بەڵکو توانیبای باسی هەر ٧٤ فەرمانەکەی کردبا کە بەسەر گەلی ئێزدی هاتوە و لە بەرامبەریشدا چۆن گەنجانی ئێزدی بەرخودان و تێکۆشانیان کردوە، کاتێک باسی جینۆساید دەکەین، دەبێت مێژوو و  ئازاری خۆمان ببینین، لەکاتی ڕوودانی کۆمەڵکوژی لەسەر شەنگال لە باکووری کوردستان و دەرەوەی وڵاتیشدا چالاکیمان ئەنجامدا و پشتگیریمان لە بەرخۆدانی کۆمەڵگەی ئێزدی کرد، ئەمڕۆ جگە لەچەتەکانی داعش دەبێت هەموو ئەوانەشی هاوکاریان بوون دادگایی بکرێن  و بەسزای خۆیان بگەن، کۆمەڵكوژی سەر کۆمەڵگەی ئێزدی ئێستاش بەکۆتا نەهاتووە، بۆیە دەبێت لەئاستی نێودەوڵەتیشدا خاوەندارێتی لێ بکرێت".