کەژار هێرشی بە کرێگیراوانی رژێمی ئێران بۆ سەر ژنان ئیدانە دەکات

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) هێرشی بە کرێگیراوان و دەستدرێژیکاران و هێزە ئەمنییەکانی ئێرانی بۆ سەر ژنان ئیدانە کرد.

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) لەبارەی هێرش و دەستدرێژیی بە کرێگیراوان و مۆرەکانی سەر بە رژێمی ئێران بۆ سەر ژنان، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیاندراوەکەى کەژارت

بۆ ڕای گشتی

وەکوو کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵات کوردستان - کەژار هێرش بردنە سەر بنەماڵەی چالاکوانانی مەدەنی و پارێزوانانی مافی ژنان لە لایەن مۆرەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بە تووندی شەرمەزار و مەحکووم دەکەین .

جاریکی دیکە عەقڵییەتی دژە ژنی ڕژێمی ئێران ڕووی ڕاستەقینەی خۆی دەرخست و ئەم جارە بۆ زیاتر چاوترسێن کردنی ژنان و چەوساندنەوەی ژنان و بۆ ئەوەی زیاتر بیانخزێنێتە سووچی ماڵەکان، بە دروست کردنی گرووپی چەتە و بڵاوە پێ کردنیان لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئامانجی دەستدرێژی و سووکایەتی بە ژنان دەیهەوێت بگاتە ئامانجە گڵاوەکانی خۆی .

رژێمی ئێران بەو سیاسەتانەی کە پێشتر بۆ لاواز کردنی کۆمەڵگا و بەتایبەت ژنان کە پیادەی دەکرد ڕانەوەستاوە و ئەم جارە ڕێبازی جیاوازی گرتووەتە بەر بۆ هێرش کردنە سەر دینامیک و سەر چاوەی ژیان کە ژنانن. ئەم سیاسەتانە تەنیا لە ناو شارەکان یان خود دەرەوەی شارەکان نییە بەڵکوو ناوەندەکانی خوێندنیشی کردۆتە ئامانج و هەر لەم ڕۆژانەی دوایی دا شاهیدی ئەوە بووین کە هەر لە یەکەم ڕۆژی کردنەوەی قوتابخانەکان لە لایەن پەروەرەدەکارانەوە واتە مامۆستایانەوە کە دەستپەروەردەی هەمان عەقڵیەتی  پاوانخواز و تەجاوز کاری خودی دەوڵەتی ئێرانن دەستدرێژی دەکرێتە سەر مناڵان و ئازاری جنسی دەدرێن. لە بەر ئەوەی دەزانن کە ئەم مناڵانە داهاتووی ئەو کۆمەڵگایەن و دەیانەوێت بەم شێوازانە هەر لە سەرەتاوە لە بواری دەروونییەوە بیان ڕووخێنن و دواجار کۆمەڵگایەکی ڕووخاومان هەبێت. بەتایبەت وەک ڕوون و ئاشکرایە ئەم هێرشانە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا زیاتر و بەرچاوترە کە بەداخەوە لە بەر ئەو داب و نەریتە باو و حاکمەی لە سەر کۆمەڵگا کە ژن وەکوو نامووس و مۆڵکی خۆیان دەبینن بووەتە هۆکاری ئەوەی کە ژنان نەتوانن هیچ باسێک لەو توندوتیژی و دەستدرێژییانەی کە لە لایەن ئەو باندە مافیایانەی دەوڵەت بەرامبەریان کراوە نەکەن و ئەو ئازارە لە ناویاندا پەنگ بخواتەوە و کاریگەری لە سەر دەروونیان بکات و دوا جار پەنا بەرنە بەر خۆکوشتن .

 وەک ئاماژەمان پێدا ڕژێمی ئێران هەر لە ڕێگای ئەو باندانەوە دەیهەویت پەرە بدات بە کوشتن و خۆکوشتنی ژنان و بێ دەنگ کردنیان، کە لە ئێستادا ئەو سیاسەتە چەپەڵەی لە شاری سەردەشت و دەورووبەری پیادە دەکات کە ئەکەوێتە چوارچێوەی شەڕی تایبەت، لێرەدا جێگای خۆشحاڵییە بە هۆی ئاستی بەرزی وشیاری گەل و بەتایبەت ژنان ڕژیم نەیتوانی و ناتوانێت بگات بە ئامانج و وەک دیتمان لە لایەن چالاکوانانی ژنەوە ناوی ئەو کەسانەی کە لە ناو ئەو باندە مافیا و تەجاوزکارانەدا بوون ئاشکرا کراوە، کە ئەمەش بووتە هۆکاری توڕە بوونی دەسەڵات و خۆی پێڕانەگیرا و بەداخەوە بە شێوازێکی دڕندانە هێرشیان کردوەتە سەر بنەماڵەی ئەو چالاکوانانە کە لە بەرامبەری ئەو هێرشەدا گەل بێدەنگ نەبووە و کاردانەوەی زۆر بەهێزیان هەبوو و ڕژانە سەر شەقامەکان و دەنگی ناڕەزایەتیان هەم لە بەرامبەری هەبوونی ئەو باندانە و هەمیش هێرش کردنە سەر بنەماڵەی ئاشکرا کەرانی گرووپە تەجاوزکارەکان بەرز کردەوە کە دیسان بەداخەوە شاهیدی ئەوە بووین کە لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگریان لێ کرا و بە بەهانەی تێکدانی ئەمنییەتی شار بڵاوەیان پێ کرا. لێرەدا ئەو پرسیارە لە دەسەڵاتی ئێران دەکەین کە ئایا باندی تەجاوزکار ئەمنییەت و ژیانی خەلک تێک دەدات یان ئەو کەسانەی کە داکۆکی لە مافی گەل و ژیانی خۆیان دەکەن .

ڕاستە دەسەڵاتی تەجاوزکاری ئێران هێرش دەکاتە سەر ژنان، بەڵام پێویستە ئەوەمان لە بیر نەچێت کە لە کەسایەتی ژندا هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵگا و ناڕاستەوخۆ کۆمەڵگا بە ئامانج دەگرێت، لێرە دا پێویستە کۆمەڵگا زیاتر وشیار بێت لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا، لە بەر ئەوەی تەنیا کۆمەڵگایە دەتوانێت خاوەنداری لە نرخ و بەهاکانی خۆی بکات و کۆتایی بە دەسەڵاتی سەرکوتکاری ڕژێمی ئێران بهێنێت. هاوکات ئێمە وەکوو کەژار  بە هەموو شێوازێک بۆ پاراستنی نرخەکانی کۆمەڵگا لە پشت داخوازییە ڕەواکانی گەلەکەمانین و لەو چوارچێوەیەدا بۆ بە سزا گەیاندنی تەجاوزکاران ئاستی تێکۆشانی خۆمان هەتا دوایی بڵیند دەکەین .

ژ.ت