کوشتنی دڕندانەی ژنێک لە عەین عیسا توڕەیی جەماوەریی لێ دەکەوێتەوە

کوشتنی ژنێک بەشێوەیەکی دڕندانە لە شارۆچکەی عەین عیسا، توڕەییەکی جەماوەری فراوانی لێ کەوتەوە، بەتایبەت لەنێو ژنان، دووپاتیان کردەوە، ئەمە بەرهەمی کەڵەکەبوونی زیهنیەتی پیاوسالارییە.

بۆ شەرمەزارکردنی ئەم تاوانە، ژنانی شارۆچکەی عەین عیسا، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و بە ئامادەبوونی دەیان ژن، لەلایەن هەدلە حاجی موسلیم خوێنرایەوە.

لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکە ئەم تاوانە دژی هاوڵاتی «ئاڵا مستەفا تاهیر» شەرمەزار کرا، ڕوونی کردەوە، ئەم تاوانە درێژەدانە بە کەڵەکەبوونی زیهنیەتی پیاوسالاری کە بەردەوام دەیەوێت خۆی بەسەر کۆمەڵگە و ژناندا بسەپێنێت.

ژنان دووپاتیان کردەوە: «درێژە بە شۆڕشەکەیان دەدەن تا بەدیهاتنی گۆڕانکارییە چاوەڕاونکراوەکان لە چوارچێوەی شۆڕشی ژندا»، هەروەها داوایان کرد تاوانباران بدۆزرێنەوە و توندترین سزا بدرێن.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، ڕێکخراوی سارا بۆ بەگژاچوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە شارۆچکەی عەین عیسا و شاری قامیشلۆ، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە بۆ شەرمەزارکردنی تاوانی کوشتنی «ئاڵا موستەفا تاهیر» (٢٣ ساڵ).

جەختی لەوە کردەوە: «کاتی هاتووە تاوانی کوشتنی ژنان ڕابگیرێت، بەرپرسیارێتی جڤاکی بەرزبکرێتەوە بۆ سنووردارکردنی ئەم دیاردەیە؛ چونکە یەکانگیریی کۆمەڵایەتی دەشێوێنێت»، دووپاتی کردەوە: «ژنان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ڕیشەکێشکردنی ئەم دیاردەیە».

هەروەها ڕێکخراوی سارا داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد وردەکاریی تاوانەکە ئاشکرا بکەن، توندترین سزا بسەپێنرێت بەسەر تاوانباران بۆ لەناوبردنی توندوتیژی و جیاکارییەکانی دژی ژنان.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، ئێوارەی پێنجشەممەی ڕابردوو (١١ ی ئایار)، دانیشتووانی گەڕەکی باشور لە شارۆچکەی عەین عیسا، تەرمی ژنێکی بیست ساڵە و دایکی دوو مناڵیان دۆزییەوە کە لە ماڵەکەیدا کوژرا بوو، جەستەی شوێنەواری چەندین چەقۆی پێوە بوو، هاوکات تەرمەکەی بەشێوەیەکی دڕندانە شێوێنرا بوو، بەجۆرێک سەری لە لاشەی جیاکرابووییەوە.

هێشتا لێکۆڵینەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامە سەبارەت بە وردەکاریی تاوانەکە.

هـ . ب