کۆنگرەی ستار: بڕژێنە گۆڕەپانەکان لەپێناو شکاندنی گۆشەگیری

کۆنگرەی ستار گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزاردەکات، بانگەواز لە گەلانی ئازادیخواز و هەموو ژنانی جیهان دەکات بڕژێنە گۆڕەپانەکان لەپێناو ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

ئەمڕۆ، مەجلیسی کۆنگرەی ستار ڕاگەیاندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە، تێیدا گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزاردەکات، لە سەرەتادا دەڵێت: «لەسایەی بێدەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان، دەسەڵاتی تورکی بەردەوامە لە سیاسەتی نکۆڵی و گۆشەگیری، لەپێناو ڕێگری لە دیداری ڕێبەر لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەکەی. ئەم گۆشەگیرییە سەپێنراوەی سەر ڕێبەر و بیرمەند عەبدوڵا ئۆجالان، پێشێلکردنی هەموو پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکانە».

لە درێژەدا هاتووە: «دەوڵەتی تورک ساڵانێکە گۆشەگیری بەسەر ڕێبەردا سەپاندووە، ئێستەش شەش مانگی تر درێژی کردۆتەوە، بەمەش هەموو یاساکانی مافی مرۆڤ و پەیماننامە و عورفە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات پەیوەست بە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانیانی سیاسی و پاراستنی مافەکانیان، وەک مافی ڕادەربڕین لە نزیکترین کاتدا، مافی بەرگریکردن لە خۆیان و سودوەرگرتن لە پارێزەران، دەسکەوتنی زانیاری سەبارەت بە مافەکانیان، پەیوەندیکردن بە دەرەوەی زیندانەوە، سەردانی بنەماڵەکان و زانینی ئەو شوێنەی بۆی گوازراونەتەوە، مافی تەلەفۆنکردن، مافی نزیکبوون لە بنەماڵەکان، ئەوەش بەگوێرەی یاسا باوەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانیانی سیاسی و ڕێزگرتن لە مافەکانیان. ئەمەش لە کاتێکدایە، تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی ئیمزای کردووە لەسەر یاسای «مافی ئومێد» کە بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی ماف دەبەخشێتە زیندانییەکان».

هەروەها دەڵێت: «دەوڵەتی تورک ئەم ڕێککەوتن و پەیماننامانەی پشتگوێ خستووە، لەڕێگەی سیاسەتی گۆشەگیری سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، لەپێناو شکاندنی ئیرادەی گەلی کورد و گەلانی ئازادیخوازی ناوچەکە، بەڵام ئەم سیاسەتی نکۆڵییە دەرهەق بە گەلی کورد لە کەسێتی ڕێبەردا هیچ کارناکاتە سەر خۆڕاگری و پێداگرییەکان بۆ بەگوڕکردنەوەی تێکۆشان لەپێناو ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە هەمیشە کاری کردووە بە ئامانجی چەسپاندنی ئاشتی و دیموکراسی بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە، ئێستەش لە زیندانەکانی فاشیستی تورک بەرخۆدانێکی مێژووی پیشاندەدات».

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، «سیاسەتی نکۆڵیکردن دەرهەق بە ئیرادەی گەلی کورد لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆ و بێدەنگی نێودەوڵەتی بەرامبەر ئەم سیاسەتە دوژمنکارییە» شەرمەزار دەکات.

ڕاگەیاندراوەکە داوا دەکات «دەوڵەتی تورکی کۆتایی بهێنێت بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەر و بیرمەند عەبدوڵا ئۆجالان، دۆخی تەندروستی ئاشکرا بکات، ئازادیی جەستەیی پێ ببەخشێت».

ڕاگەیاندراوەکە بانگەواز دەکات: «هەموو دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێكخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمیتەی بەگژاچوونەوەی ئەشکەنجە CPT، دەستوردانی خێرا بکەن و بە ئەرکی خۆیان هەستن، لەپیناو کۆتایهێنان بەم گۆشەگیرییە نامرۆییەی دژی هەموو یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە. پێویستە هەموو گەلانی ئازادیخواز و ژنانی جیهان، بڕژێنە گۆڕەپانەکان لەپێناو ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری مرۆڤایەتی و ئاشتی».