کۆمیتەی نۆبڵ نیگەرانی خۆی لە دۆخی نێرگس محەمەدی دەربڕی

کۆمیتەی نۆبڵ سەبارەت بە مانگرتن لە خواردنی نێرگس محەمەدی، کە لە زیندانی ئیڤینی تاران بەندکراوە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا نیگەرانی خۆی لە دۆخی ئەو ژنە چالاکوانەی براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ دەربڕی.

بنەماڵەی نێرگس محەمەدی براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ رۆژی شەشی تشرینی دووەم / نۆڤەمبر رایانگەیاندبوو، کە نێرگس محەمەدی لە زیندانی ئێڤین دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

بنەماڵەکە رایگەیاند: "بەرپرسیارێتی گیانی نێرگس محەمەدی لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامییە".

ئەو چالاکوانە بێبەشکردنی زیندانیان لە خزمەتگوزاری تەندروستی و پزیشکی و گوشارکان بە ئامانجی سەپاندنی سەرپۆشی زۆرەملێی بەسەر ژنە زیندانییەکانی وەک هۆکاری مانگرتنەکەی دەستنیشان کردووە.

سەرۆکی کۆمیتەی نۆبڵی نەرویژ ریس ئاندرسۆن رایگەیاند، کە ئەوان زۆر نیگەرانی دۆخی نێرگس محەمەدین.

ئاندرێسۆن ئەوەشی خستەڕوو، "سەپاندنی مەرجی سەرداپۆشین بەسەر ئەو ژنە بەندکراوانەی پێویستە بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە، کردەوەیەکی نامرۆڤانە و نائەخلاقییە".

نێرگس محەمەدی یەک لە ژنە چالاکوانە دیارەکانی ئێرانە و ماوەی چەند ساڵێکە لە زیندانی ئێڤینی تاران راگیراوە. محەمەدی لە ٦ی تشرینی یەکەمدا وەک براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ دەستنیشان کرا.

هـ . ب