کۆنگرەی ستار: زەلال ژیانی خۆی پێشکەشی ئازادی ژن کرد

مەجلیسی کۆنگرەی ستار بە ڕاگەیاندراوێک تیرۆرکردنی ژنە شۆڕشگێڕی کورد فریال سلێمان (زەلال زاگرۆس)ی لە کەرکوک شەرمەزار کرد و گوتی: "زەلال تا دوا هەناسەی ژیانی خۆی پێشکەشی ئازادی ژن کرد".

لە ١٨ ی کانوونی دووەم لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، پێشەنگ و شۆڕشگێڕ فریال سلێمان خالید تیرۆرکرا.

مەجلیسی کۆنگرەی ستار بە ڕایگەیاندراوێکی نوسراو دووپاتی کردەوە، تیرۆرکردنی ژنە پێشەنگ و شۆڕشگێڕەکان دەریدەخات کە زیهنیەتی فاشیست لە ژنی هۆشیار و بەهێز دەترسێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە: "دوێنێ پێشەنگ و تێکۆشەر ناگیهان ئاکارسەل (زیلان کۆنیا)، ئەمڕۆش پێشەنگ و تێکۆشەر فریال سلێمان خالد (زەلال زاگرۆس) تیرۆرکران.

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە: "بۆیە دەبێت هەر ژنێک خاوەندارێتی لە شۆڕشی ژنی کورد بکات. پێویستە هەموو ژنانی ئازادیخواز دژی زیهنیەتی بکوژی ژن ڕاپەڕن و دەنگ هەڵبڕن. چونکە هەڤاڵ زەلال لە تێکۆشانی ئازادی خۆیدا نەوەک هەر بۆ ژنی کورد بەڵکو بۆ هەموو ژنان تێکۆشا. بەتایبەت لە شۆڕشی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا ڕەنجێکی مەزنی دا. بایەخێکی مەزنی دەدا بە هۆشمەندیی ژنانی عەرەب و هەموو ژنانی خاکی میزۆپۆتامیا.

هەروەها لە باشوری کوردستان تێکۆشانێکی مەزنی ئەنجامدا. زەلال لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بۆ ئاشکراکردنی ڕاستی زیهنیەتی بکوژی ژنان تێکۆشا، بەم دواییانەش لە باشوری کوردستان بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەکانی دیکەی ژنان دەستی بە کاروخەبات کرد. زەلال هەردەم پارێزگاری لە بەهێزکردنی ڕێکخستن و یەکێتی ژنان دەکرد.

زەلال بێ دوودڵی درێژەی بە تێکۆشان دا، تا دوا هەناسە ژیانی خۆی پێشکەشی ئازادی ژنان کرد. بۆیە لەپێناو دەرخستنی ڕاستی ڕووداوەکە و دۆزینەوەی بکوژان، بانگەواز لە هەموو ژنان دەکەین ڕاپەڕن و خاوەنداری لە تێکۆشانی ئازادی بکەن. هەروەها دەڵێین پێویستە حکومەتی عێراق دەستوەردان بکات و بکوژان بدۆزرێنەوە. ئەگەر بکوژران نەدۆزرێنەوە، هەرچەند بکوژان دیارن، ئەمە بەو واتایە دێت کە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمیش هاوبەشن لە تیرۆرکردنی فریال سلێمان خالد (زەلال زاگرۆس)".