'کۆمەڵکوژییەکانی پاریس بە ئامانجی زۆرەوە ئەنجامدران.

زەینەب کاراکۆچان ئەندامی تەژەکە-ئە ڕایگەیاند کە کۆمەڵکوژییەکانی پاریس چەندین ئامانجی ئایدیۆلۆژی، سیاسی، سەربازی، کۆمەڵایەتی و دەروونی هەمە لایەنەی لە پشتەوە بوو.

ئەندامی بزووتنەوەی ژنانی کورد لە ئەوروپا، زەینەب کاراکۆچان، روونیکردەوە کە پێشەنگایەتی، دەنگ و داهاتووی بزووتنەوەی ژنانی کورد بە کۆمەڵکوژییەکانی پاریس کراوەتە ئامانج و دەڵێت"بەم شێوەیە دەیانویست پێش بە پێشکەوتنی ئازادیی کوردستان بگرن".

زەینەب کاراکۆچان ئەندامی بزووتنەوەی ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکە-ئە) بە بۆنەی ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژییەکانی ٩ی کانوونی ٢٠١٣ و ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە دژی سیاسەتمەدارانی کورد لە پاریس، وڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی فوراتی دایەوە.

دەوڵەتی تورک بەم کۆمەڵکوژییانە چ پەیامێک دەداتە کورد و ژنان بەتایبەتی و بۆچی پاریسی هەڵبژارد؟

سەرەتا سارا (ساکینە جانسز) ڕۆژبین، ڕۆناهی، ئەڤین (ئەمینە کارا)، میر پەروەر و عەبدولڕەحمان کزڵ، کە لە هێرشە دڕندانەکانی پاریسدا شەهید کران، بە ڕێز و حورمەتەوە بە بیر دێنمەوە. بێگومان هەردوو کۆمەڵکوژییەکە کارەساتی مێژوویین کە شوێن پەنجەی خۆیان لەسەر مێژووی فەرەنسا دانا. لە یادی ١٠ ساڵەی کۆمەڵکوژی پاریس کە لە ئەنجامدا یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە و ڕێبەری تەڤگەری ئازادی ژنانی کورد، هەڤاڵمان سارا و ڕۆژبین و ڕۆناهی، دووهەمین کۆمەڵکوژی پاریس ئەنجامدرا. گەل و ژنانی کوردستان بۆ ئەوەی تیشک بخەنە سەر ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە کۆمەڵکوژییەکەی پاریس بەبێوچان تێکۆشان دەکەن. پێویست بوو فەرەنسا لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەی دەوڵەتی تورک لێپرسینەوە و دادگایی دەست پێبکات، بەڵام لە ٢٣ی کانوونی یەکەمدا هێرشێکی دیکە دژی گەلی کورد لە پاریس ئەنجامدرا.

ڕێبەر ئاپۆ و هێڵی ژنان بە ئامانج گیرا

کۆمەڵکوژیی پاریس لە ساڵی ٢٠١٣ لە پرۆسەیەکی هەستیاردا ڕوویدا. لەو پرۆسەدا ڕێبەر ئاپۆ لەسەر بنەمای چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد هەنگاوی نابوو و دانۆستانەکانی دەست پێکردبوو. لە ڕاستیدا ڕێبەر ئاپۆ بە ئامانج گیرا. مەبەست لەم کۆمەڵکوژییە تێکدانی پڕۆسەی چارەسەری بوو و وەک یەکێک لە هەڤاڵانی یەکەمی هێڵی ئایدیۆلۆژیی ڕێبەر ئاپۆ کرایە ئامانج. لە هەمان کاتدا تێکۆشانی ئازادی ژنانی کوردستان و دەستکەوتەکانی لە کەسایەتی هەڤاڵ سارادا کرانە ئامانج. کۆمەڵکوژی پاریس لە کەسایەتی بزووتنەوەکەماندا هێرشێکی فرەلایەنەی ئایدیۆلۆژی، سیاسی، سەربازی، کۆمەڵایەتی و دەروونی بوو بۆ سەر گەلی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە. تەنها بە هەستی دوژمنکارانەوە نەکرا. کۆمەڵکوژییەکە ئەوەندەی تر ئایدیۆلۆژییە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دۆخ و پێشهاتە راستەوخۆەکانی کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانەوە هەبوو. وەک لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەکەماندا، لەلایەن ناتۆ و گلادیۆی سەر بە خۆیەوە پیلانێک لە ناوچەکەدا ئەنجامدرا؛ کۆمەڵکوژی پاریس بە هەمان ئامانج، دامەزراندنی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکی لە ناوچەکە بە پێشەنگایەتی کوردستان و ڕێبەرایەتی پەکەکە کردە ئامانج.

