کەژار: بە پێشەنگایەتی ژنانی ئێزدی پلانی تاریکپەرستان پوچەڵکرایەوە

کەژار وێڕای بیرهێنانەوەی یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی شەنگال، رایگەیاند، بە ئیرادەبوونی کۆمەڵگای ئێزدی، لەرێگەی پێشەنگایەتی ژنانەوە پلانی تاریکپەرستان و دەسەڵاتدارانی پوچەڵکردەوە.

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) لە نۆیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ی شەنگالدا رایگەیاند: لەم رۆژەدا یادی سەرجەم شەهیدان دەکەینەوە. تێکۆشان و بەرخودانی شەهیدان زۆر رێگەی دژواری ئاسان کردووەتەوە و بەردەوامی رێگەی شەهیدان سەرکەوتن مسۆگەر دەکات.

راشیگەیاندووە: لە فەرمانی ٧٤ەمینی سەر ئێزدییەکاندا، دوژمنی مرۆڤایەتی هەوڵیدا لەکەسایەتی شەنگالدا هەموو دەستکەوتەکانی مرۆڤایەتی داگیربکات. هێزێکی تاریکپەرستی داعش لە بنەڕەتدا نوێنەرایەتی ئەقڵیەتی پیاوسالاری  و دەسەڵتداری پیاو دەکات، کە مەعنەویەت پێشێل دەکات. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئێزدی بە دیلگیران، بەشێکی زۆریان فڕۆشران و تائێستاش چارەنوسی بەشێکیان دیار نییە. ئەوەش راستی ئەقڵیەتی پیاو سالار باش نیشان دەدات، کە لە هەر شوێنێک بێت، هێرش دەکاتە سەر دەستکەوتەکانی کۆمەگای و لایەنی مەعنەوی کۆمەڵگا.

'لە ٢٠١٤دا ژنانی کورد لەسەر بنەمای ئەندێشەیەکی دروست، تاریکی داعشیان تێکشاند'

کەژار راشیگەیاندووە: "هەرچەندە هێزە هەژموونخوازەکان ویستیان کە لە کەسایەتی داعشدا لەهەموو شوێنێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیان زاڵ بکەن، بەڵام تێکۆشانی ژنان لە کوردستان ئەو پلانەی پوچەڵ کردەوە. چەندین ساڵە لە کوردستان ژنان بوونە پێشەنگی کۆمەڵگا و لەهەموو بوارەکاندا خۆیان رێکخستووە. لە شەنگالیش بەمەهان شوە، ژنان لەسەر هزر و پاڕادایمی رێبەر ئاپۆ هێز و ئیرادەی خۆیان ناسی، لە بەشە کۆمەڵایەتی، سەربازی و سیاسیدا خۆیان رێکخست. هەر یەک لەوانە بوونە پێشەنگێکی کۆمەڵگا کە ترسیان خستە ناو دڵی داعشەوە. ژنانی ئێزدی نیشانیاندا کە ئازادی قوربانی دەوێت، بۆ شکستدانی داعشیش قوربانی زۆریان بەخشی".

'سیستمی مەلاکانی ئێران، داعش و تالیبان لە بنەڕەتەوە دژبەری ژنانن'

لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا کەژار وێڕای بە بیرهێنانەوەی تێپەڕبوونی ١١ مانگ بە سەر شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و چڕتر بوونەوەی گوشار و توندوتیژییەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران بەرامبەر بە ژنان و توندترکردنەوەی کۆت و بەندەکان لە سەر ژنان رایگەیاندووە: هەرچەندە دەسەڵاتدارانی ئێران هەموو رۆژێک لە رێگەی جیاجیاوە و بە دەرکردنی بڕیار و یاسا لەلایەن پەرلەمانەوە و قسە و فتوای جیاجیا لەلایەن مەلاکانەوە دژی ژنان ویستیان هەناسەیان ببرن، بەڵام ژنانی ئێرانی بەشێکی زۆر لە پێناسەکانی دەسەڵاتدارانیان تێکشکاند، بە دروشمی ژن ژیان ئازادی بوونە نمونە بۆ ژنانی جیهان. جارێکیتر دەرکەوت کە هێزی شۆڕشی ژن بە دەرکردنی یاسا ناتوانرێت بوەستێنرێت".

کەژار گەڕانەوەی تالیبان بۆ سەر دەسەڵات لە ئەفغانستانیشی بەبیرهێناوەتەوە، کە لەگەڵ گەڕانەوەی گوشارەکانی بۆ سەر ژنان چڕکردووەتەوە و هەموو رۆژێک بریاری نوێ لە دژی ژنان دەردەکات، بەڵام سەرەڕای ئەوانەش ژنانی ئەفغانستانی هەنگاو بۆ دواوە نانێن و گوریان بە تێکۆشانیان داوە.

هەر لە درێژەدا رایگەیاندووە: "ژنان باش لە ئازاری یەکتر تێدەگەن و هێز لە یەکترەوە وەردەگرن و جوگرافیا و کولتوری جیاواز رێگر نییە لە بەردەم تێکۆشان و یەکگرتنی ژنان. ژنان لە ئەفغانستاندا بن، یاخود ئێران و یان شەنگال، هێز لەیەکتر وەردەگرن و تێکۆشانیان بەرفراوان دەکەن".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی کەژاردا هاتووە، "جارێکی دیکە هەموو شەهیدانی رێگەی ئازادی بە بیر دەهێنینەوە، رایدەگەیەنین کە تائێستاش ئەقڵیەتی پیاوسالا و باڵادەستی پیاو بە هەموو شێوازێک لەسەر کۆمەڵگای ئێزدی و ئەفغانستان و ئێران بەردەوامە، بۆ تێکشکاندنی ئەو ئەقڵیەتە و کۆتاییهێنان بە جینۆسایدی ژنان پێویستە خەبات و تێکۆشانی بێ وچان ئەنجام بدرێت".

هەر لەو چوارچێوەدا کەژار پشتیوانی خۆی بۆ کەمپینی کەژەکە دەربڕیوە و رایگەیاندووە: "لە ماوەی رابردوودا کەژەکە بە دروشمی "لەبەرامبەر هێرشەکانی پیاوانی هەژمونخواز، ئێمە لەگەڵ ژنانی ئەفغانستان و شەنگالداین" زۆر واتادار و لەجێدایە. لە بنەمای ئەو کەمپینەدا ئێش و ئامانج و تێکۆشانی هاوبەش هەیە. لە سەر ئەو بنەمایە وەک کەژار هەم ئەو کەمپینە بە گرنگ دادەنێین و هەمیش هەوڵ دەدەین کە خەباتی خۆمان بەو ئاراستەیەدا بەرفراوان بکەین، هەروەها ژن و کۆمەڵگای ئازادیخواز، دەیانەوێت پشتویانی لەو کەمپینە بکەن. بێگومان بە یەکگرتنی ژنان سیستمی دەسەڵاتداری پیاو لەناو دەچێت".

هـ . ب