کۆنگرەی ستار هەڤرین خەڵەف و دایکە عەقیدەی بیرهێنایەوە

کۆنگرەی ستار هەڤرین خەڵەف و دایکە عەقیدە و ئەو کەسانەی لە کۆمەڵکوژییەکەی دەوڵەتی تورک شەهیدبوون، بیرهێنایەوە.

لە ١٣ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، سوپای داگیرکەری تورک کۆمەڵکوژی دڕندانەی دژی کاروانی هاوڵاتیان ئەنجامدا، ئەوکاتەی دەچوونە سەرێکانی بۆ پشتگیری گەل دژی هێرشە داگیرکارییەکان. لە ئەنجامی ئەو هێرشە دڕندانەیە ١١ هاوڵاتی شەهیدبوون.

بەم بۆنەیەوە، مەجلیسی کۆنگرەی ستار، لە چوارەمین ساڵیادی شەهیدبوونیان، شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکە و شەهید هەڤرین خەڵەف و دایکە عەقیدەی بیرهێنایەوە.

مەجلیسەکە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، دەوڵەتی تورک هاوکات لەگەڵ پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بەردەوامە لە هێرشە دڕندانەکانی.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، دەستنیشان کراوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بە هەموو ڕێگە دڕندانەکان و چەکە قەدەغەکراوە، شەڕی قڕکردن و هێرشی بەربەرییانە دەکات.

هەروەها ئاماژە بەوە دەکرێت، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە زۆرەملێ دانیشتووانی سەرێکانی و گرێ‌سپی و عەفرین کۆچبەر دەکات و گۆڕینی دیمۆگرافی ئەنجام دەدات، هێرشەکانی بەرامبەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەئامانجگرتنی ژێرخان، تاوانی شەڕە، ئەم هێرشانە دەبێتە مایەی زیندووکردنەوەی داعش.

مەجلیسەکە تاوانەکانی دژ بە هەرێمەکە و تاوانی دڕندانەی دژی هەڤرین خەڵەف و بەئامانجگرتنی کاروانی هاوڵاتیانی شەرمەزار کرد. بانگەوازی لە ڕێکخراو و بزووتنەوەی ژنان و گەل کرد، دژی سیاسەتی قڕکردن، تێکۆشان مەزنتر بکەن.