بۆ دواخستنی شوڕشێ ژنان بوو

بەم هێرشانە دەیانویست هەڕەشەی جددی لە سەر بزووتنەوەی ژنانی ئازاد دروست بکەن. ئەمڕۆ ژنە پێشەنگە کوردەکان نەک هەر لە ئەوروپا، بەڵکو لە چوار بەشی کوردستانیش دەکرێنە ئامانج و شەهید دەکرێن. دەوڵەتی فاشیستی تورک بە هێرشی خیانەتکارانە پێشەنگی ژنان دەکاتە ئامانج. بەم شێوەیە دەیەوێت تێکۆشانی ئازادی ژنان لەناو ببات. چونکە ژنانی شۆرشگێڕ پێشکەوتنی بەهێزیان بەدەست هێنا بوو لە دژی سیستەمی دەسەڵاتداری پیاوسالاری و بەرژەوەندییەکانی ناڕازایەتیان نیشاندا بوو، بەم کۆمەڵکوژییانە دەیانویست ژنان بترسێنن، بێدەنگیان بکەن، لاوازیان بکەن و لە تێکۆشان بۆ ئازادی بیانگەڕێننەوە بۆ دواوە.

ڕێگا هەموار کرا بۆ ئەەوی پاریس ببێتە ناوەندی کۆمەڵکوژی

لە چوارچێوەی هەمان چەمکدا، ئەمجارەیان کۆمەڵکوژی دووەم لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، لەسەر بنەمای بەردەوامی هەمان سیاسەت ئەنجامدرا. لە ماوەی ڕابردوو لە پاریس تیرۆری سیاسی زۆر ڕوویداوە. هەرچەندە ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژییەکان ناسراون، بەڵام تا ئێستا ڕوون نەکراونەتەوە. ئەو تیرۆرە سیاسیانەی کە بێ لێپرسینەوە لە ساڵانی ١٩٧٠ی ڕابردوودا لە پاریس ئەنجامدراون، ئەم ڕاستیانە دەسەلمێنن. دەیان چالاکی بزووتنەوە شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازەکانی مەغریب، جەزائیر، ئێران، سوریا، فەلەستین، باشووری ئەفریقا، باسک و تامیل لە پاریس لەلایەن باندی گلادیۆەکان و سیخوڕییەکانەوە کوژراون. بەڵام سەبارەت بەو تیرۆرانە هیچ لێکۆڵینەوە و تۆمەتبارێک نەگیراوە. یاسا و دیموکراسی فەرەنسا سەبارەت بەو تیرۆرە سیاسیانە لێپرسینەوەی لەهیچ کەس نەکردووە، بە پێچەوانەوە کاریان کردووە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی پاریس ببێتە ناوەندی کۆمەڵکوژیی.

بۆچی پێشەنگانی وەک ساکینە جانسز و ئەڤین گۆیی، ژنانی تێکۆشەری دیپلۆماسی و گەنجان کرانە ئامانج؟ ڕۆڵی ئەو ژنانە لە تێکۆشان بۆ ئازادیی گەلی کورد و ئازادیی ژنان چی بوو؟

کۆمەڵکوژییەکانی پاریس و ئەو شەهیدبوونانەی کە ڕوویاندا، ئازارێکی قورسی بێ وێنەی گەیاندە ئێمەی ژنان، گەلەکەمان و دۆستانمان و هەموو جیهان. لە مێژووی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی ٤٥ ساڵەی پارتیماندا، بەسەر قۆناغی زۆر قورس و پڕ لە ئازاردا تێپەڕیوین. شانازی بەو دەستکەوت و بەهایانەوە دەکەین کە بەرەنج و تیکۆشانی کچ و کوڕانی قارەمانی شەهیدی گەلەکەمانەوە گەیشتوونەتە ئەمڕۆ. شەهیدبوونی هەڤاڵ سارا کە لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ بووەتە مێژووی زیندووی بەرخۆدان و تێکۆشانمان و هەڤاڵ ئەڤین گۆیی کە لە پێناو ڕێگای ئازادی خۆی فیدا کرد و هەڤاڵان ڕۆژبین و ڕۆناهی کە بە ئەرکی پێشەنگایەتیەوە هەستان، بۆ دوا ڕۆژی ئازادی بزووتنەوەی ژنان خەسارێکی قورس و گرانن. بەتایبەت پێگە و شەهیدبوونی هەڤاڵمان سارا لە مێژووی تێکۆشانی ئازادیماندا مانایەکی جیاوازی هەیە.

