بزووتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزیدی (تاژێ) و بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا) پێشوازییان لە ناڕەزایەتیی ژنانی هێندوستان کرد کە دوای دەستدرێژیکردنە سەر پزیشکێکی ژن دەستی پێکرد و پەیامی بەهێزکردنی تێکۆشانی بەڕێکخستن کردنیان ڕاگەیاند.
لە نامەکەی تاژێدا هاتووە: "ئێمەی بزووتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزیدی (تاژێ) بە ڕۆحی ژیان و ئازادی ژن سڵاو لە ئێوەی ژنانی هێندوستان دەکەین، لە مێژوودا ژنان بە کار و بیرۆکەی خۆیان ژیانیان بنیات ناوە. بەڵام عەقڵیەتی پیاوسالاری ٥ هەزار ساڵە هەر ساتێک ژیانی ژنێک دەگرێت و دەیکوژێت. هەروەها ئەم عەقڵیەتە عەقڵیەتی دەستدرێژییە. لە جیهاندا ژنان لە هەموو لایەکەوە تووشی دەستدرێژی دەروونی و سۆزداری و جەستەیی دەبنەوە. ئاستی توندوتیژیی ئێستا لە ماڵ و شەقام و قوتابخانە و هەموو شوێنێک، بەبێ هیچ مافێک بەسەر ژناندا دەسەپێندرێت.
ئێمە بۆ تێکشکاندنی عەقڵییەتی ڕەگەزپەرەستی و گۆڕینی سەدەی 21 بۆ سەدەی ژنان هۆشیاری خۆپاراستن بەڕێکخستن و بەهێز دەکەین. ئێمە بە وردی بەدواداچوون بۆ تێکۆشانی ئێوەی ژنانی گەنجی هێندوستان دەکەین و بە نرخی دەزانین. بەتایبەت چالاکی هەزاران کەسی ژنان کە بە پانکارتی "ژن، ژیان، ئازادی" هەستێکی ڕۆحی و مەعنەوی پێبەخشین و دڵخۆشی کردین. تێکۆشان و دیمەنەکان زۆر مانادار بوون. ئەمڕۆ فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی، کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە هەموو ژنانی بەخشیوە، بە بیر و ڕۆح و هەستی ئازادیخوازانە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاودەبێتەوە. فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی، ئەوەندەی کە بۆ ئێمەی ژنان هێز، مۆڕاڵ و سەرکەوتنێکی مێژووییە، ئەوەندەش شکستێکی مەزنە بۆ دەسەڵات.
ئێمە جارێکی دیکە وەک بزوتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزیدی (تاژێ) تێکۆشان بۆ ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند بە پێویستیەک دەبینین و سڵاو ئاراستەی تێکۆشانتان دەکەین."
"دروشمی ژن ، ژیان، ئازادیی، فەلسەفەی ژیانی ئازادە"
لە نامەکەی تەژەئا دا هاتووە: "خوشکانی هێندوستانی ئازیز، ئێمە وەک ژنانی تەژەئا لە کوردستانەوە تێکۆشانتان لە دژی دەستدرێژی سڵاو دەکەین. خاکی ئێمە کە شاهیدی جوانترین شارستانیەتەکانی مێژوو بووە، بەداخەوە ئەمڕۆ شاهیدی دەستدرێژی بە عەقڵیەتی پیاوسالاری و کۆمەڵکوژی ژنانە. ئەم سیستەمە چەپەڵە، کە نایەوێت شوناسی ژن لە ژیاندا لە دەرەوەی کۆنترۆڵی هاوسەر، دایک و مێرد دا ببینێت، لە دژ ناسنامەی ژنی ئازادە و بە دەستدرێژی و کۆمەڵکوژی ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
وەک چۆن لە تێکۆشانەکەتان دا ڕاتانگەیاندووە، دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادیی' فەلسەفەی ژیانی ئازادە. ژیانی ژنان دەبێت لەڕاستیدا، ژیانی ئازاد بێت، کوشتنی ژنان کوشتنی ژیانە.
هەرچەندە ئێمە لە جوگرافیای جیاواز و کولتووری جیاوازدا دەژین، بەڵام حەقیقەتی ژنبوون سنوورەکانمان لە یەکتر نزیک دەکاتەوە. ناڕەزایەتی و تێکۆشانی ئێوە جارێکی دیکە پێویستیی بە پشتیوانی وتێکۆشانی ژنانی جیهان نیشاندا. ئەو دەستدرێژیەی کە بەرامبەر ژنێکی هیندی کراوە مانای ئەوەیە کە بە ژنێکی کوردستانیش کراوە. تێکۆشانی ژنانی هێندوستان هێز بە تێکۆشانی ژنانی کوردستان دەبەخشێت. ئێمە دەزانین کە فەلسەفەی 'ژن،ژیان، ئازادی' بانگەوازێکە بۆ ئازادی ژیان بە پێشەنگایەتی ژنان و جارێکی دیکەش بە ڕێزە و حورمەتەوە سڵاوی خۆمان ئاراستەی تێکۆشانتان دەکەین."