'کردەوەکانی تاڵیبان بەرامبەر بە ژنان، تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی'

لە راپۆرتێکی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی و ئەنجومەنی مافناسانی نێونەتەوەییدا ئاماژە بەوەکراوە کە کردەوەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان بەرامبەر ژنان و منداڵان تاوان لە دژی مرۆڤایەتین.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی و ئەنجومەنی مافناسانی نێونەتەوەیی کە رۆژی هەینی بڵاوکرایەوە کردەوەکانی تاڵیبان لە بەرامبەر ژنان و منداڵان لە ئەفغانساتن تاوانن لە دژی مرۆڤایەتی.

ئەو رێکخراوانە شرۆڤەی یاساییان بۆ دۆخی ئەفغانستان کرد و گەیشتنە ئەو ئەنجامەی: "تاڵیبان لە شەڕدایە دژی ژنان و ئەو ستەمە دەکرێت وەک تاوانێکی دژی مرۆڤایەتی دابندرێت".

هەردوو رێکخراوە مەدەنیەکە جگە لە سنووردارکردنی مافەکانی ژنان و منداڵان، لە راپۆرتەکەیاندا ئاماژەیان بە گرتن، بێسەروشوێنکردن، ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپی تاڵیبانیش کردووە.

بەگوێرەی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی دەبێت ئیتر مرۆڤ بکەوێتە هەوڵدان. لە راپۆرتەکەدا هەروەها داوا لە دادوەرانی دادگای تاوانە نێونەتەوەییەکان کراوە ئەم تاوانەش تێکەڵ بە لێپرسینەوەکان لەبارەی دۆخی ئەفغانستان بکەن.

لە راپۆرتەکەدا داوا لە دەوڵەتانیش کراوە کە لە دژی تاڵیبان رێکاری دادوەری جیهانی بگرنەبەر و داواکرا کە ئەندامە تاوانبارەکانی تاڵیبان دادگایی بکرێن.

هـ . ب