لە کەسایەتی، شەخسێکدا  مێژوو هێنرایە زمان

بەرخۆدان و هەڵوێستی شکۆمەندانەی ساکینە جانسز لە هەست و هزر و ژیان لە بەرامبەر هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک لەلایەن دوژمنەوە کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر گەل دانابوو. تفی لە ڕووی خیانەتکار و جەلاد کردبوو، بە جددی ئەو ڕاستیانەی دەپاراست کە باوەڕی پێی هەبوو، تیکۆشانی بۆ ئەو ڕاستیانەی دەکرد کە گرێدراوی بوو، هەتا کۆتایی لە تێکۆشانی خۆیدا بۆ زیندوو ڕاگرتنیان تێکۆشانی کرد. بەرخۆدانی سارا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە لە بنیاتنانی نەریت و هێڵی بەرخۆدانی زیندانیەکانی پەکەکەدا. جگە لە تایبەتمەندی بەرخۆدێری ژنانی کورد، ئەوەیە کە سارا خاوەنی ئیرادەی تێکۆشان و بەهێزییە، ئاستێکی جیاواز و کاریگەری لە گۆڕەپانی سیاسی نێونەتەوەییدا خوڵقاندووە. کەسایەتی ساکینە جانسز هەڵدانەوەی مێژووە لە کەسایەتی مرۆڤێکدا. لەبەر ئەم هۆکارەش ​​تێکۆشانی ئەو وەک مێژووی تێکۆشانی تەڤگەری ئازادیی ژنانی بزووتنەوەکەمان وەردەگرین و ئەم هێڵە بە بنەمای تێکۆشانمان دەگرینە دەست.

لە ئارمانجەکەیدا ڕوون بوو

هەڤاڵ ئەڤین گۆیی لە تەمەنێکی لاویدا لە بۆتان شاهیدی هەموو جۆرە هێرشێکی نامرۆڤانە و تیرۆریستی دەوڵەتی فاشیستی تورک بوو. لە شەڕی بۆتان کە دڵی بەرخۆدانی گەریلایە فەرماندەیی کردووە. لە ناو تەڤگەری ئازادیدا گەورە بووە. ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە چ لە ژیان و چ لە شەڕدا. لەگەڵ هەڤاڵ سارا ڕۆڵی پێشەنگی لە پێکهێنان و ڕێکخستن و بەهێز کردنی سوپای ژناندا بینیوە و سەرەڕای ئەوەی تەمەنی گەنج بوو، فەرماندە بووە، بارگرانی تێکۆشانی ئازادیی ژنانی خستە سەر شانی خۆی. هەوڵ و قوربانییەکی زۆری دا. لە شەڕی داعش کە هەڕەشەی لە هەموو گەلان، ژنان و جیهان دەکرد، چالاکانە لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا بەشدار بوو و پێشەنگایەتی لە بنیاتنانی ژیانێکی نوێ، کۆمەڵگەیەکی ئازاد و نەتەوەیەکی دیموکراتیک لە ڕۆژئاوا کرد.

لە خەباتی دیپلۆماسیدا دۆستانێکی قازانج کرد  

هەڤاڵ ڕۆژبین بەدوای ئازادیدا دەگەڕا و لە هەموو بوارەکانی تێکۆشاندا بەرامبەر بە پرسی ژنان هەستیار بوو. ئەو بە ماندوو نەبوون ناسرابوو و لە ئامانجەکانیدا خاوەن ئیرادە بوو. هەڵوێستێکی سەرەنجڕاکێش بوو. هەڤاڵێک بوو کە ئازارەکانی گەلەکەی هێنایە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بۆ تێکۆشانێکی شکۆمەندانە و ڕەوای گەلی کورد؛ بەرپرسیارێتی گرنگی لە ئەستۆ گرت و ڕۆڵی لە سیاسەت و دیپلۆماسیدا نواند. ڕۆژبین لە پەرەپێدانی سیاسەت و دیپلۆماسی کوردیدا ڕۆڵێکی کارای بوو و ئاستێکی گرنگی خوڵقاند. دۆست و پێگەی بە تێکۆشان بۆ  ئازادی قازانج کرد و بوو بە زمان و دەنگی بەهێزی گەل و ژنانی کورد. به تایبەتی لەو کەمپەین و هەڵمەتانەی لە پێناو ئازادی ڕێبه ڕی ئاپۆدا ئەنجامدران  پێشەنگایەتی کردبوو.

