کۆنفرانسی "زنجیری بێدەنگی": ژنان دەکرێنە ئامانجی ڕژێمەکان

لە وتەکانی نێو کۆنفرانسی "زنجیری بێدەنگی" تیشکخرایەوە سەر ئەوەی چۆن سیستەم ژنان دەکاتە ئامانج. هەروەها دووپاتکرایەوە، گۆشەگیری لەڕێگەی تێکۆشانەوە دەشکێت.

کۆنفرانسەکەی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) بە ناونیشانی "زنجیری بێدەنگی: ڕوخاندنی دیواری زیندانیانی سیاسی" بەردەوامە. چەندین سیاستمەدار و چالاکوان و ڕۆژنامەوان بەشداری کۆنفرانسەکە بوون.

پاش وتەی دەسپێک و وەرگرتنی پشوویەک، کۆنفرانسەکە بە بابەتی "ڕوانینێک لە زیندانەکانی ئەمڕۆی تورکیا" بەردەوام بوو.

گوڵسەرەن یۆلاری سەرپەرشتی دانیشتنەکەی کرد و تیشکی خستەسەر پێشێلکاری زیندانەکان، پاشان ئەو زیندانیانەی پاش ٣٠ ساڵ ئازادبوون هاتنە سەر سەکۆکە و سڵاویان لە ژنان کرد. سوپاسی تێکۆشانی ژنانیان کرد لەپێناو زیندانیان، جەختیان لەوە کردەوە بەردەوام دەبن لە تێکۆشان و بەرخۆدان.

ئەلکای دەمیر کە ساڵی ١٩٧١ زیندانیکراوە و تەمەنی ٦٨ ساڵە، لە دانیشتنی یەکەمدا تیشکی خستەسەر ئەشکەنجەی ساڵانی حەفتا و هەشتاکان لە زیندانەکاندا و گوتی: "ئەوکاتە فشار و ئەشکەنجەی مەزن لە زیندانەکان هەبوون. لە دەرەوەش بەرخۆدانێکی مەزن هەبوو. دەتوانین بڵێین، گۆشەگیری ناوەوە بەرەو دەرەوە دەچێت. لە دەرەوەش تێکۆشانی ئازادی دەتوانێت گۆشەگیری بشکێنێت. پێویستە بە هەموو هێزمانەوە گۆشەگیری پووچەڵ بکەینەوە".

هەر لە کۆنفرانسەکەدا پارێزەر ڕۆشەن سەعیدئۆغلو بابەتێکی بە ناونیشانی "بڵاوبوونەوەی سیستەمی گۆشەگیری زیندانەکان لە جڤاکدا" پێشکەش کرد، ئاماژەی بەوە کرد دەخوازرێت مەودایەک لەنێوان زیندان و جڤاکدا دروست بکرێت، گۆشەگیری تەنها لە زیندان نییە، زیندان بۆتە ئامرازی گۆشەگیری، لەڕێگەی زیندانەکانەوە سیاسەتی داڕشتنەوەی جڤاک ئامادە دەکرێت، پاشان گوتی: "ئێمە لەگەڵ زیهنیەتی پیاوسالاری ڕووبەڕووین، ئێستە هەزاران ژن دادگایی دەکرێن. ژیانی ژنە دەخەنە ژێر گۆشەگیری و زیندانەوە".

سەرۆکی کۆنسەی ناوەندی یەکێتی پزیشکانی تورک، پرۆفیسۆر شەبنەم کۆرور فینجانجی بابەتێکی خستەڕوو بە ناونیشانی "پێشێلکردنی مافی تەندروستی ژنانی زیندانی سیاسی و تێکۆشانی ژنە زیندانیەکان"، ئاماژەی بەوە کرد ڕەوشی زیندانییەکان زۆر خراپە و پێداویستییە سەرەتاییەکان فەراهەم نەکراون، ژنە زیندانییەکان لەژێر ئەشکەنجەدان، ئەم هەڵسوکەوتەی سیستەم، دەبێتە مایەی گیان لەدەستدانی زیاتری زیندانییەکان.

چالاکوانی تەژەئا، چاگلار دەمیرەل، ئاماژەی بە بەرخۆدانی ژنانی کورد کرد، ڕایگەیاند نەوەک هەر بۆ ناسنامەی ژنان بەڵکو بۆ ناسنامەی نەتەوەییش تێدەکۆشن. ئاماژەی بە ڕۆڵی پێشەنگی ژنانی کورد کرد لە قۆناغە جیاوازەکاندا، بەتایبەت بەرخۆدانی ساکینە جانسز و گوڵتان کشاناک؛ پاشان گوتی: "بۆ لابردنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ٢٠١٢ بەشداری مانگرتن لە خواردن بووم. پاش ٦٨ ڕۆژ لە مانگرتن، پرۆسەی دانوستان دەستی پێ کرد. ئەمە دەسکەوتی سەرهەڵدانەکەمان بوو. ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گوتی "ئەگەر ژن لە دانوستانەکان نەبن، دانوستان ناکەم". هەڤاڵێکمان لە دانوستانەکان جێی گرت. بەمەش بۆ دەوڵەتی ڕوون کردەوە، تێکۆشانی ژنان چەند گرنگە".