هێمای هەڵبژاردنی ئازادی گەنجانی کورد بوو

هەڤاڵمان ڕۆناهی لەگەڵ شێوازی ژیانی ئەوروپا و کولتوورەکەی سازگار نەبوو، بەردەوام بە تاسە و حەسرەتی کوردستانەوە گەورە بووە. ئەویش وەک ڕۆژبین هەڵوێستێکی ڕادیکاڵانەی هەبوو، لە بەرامبەر سیاسەتی چەوساندنەوەی سەرمایەداری لە دژی گەنجانی کورد و ئازادیی هەڵبژاردبوو. تێگەیشتنی وڵاتپارێزی، گەڕان بەدوای ئازادیی، بە تێکۆشان لە ڕێگای ئازادیدا دەبینیەوە. بە تایبەت گەنجانی کوردستان کە لە ئەوروپا دەژین و گەورە دەبن، پێگەی ڕووناهی بکەنە بنەمای خۆیان، ڕێکخستنی خۆیان لە دەوری تێکۆشانی ئازادی بەهێز و بڵاوی بکەنەوە. بزووتنەوەی گەنجانی کوردستان لە کەسایەتی هەڤاڵ ڕۆناهی کرایە ئامانج. کاتێ باس لەسەر شوێن و گرنگی ئەو چوار هەڤاڵەمان لە تێکۆشاندا دەکەین، باش ڕوون دەبێتەوە کە بۆچی کراونەتە ئامانج. پێشەنگی دەنگ و داهاتووی بزووتنەوەی ژنانی کورد کراوەتە ئامانج. بەم شێوەیە لە کەسایەتی ئەودا ویستوویانە تێکۆشانی ئازادی کوردستان ڕاوەستێنن.

دەبینرێت کەیسەکان سەبارەت بە کۆمەڵکوژییەکانی پاریس پەردەپۆش دەکرێن. بۆچی؟ بەڵێ بەداخەوە داوای داخستنی هەردوو دۆسیەکە کراوە. لە هەردوو کۆمەڵکوژیەکەدا دەردەکەوێت فەرەنسا هاوبەشی ئەم کۆمەڵکوژیانەیە. چونکە بەڵگەکان دەشارێتەوە و ڕادەستی دادگای ناکات. بە قسەی "نهێنی دەوڵەت" هەوڵی شاردنەوەی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک دەدات. بە پەردەپۆشکردنی ئەو دوو کۆمەڵکوژییە، سیاسەتی کۆمەڵکوژی دەوڵەتی تورک پارێزراوە. دەیانویست بە کوشتنی بکوژەکە کۆتایی بە لێکۆڵینەوە و دۆسیەکان بهێنن. دوای ئەوەی بنەماڵەکان جارێکی دیکە سکاڵایان لە میت تۆمار کرد، دۆسیەکە کرایەوە. بە هەمان شێوە سەرەڕای ئەوەی ساڵێک بەسەر کۆمەڵکوژی ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ تێپەڕیوە، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک بەردەست نییە. دادگا دەیەوێت دۆسیەکە لەسەر ڕەگەزپەرستی ببینێت. لێکۆڵینەوەکان زۆر بە هێواشی بەرەوپێش دەچن. سەرەتا بانگەشەی ئەوە دەکرا کە تەندروستی دەروونی بکوژەکە لە شوێنی خۆیدا نییە، دواتر سەلمێندرا کە تەندروستی دەروونی بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی تەواوە. بەڵام ئەمجارەیان داواکرا کە لێکۆڵینەوەکە لەسەر ڕەگەزپەرستی تۆمار بکرێت. بەڵام لە دانپێدانانەکانی خودی بکوژەکەدا ڕوونە کە ئەم ڕووداوە کۆمەڵکوژییەکی سیاسییە. بەڵام داواکاری گشتی نایەوێت دۆسیەکە سیاسی ببینێ. ئێستاش لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

وەک چالاکوانانی بزووتنەوەی ژنانی کورد چۆن بەشداریتان لە تێکۆشان دژی کەیس و کۆمەڵکوژییەکان کرد، ئێستا چۆن بەردەوامن؟

ئێمە وەک بزووتنەوەی ژنانی کوردی ئەوروپا لە هەردوو لایەنی یاسایی، سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەدواداچوونمان بۆ ئەم دۆسیەیە کرد. بەتایبەتی لە بواری یاساییدا، لە پڕۆسەی ئەم  ١١ ساڵدا، هەروەک چۆن دۆسیەکە پەیڕەو کرا، لێکۆڵینەوەی جیاواز لە بواری نێودەوڵەتیدا کرا. لەو چوارچێوەیەدا لە کاتە جیاوازەکانی ساڵانی ڕابردوو کۆنفرانس بەڕێوە چوون. لەو کۆنفرانسانەدا بە وردی باس لە هۆکارەکانی کۆمەڵکوژی، لێکەوتەکانی، ڕێگا و ئامرازەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کۆمەڵکوژیانە کرا. ١١ ساڵی ڕابردوو بە تێکۆشانێکی بەردەوام تێپەڕیی. ئەمساڵ لە ٢٣ی کانوونی یەکەمەوە تا ٩ی کانوونی دووەم، لایەنی یاسایی، سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵکوژییەکان جارێکی دیکە خرایە ڕۆژەڤەوە.

دوای کۆمەڵکوژییەکان گەلی فەرەنسا ناڕەزایەتیان نیشاندا. چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەم کۆمەڵکوژیانە دەکەن، ئایا پشتیوانیان لەگەڵ کورد بەردەوامە؟ ناڕەزایی گەلی فەڕەنسا لە دژی هەردوو کۆمەڵکوژییەکە سەریهەڵداوە، چونکە زۆر ڕوونە کە هێرشێکی تیرۆریستییە. گەلی فەرەنسا ئەمەیان بینیوە و دەیبینن. تا ئێستا پشتگیریان لە ئێمە کردووە و ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە. ئەمساڵ بەشدارییان لە چالاکییەکان زۆرتر بوو. هەروەها داواکارییەکانیان لەگەڵ داواکانی ئێمە وەکوو یەک بوو. داوا دەکرێت دادپەروەری نەکرێتە قوربانی بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی، نهێنی سەر دۆسیەکە لاببرێت و تاوانباران دادگایی بکرێن و سزا بدرێن. بێگومان ئەمە تەنها داواکاریی ئێمە نییە و داوای دۆستانمانە، هۆکارە بۆ تێکۆشانێکی گەورەتر. لە ٢٣ی کانوونی یەکەم و ٦ی کانوونی دووەم ڕێپێوان و چالاکییەکان لە سەرانسەری ئەوروپا بەڕێوەچوو. پێویستە چی بکرێت بۆ ئەوەی لەمەودوا تێکۆشان بۆ دادپەروەری بەردەوام و فراوانتر بێت؟ دەسەڵاتدارانی فەرەنسا بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ ڕوونکردنەوەی کۆمەڵکوژییەکان جێبەجێ نەکرد. بۆیە ئێمە بە هەڵوێست و چالاکی سیاسیمان ناڕەزایەتیمان فەراوانتر دەکەین. فەڕەنسا لە ڕووی مێژووییەوە قەرزاری کوردە. کۆمەڵکوژی پاریس نیشانەیەکی ڕەشە کە لەسەر مێژووی فەرەنسا بەجێماوە. فەرەنسا ناتوانێت لەم دۆخە ڕزگاری بێت؛ دەبێت دەستبەجێ ئەرکە یاسایی و سیاسیەکانی خۆی جێبەجێ بکات.

لە هەموو بوارێکدا تێکۆشانمان لە دژی کۆمەڵکوژی ژنان و هێرشی کۆمەڵکوژی بۆ سەر کورد پەرە پێدەدەین. ئێمە بەم ئیرادەیەوە ساڵی نوێ دەست پێدەکەین. بە تایبەتی ژنان و گەنجان، گەل و دۆستانمان جارێکی تر ئیرادەی خۆیان لە چالاکییەکانی ٦ی کانوونی دووەم بە پێشەنگایەتی بزووتنەوەی ژنانی کوردی ئەوروپا بەڕێوە چوو.

من باوەڕم وایە زۆربەی شوێنکەوتووانی "ژن، ژیان، ئازادی" جگە لە ئازادی هیچ رێگەیەکی دیکەیان نییە. بەڵێ تۆڵەی ئێمە بە جێبەجێکردنی شۆڕشی ژنان دەبێت. تێکۆشانمان لەو چوارچێوەیەدا فراوانتر دەکەین. بە دڵنیاییەوە لێپرسینەوە لە بکوژەکان دەکەین. هەروەها ئەرکی ئێمە لە هەڵمەتی"ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" هێندەی تر بە ئیرادەی چالاکییەکان دەرکەوت. گەورەترین خاوەنداری و دڵسۆزیمان بۆ شەهیدان سەرکەوتنی ئەم هەڵمەتەیە. ئێمەی ژنان کە لەسەر ڕێبازی سارا و ئەڤینان دەڕۆین، بڕوا، ئیرادە و هێزمان بۆ بە جێگە گەیاندنی ئەم ئەرکە هەیە.